شارستانییەتیی دەوڵەتی ماد
#کەیوان ئازاد ئەنوەر#
مادەکان بە یەکێک له و کۆمەڵ و پێکهاتانەی قۆناغی مێژووی کۆن دادەنرێن، کە لە دەوڵەتەکەی خۆیاندا چەندین بنەمای نوێی شارستانییەتیان چەسپاند، کە بۆ ساڵانێکی دواتر کاریگەریی خۆیان نەک هەر لەسەر خاکی کوردستان و دانیشتوانەکەی بەجێ هێشت، بەڵکو بوونە چەندین بنەمای بەهێزی هەریەک لە دەوڵەتانی هەخامەنشینی و ئەشکانی و ساسانی. دیارترین ئه و بنەما شارستانییەتیانەی لە هەناوی دەوڵەتی مادەوە سەری هەڵدا و دواتر بووە بنەمایەکی گرنگ، ئایینی فەڕمی دەوڵەتەکە (ئایینی زەردشتی) بوو. تەنانەت پەیامبەری ئایینەکە (زەردەشت کوڕی پورشاسپ)، کە لەنێوان ساڵانی (660-583پ.ز) ژیا، هاوسەردەمی بەشێَکی تەمەنی دەوڵەتەکە بوو. بە دەرکەوتنی ئه و ئایینەش، دەوڵەت و کۆمەڵگای مادی لە چەندین ئایین و بیروباوەڕی جیاواز دەرباز کرد و یەکیەتییەکی ڕۆحی و ئایینیی بۆ دروست کردن. هۆکارەکەشی ئەوە بوو، کە بەر لە دەرکەوتنی ئه و پەیامبەر و ئایینە، چەندین ئایین و بیروباوەڕی ناوچەیی، کۆمەڵگای مادیان بۆ چەندین پێکهاتەی ئایینی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی جیاواز دابەش کردبوو. لەوانەش دیاردەی سروشتپەرستی و بتپەرستی و بڵاوبوونەوەی ئایینی میترایی لە ناوچە جیاجیاکانی دەوڵەتەکەدا. ئه و دابەشکردنەش لە نیوەی یەکەمی تەمەنی دەوڵەتەکەدا چەندین کێشەی ئایینی و کۆمەڵایەتی و سیاسیی بۆ دروست کردبوون، کە وەخت بوو بەره و لەناوچوونی ببات، بەڵام بە دەرکەوتنی ئایینی زەردەشتی سەرەتایەک بۆ یەکخستنی یەکیەتییەکی ڕۆحی سەری هەڵدا، کە دەوڵەتی مادی لە دەسەڵاتێکی هەرێمییەوە گەیاندە سنوورێکی بەرفراوان و ئیمپراتۆڕییەتێکی مەزن. هەر ئەوەش وای لە مێژوونووسی یۆنانی (هیرۆدۆت)و دواتر خۆرهەڵاتناسی ڕووسی (دیاکۆنۆف) کرد بە (ئیمپراتۆڕێتی ماد یان میدیا) پێناسەی بکەن. ئه و ڕووداوانەش دوای ئەوە هاتن، کە مادەکان لە سەردەمی (کەی ئەخسار)و بە پشتیوانی ئایینی زەردەشتی سنووری دەوڵەتەکەیان بگەیەننە ڕۆخی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە خۆرئاوا و کەنداو لە باشوور. هەر ئه و یەکیەتییە ڕۆحییەش، خاکی ئێران و بە بەشێکی کوردستانی لە دوای ڕووخانی دەوڵەتی ماد، کردە چەندین قەوارەی سیاسیی گەورەی وەک لە دەوڵەتانی (هەخامەنشینی/550-331پ.ز)و (ئەشکانی/250پ.ز-224ز) و (ساسانی/224-651ز)دا.
لایەنێکی دیکەی شارستانییەتی مادەکان سەربەخۆیی زمان بوو، کە زمانی پەهلەویی کۆنی ئێرانی و ناسراو بە زمانی ئۆرارتۆ بوو. ئه و زمانەی ئاڤێستای کتێبی پیرۆزی ئایینی زەردەشتیی پێ نووسرایەوە، بەڵام نووسینی مادەکان بسماری بوو، لەپاڵ بەکارهێنانی نووسینی هیرۆگلیفی میسری کۆن لە چەند دەوڵەتەکەدا.
