حکوومەتی فەزڵەوی
#کەیوان ئازاد ئەنوەر#
زاراوەی (فەزڵەوی) کە ناوی ئەم حکوومەتەی لێ وەرگیراوە، لە ناوی (ئەبالحەسەنی فەزڵەوی) دامەزرێنەری حکوومەتەکەوە هاتووە. ئه و لە ناوەڕاستی سەدەی نۆیەمی زاینی وەک کەسایەتییەک و سەرۆکێکی دیاری ئه و دەسەڵاتە ناوی چووە تۆمارەکانی مێژووەوە. پێگەی ئەم حکوومەتەکەش باشووری (هەرێمی لۆڕستان) بوو کە لە چەندین شار و مەڵبەندی بازرگانی پێک هاتبوون. وەک شارەکانی (لۆڕ، ئیرەج، عەروج، لۆردکان). شاری (لۆڕ)یش مەڵبەندی ئەم دەسەڵاتە بوو. هەرێمەکە بە هەردوو ناوچەکەیەوە هەرێمێکی ئاوەدان و دڵگیر و بەپیت بوو لە ڕووی ئابوورییەوە. سەرباری ئەوەی هەڵکەوتەیەکی جوگرافی و پێگەیەکی ستراتیجیی باشی هەبوو. دانیشتووانەکەشی کوردە لۆڕەکان بوون کە بەشێک بوون لە ڕەگەزی کورد، بۆیە هەرێمەکە وەک بەشێکی کوردستان و شارەکانیشی وەک چەندین مەڵبەندی کوردنشین ناسرابوون.
سنووری دەسەڵاتی ئەم حکوومەتەش بە بەهێزی و لاوازیی دەسەڵاتدارانی حکوومەتەکە و بارودۆخی سەردەمەکە وەستابوو، بۆیە دیاریکردنی سنوورێکی ڕاستەقینە بە درێژایی سەردەمی فەرمانڕەوایەتی کارێکی ئاسان و ورد نییە، بەڵام ئەوەی ساغ کراوەتەوە لە بەری باشووری ڕووباری کاروونی سەروو، سنووری دەسەڵاتی لۆڕی گەورە بووە و له و ناوچەیە شار و گوند و قەڵاکانی دەسەڵاتیان بەڕێوە بردووە.
ئەگەر بەوردی بارودۆخی ئه و سەردەمی هەرێمی لۆڕستان و دەوڵەتی خەلافەتی عەباسی بخوێنینەوە، دەگەینە ئەوەی کە ئەم حکوومەتە لە بارودۆخێکی تایبەتدا سەری هەڵدا. هۆکارێکی گرنگی دەرکەوتنیشی لاوازی خەلیفەی عەباسی (موستەزهیر بیللا) بوو کە وەک خەلیفەیەکی بێدەسەڵات و لاواز ناسرابوو، بە ڕادەیەک ئه و خەلیفەیە و خەلیفەکانی دواتری کەوتبوونە نێو ململانێ ئەندامانی بنەماڵەی سەلجووقی. لەنێو ئه و بارودۆخەشدا 400 خێزانی کورد لە کوردەکانی (چیای سەماقی شام) لە ساڵی 1106 کۆچیان بۆ هەرێمی لۆڕستان کرد و پەیوەندییان بە (ئەبو لحەسەنی فەزڵەوی)ەوە کرد. ئەوەش هێز و توانایەکی نوێی بە (ئەبولحەسەن و ئەبو تاهیری کوڕی) بەخشی تا له و بارودۆخەدا دەسەڵاتەکەیان بەهێزتر بکەن.
بەدرێژای سەردەمی دەسەڵاتی فەرمانڕەوایانی ئەم حکوومەتە، چەندین پەیوەندیی دیپلۆماسی گرێ دران کە هەندێکیان باش و هەندێکی تریان زۆر خراپ بوون. وەک ئەوەی پەیوەندیی نێوان ئەم حکوومەتە و دەوڵەتی خەلافەتی عەباسی و هەروەها لەگەڵ حکوومەتی خورشیدی کە هەردوو پەیوەندییەکان لەنێوان هەوراز و نشێویدا بوون. کاتێکیش خوارزمییەکان لە ساڵی 1195 پەلاماری لۆڕستانی دا، (هەزار ئەسپ) ملکەچیی بۆ ڕاگەیاند تا دەسەڵاتەکەی لەدەست نەچێت! تەنانەت کچەکەی خۆیشی بە (غیاسەدینی خوارزمی) دا. بەهۆی ئه و پەیوەندییەشەوە هەردوو سوپای خوارزمی و فەزڵەوی لەژێر سەرکردایەتیی (سوڵتان غەیاسەدین)دا شاڵاوێکی مەغۆلەکانیان لە ساڵی 1222 تێکشکاند. بە ڕووخانی دەسەڵاتی خوارزمییەکانیش لە ساڵی 1231 لەلایەن مەغۆلەکانەوە، کۆتا به و پەیوەندییانە هات. ئەوەش کاتێک مەغۆلەکان لە ساڵی 1253 پەلاماری هەرێمی لۆڕستانی دا و (تەکلەی کوڕی هەزار ئەسپ) پێشوازیی لێ کردن، ملکەچی بۆ (هۆلاکۆخانی مەغۆل) ڕاگەیاند. به و ڕووداوەش (تەکلە) لە دەسەڵات مایەوە، بەڵام کاتێک (هۆلاکۆ) دوایەمین خەلیفەی عەباسییەکان (موستەعسم بیللا)ی لە ساڵی 1258 کوشت، (تەکلە) ناڕەزایی دەربڕی و ڕەخنەی لە (هۆلاکۆ) گرت. ئەوەش وای کرد لەلایەن مەغۆلەکانەوە دەستگیر بکرێت و شاڵاوێکی کاولکاریی گەورەش بۆ هەرێمی لۆڕستان دەست پێ بکەن. دواتر ئەم پەیوەندییانە ئاسایی بوونەوە کاتێک مەغۆلەکان بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە (شەمسەدینی کوڕی ئالب ئارگۆن)یان بە فەرمانڕەوای هەرێمەکە ناسی.
