حکوومەتی ڕەوادی
#کەیوان ئازاد ئەنوەر#
(ڕەوادی) تیرەیەکی سەر بە هۆزی (هەزبانی) کوردی بوون لە هەرێمی ئازەربایجان و لە سەدەکانی ناوەڕاستدا. وەک ناوێکیش بۆ حکوومەتەکە لەناوی (موحەممەدی ڕەوادی) سەرۆکی ئەم تیرە و دامەزرێنەری ئەم حکوومەتەوە وەرگیرا. ئەوەش دیاردەیەکی ئاسایی بووە، کە ناوی دەسەڵاتێک بەناوی هۆزێکەوە ناو بنرێت، چونکە لە مێژوودا بەشێکی زۆری دەسەڵاتەکان بەناوی هۆز و تیرە و بنەماڵە و مەڵبەندەکانەوە ناو نراون. هەرێمی ئازەربایجانیش، کە ئەم دەسەڵاتەی تێدا دامەزرا، کەوتبووە خۆرئاوای دەریای خەزەر و وڵاتی دەیلەم و خۆرهەڵاتی هەرێمی چیا و باکووری هەرێمەکانی ئەرمەنستان و ڕان. لە گرنگترین مەڵبەندەکانیشی (تەورێز، مەراغە، ئەردەبیل، میانج، ئورمییە، خۆی، سەلماس، سەراو، مەرەند، باجروان، سیسر) بوون. پایتەختی حکوومەتەکەش شاری (تەورێز) بوو.
ئەم دەسەڵاتە وەک یەکەم خۆڕێبەریی کوردی لەم قۆناغە مێژووییەدا، کەوتە نێو ناوان. هۆکاری دەرکەوتنیشی بەهۆی لاوازیی دەسەڵاتی خەلافەتی عەباسی و تێکچونی باری ئابووری و بەڕێوەبردنی دەوڵەتی خەلافەتەوە بوو، لەپاڵ دووریی هەرێمەکە لە پایتەختی دەوڵەتی خەلافەت، کە شاری (بەغدا) بوو.
دامەزرێنەری ئەم حکوومەتەش (موحەممەدی کوڕی حوسێنی ڕەواد) و یەکەمین فەرمانڕەوای بوو. ئه و لە ساڵی (893ز) دەسەڵاتێکی خۆجێیەتیی لە شاری (تەورێز)و دەوروبەری دامەزراند و تا ساڵی (1070ز) بەهۆی (شەش) ئەندامی بنەماڵەکەیەوە فەرمانڕەوایەتیی بەشێکی گرنگی هەرێمی ئازەربایجانیان کرد. له و ماوەیەشدا سەرباری ئەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ خەلافەتی عەباسی ئاسایی کردەوە، لەبەرامبەر دانپێدانی خەلیفەکانی عەباسی بۆ میرەکانی ئەم حکوومەتە، کەچی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکوومەتەکانی (سالاری) لە بەری خۆرهەڵاتی ئازەربایجان و (هەزبانی) لە ناوچەی هەولێر و (شەدادی) لە ناوچەی ئاران لەوپەڕی گرژی و ململانێی توندا بوو. واتە لەبری ئەوەی میرنشینە کوردییەکان لەم قۆناغەدا یەکڕیز و و تەبا بن، تا ڕووبەڕووە دوژمنەکانیان بوەستن، کەچی نەیار و پەرتەوازە بوون. ئەوەش وای کرد هاتنی (غەزەکان) وەک هۆزێکی گەورەی تورکی ناوەڕاستی ئاسیا، کە لەسەدەی دوازدەیەمی زایینی دەرکەوتن و پەلاماری سنووری خەلافەتی عەباسییاندا، پەلاماری شاری (مەراغە) بدەن و سەرەڕای ئەوەی شارەکەیان داگیر کرد، مزگەوتی گەورەی شارەکەشیان سووتاند و ژمارەیەکی زۆریشیان لە کوردی ڕەوادی و هەزبانی کوشت و مەترسییان بۆ حکوومەتەکە دروست کرد، تا ئەوەی دواجار بەهۆی شاڵاو و سیاسەتی ئەم هێزەوە ڕووخا.
له و ماوەیەشدا ئەم حکوومەتە ڕۆڵی لە چەندین بواری تردا بینی و کاریگەریی لەسەر سەردەمەکەی دروست کرد. جارێک لە ڕووی سیستەمی سیاسی و کارگێڕییەوە دەسەڵات لەسەر بنەمای پشتاوپشت و لە باوکەوە بۆ کوڕ بوو. لەکاتێکیشدا ئەگەر فەرمانڕەوای ڕەوادی خاوەنی کوڕ نەبوایە بۆ برا دەگوێزرایەوە. ناسناوی (ئەمیر)یش ناسناوی فەرمانڕەواکانی ڕەوادی بوو، کە لەڕاستیدا ناسناوێکی سیاسی و کارگێڕی و سەربازیش بوو. پایەی وەزیریش گەرچی لەلایەن سەرچاوەکانەوە ئاماژەی پێ نەکراوە، بەڵام پێناچێت ئه و پایەیە نەبووبێت، چونکە ئەگەر دەسەڵاتداران و خاوەن موڵکەکانی سەر به و حکوومەتە نامە و نووسراوە ڕەسمییەکانیان بە (زێڕ) مۆر کردبێت و بایەخیان بە پۆستە و گەیاندن دابێت، تا کاروباری ڕۆژانەیانی پێ ڕایی بکەن، نابێت خاوەن کەسایەتییەک بە ناو و پلەی وەزیر یان لانی کەم ڕاوێژکاری نەبووبێت.