پۆشاک و جلوبەرگی مادەکانیش شەڕواڵێکی درێژ بوو لە سەرەوە تا خوارەوە و لە شێوەی (ڕۆب). ناو قەدیش بە قایشێک بەسترابوو، کە تووندوتۆڵییەکیان بە جلوبەرگەکانیان دەدا. ئه و قایشەش دواتر بووە پارچە قوماشێک، کە لە قۆناغی دواتردا ناوی پشتێنی لێ نرا، چونکە لە پشت دەبەسترا. پێڵاوەکانیشیان لە شێوەی پۆستاڵی ئیمڕۆدا وابوو، چونکە دەبوا تایبەت بێ بە هەڵکەوتەی سروشتی شاخاویی دەوڵەتەکە.
کەرەسە و پێکهاتەی جەنگیەکانیشیان لە (خەنجەر و شمشێر و ڕم و تیروکەوان و عەرەبانەی ئەسپی) پێکهاتبوو. ئەمه و (ئەسپ و ئێستر و مایەن و گوێدرێژ)یان بەخێو دەکرد، تا لەلایەک بۆ گواستنەی شمەک وو پێداویستییە جەنگییەکان بەکاری بهێننن، لەلایەکی دیکەوە بۆ کاری بازرگانی و گواستنەوەی کاڵا بازرگانییەکان لە ناوخۆی دەوڵەتەکە و لەگەڵ دەرەوەشی بەکاری بهێنن.
لە بواری ئابوورییشدا کشتوکاڵ بەهێزترین بنەما ئابووریی مادەکان بوو. لەم بوارەشدا هەرێمی ماننای مادەکان باشترین هەرێمی دەوڵەتەکە بوو لە چاندنی گەنم، جگە لە بەرهەمهێنانی چەندین بەرهەمی کشتوکاڵی تری وەک (برنج، نیسک، نۆک، توتن)و میوەکانی وەک (سێو، قەیسی، قۆخ، هەنجیر، ترێ، شوتی، کاڵەک)، تا دەگاتە چەندین جۆر سەوزە. لەپاڵ ئه و لایەنە گرنگە ئابوورییەدا سامانی ئاژەڵ و بەخێوکردنی مەڕوماڵات و ڕەشە وڵاخ، بنەمایەکی ئابووریی باشی بە مادەکان بەخشیبوو. بارزگانی و کاری پیشەوەریش کاری سەدان خەڵکی پیشەوەر و کاسبکاری دەوڵەتەکە بوو. دەوڵەتیش بۆ ڕێکخستنی ئه و بنەما ئابوورییانە سیستەمی باجی لەسەر سەرجەم کاڵا کشتوکاڵی و ئاژەڵداری و بازرگانییەکان دانابوو. بۆ بابەتی ئاڵوگۆڕی شمەک و کاڵاکان لەلایەن مادەکانەوە و لە سەردەمی سێیەمین پادشای (کەی ئەخسار) سکەی پارە لێ درا، بەڵام پێشتر سکەی پارەی ئاشووری لەپاڵ سیستەمی ئاڵوگۆڕی کاڵا لەبری پارە بەکار دەهات. سکەی پارەکانیش لە زیو و مس بوون.
هونەریش تا ڕادەیەکی باش لە سەردەمی مادەکان پێشکەوتنی بەخۆوە بینیبوو، پاشماوەی گۆڕستان و ئەشکەوتەکانی (قزقەپان و کوڕوکچ و موکریان) کە بڕوا وایە بۆ بەرپرسانی ماد بگەڕێتەوە، لایەنی هونەری بیناسازی و ئایینیی مادەکان نیشان دەدات. تەنانەت شوورا قایمەکانی دەوری شارەکانیان و قەڵا بەرزەکانیان (دوو) دیاردەی شارستانییەتی مادەکان بوون لە مێژوودا.[1]
$سەرچاوەکان$
1- دیاکۆنۆف: میدیا.
2- حسن پیرنیا و عباس اقبال اشتیانی: تاریخ ایران باستان.
3- د. جمال احمد ڕشید و د. فوزی ڕشید: تاریخ الکرد القدیم.
4- د. کەیوان ئازاد ئەنوەر: چەردەیەک لە مێژووی کورد