ئه و کاتەی لە ساڵی 1393 دەوڵەتی موزەفەرییە لەلایەن (موزەفەرەدین)ەوە لە ئێران دامەزرا، شاڵاوێکی فراوانخوازی بۆ هەرێمی لۆڕستان دەست پێ کرد و (نوور ئەلوەردی کوڕی موزەفەردین)ی فەرمانڕەوای فەزڵەویی کوشت، بەڵام بەهۆی ئەوەی (پەشنەگی کوڕی یوسف شا) ملکەچی بۆ (موباڕەزەدینی موزەفەری) ڕاگەیاند، حکوومەتەکە وەک خۆی مایەوە، تا ئەوکاتەی لەلایەن بنەماڵەی تەیموورییەوە کۆتایی بە دەسەڵاتی هات.
لە سیما دیارەکانی ئەم حکوومەتەش ناسرانی ناوچەکانیان بوو بە بەردی گرانبەها و بەرهەمهێنانی کاشی و فەرش چنین. مەڕیش سامانێکی گەورەی حکوومەتەکە بوو. لە ڕووی فیکریشەوە هەرێمەکە بووە مەڵبەندی لایەنگرانی کۆمەڵەکانی (موعتەزیلە و خەواریج و پەیڕەوانی شیعە). واتە ئەوانەی لەدەست دەوڵەتی خەلافەت و سەلجووقییەکان بەره و ناوچە جیاجیاکانی ئێران هەڵهاتبوون و لە ترس و چەوساندنەوەی خەلیفەکانی عەباسی و سوڵتانەکانی سەلجووقی ڕاِیان کردبوو. دیارە کۆبوونەوەی ئه و کۆمەڵە جیاجیا و بیروڕا جیاوازانە کاریگەریی لەسەر ڕادەی فیکری و ئاستی ڕۆشنبیریی دانیشتووانی هەرێمەکەدا دروست کرد. هەروەها سەرهەڵدانی (ڕێبازی قادری) لە سەدەی دوانزەیەمی زایینی و بڵاوبوونەوەی بە زۆربەی وڵاتی ئێران بەگشتی و هەرێمەکە بە تایبەتی، ڕۆڵیکی تری لە بواری فیکری و بەرزیی ئاستی فیکریی ناوچەکەدا بینی. سەرباری بوونی پەیڕەوانی (مەسیحی و جوو) وەک دوو ئایینی ئاسمانی لە هەرێمەکە و نیشتەجێبوونیان لە ناوچە شاخاوییە سەختەکاندا و پەنادانیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی حکوومەتەکە، بەڵگەی بەرزی ئاستی بیرکردنەوە و سەرانی دەسەڵاتداری حکوومەتەکە بوو لە قۆناغە جیاجیاکاندا.
لەڕووی شێواز و توانای دانیشتووانی هەرێمەکەوە ئەوە زانراوە کە پیاو و ئافرەتەکانیان بە باڵابەرزی و چاونەترسی و ئازا ناسرابوون. وەک (تەیموور لەنگ)یش لە بیرەوەرییەکانیدا ئاماژەی پێ داوە کە ئافرەتی لۆڕی لە توانایدا بووە لە سەرووی 80 ساڵییەوە منداڵی ببێت.
دوای چوار سەدە لە دەسەڵات، ئەم حکوومەتەش وەک هەر دەسەڵاتێکی تر، کۆتایی پێ هات و ڕووخا. ئەوەش کاتێک (میرزا شاهرووخ کوڕی تەیمووری لەنگ) لە کاتی پەیڕەوکردنی سیاسەتی یەکخستن و پتەوکردنی سنووری دەسەڵاتی، سوپایەکی لەژێر سەرکردایەتیی (میرزا سوڵتان ئیبراهیم)ی کوڕی ناردە سەر هەرێمی لۆڕستان، دواتر لە شەڕێکی گەورەدا (غیاسەدین کوڕی کاووس)ی دەسەڵاتداری حکوومەتەکەی بەدیل گرت و کوشتی. بەمەش دەستی بەسەر هەرێمی لۆڕستاندا گرت و ڕاستەخۆ بە حکوومەتەکەیەوە بەستییەوە. به و ڕووداوەش کۆتایی بە تەمەنی ئه و حکوومەتە کوردییە هات.[1]
$سەرچاوەکان:$
شەرەفخانی بەدلیسی: شەرفنامە.
راسل بریون: بیرەوەرییەکانی تەیموور لەنگ.
د. کەیوان ئازاد ئەنوەر: کوردستان و کورد لە سەدەکانی ناوەڕاستدا.