لە ڕووی هێزی سەربازیشەوە ئاماژە بەوە کراوە، کە کاتێک (ئەبولهیجای ڕەوادی) لە ساڵی (987ز) پەلاماری (ئەبی دەلف)ی فەرمانڕەوای (کوڵتن)ی داوە کە، خاوەنی (سەد هەزار) سەرباز بوو، بەسەریدا سەرکەوت. ئەوەش ڕادەی دەسەڵاتی ئه و فەرمانڕەوایە و بایەخی بەهێزی سەربازیی دەرخست.
لە بواری ئابووریشدا کشوکاڵ بنەمایەکی ئابووریی گرنگی بوو، کە ڕۆڵی خۆی لە بەهێزبوونی پێگەی ئابووریی حکوومەتەکەدا هەبوو، چونکە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەم حکوومەتە لە ڕووی بەروبومی کشتوکاڵی و دانەوێڵە و میوەوە دەوڵەمەند بوو. بەتایبەت شارەکانی (تەورێز، ئەردەبیل، مەراغە) لە شارە دەوڵەمەندەکانی حکوومەتەکە بوون. هەروەها ئه و شارانە لە ڕستن و چنین و نموونەی جوانی پۆشاکدا ناسرابوون. هەریەک لە شارەکانی (ورمێ، سەڵماس، خۆی)ش بنەمای ئابووریی باشیان بۆ حکوومەتەکە هەبوو. بازرگانیی نێوان شارەکانی حکوومەتەکە و پەیوەندیی بازرگانیی (تەورێز و ورمێ) لەگەڵ دەرەوەی هەرێم و حکوومەتەکە زیاتر قورسایی یان بە بنەمای ئابووری بەخشیبوو. (سامانی ئاژەڵ و هەنگوین و گوێز) لە شاری ورمێ و ناردنی بۆ شارەکانی (موسڵ و جزیرە) ناوبانگی ئەم دەسەڵاتە بە دەرەوەی ناساندبوو.
لە بواری ئاوەدانکردنەوەشدا ڕۆڵی خۆی هەبوو، بەوەی شارەکانی هەرێمی ئازەربایجان بە قەڵا و شوورای بەهێز قایم کرابوون، تا لەبەردەم شاڵاوی داگیرکەراندا خۆڕاگر بێت، بەتایبەت لەبەردەم شاڵاوی بیزەنتییەکان و تورکە خەزەر و ڕووس و کەرەجەکاندا. لەم بوارەشدا شارەکانی (سەڵماس و مەراغە) بە قەڵا سەختەکانیان و شاری (ورمێ)ش بە (قەڵای تەڵا) واتە (قەڵای ئاڵتوونی) بەناوبانگ بوو. شارەکانی (سەڵماس، مەراغە، ئەردەبیل)یش بە شوورای بەهێز و بەرز دەورە درابوون. ئەمانە و سەرەڕای چەندین مزگەوتی گەورە له و شارانە و بەتایبەت شاری (تەورێز)ی پایتەخت، ئاوەدانییەکی باشیان بە و حکوومەتە بەخشیبوو. سەرەڕای دروستکردنی چەندین خوێندنگا، کە سەرجەم ئه و کارانە ئاوەدانی و خزمەتگوزارییانە بە هەوڵی فەرمانڕەوایانی ڕەوادی و دانیشتوانی حکوومەتەکە بەئەنجام گەیشتن.
لەلایەکی ترەوە وتاری هەینی، کە ئەرکێکی ئایینی و نەریتێکی باوی سەردەمەکە بوو، لەلایەن فەرمانڕەواکانەوە بایەخی تایبەتی پێ درا. لە وتاری هەینیشدا ناوی فەرمانڕەوایانی ڕەوادی لەدوای ناوی خەلیفەی عەباسییەکان دەخوێنرایەوە. کاتێکیش (تۆغرۆل بەگی سەلجوقی) لە ساڵی (1054ز) شاری (تەورێز)ی داگیر کرد و سەرەتا حکوومەتەکەی بەفەرمی ناسی، لە وتارەکانی ڕۆژانی هەینیدا دوای ناوی ئه و سوڵتانەی سەلجوقی، ناوی میرەکانی ڕەوادی خوێنرایەوە. ئه و نەریتەش مایەوە، تا ئه و کاتەی دەسەڵات لەدەست بنەماڵەی ڕەوادیدا مایەوە.[1]
$سەرچاوەکان$
ابی الحسن عزالدین أبن الاثیر: الکامل فی التاریخ.
محمد أمین زکی بک: تاریخ الدول و الامارات الکردیة فی العهد الاسلامی.