کۆماری ئارارات لە مێژووی شۆڕشی ئاگری داغدا
#کەیوان ئازاد ئەنوەر#
یەکێک لە ڕووداوە سیاسییە هەر گەورەکانی ئەم قۆناغە مێژووییە، گەیشتنی کورد بوو بە سیستەمێکی سیاسیی نوێ کە ڕاگەیاندنی (کۆمار) بوو. ئەوەش پێشکەوتووترین سیستەمی سیاسی بوو لەو قۆناغە مێژووییە و لە سەرتاسەری جیهاندا. یەکەمین سیستەمی کۆمارییش کە کورد پێ ئاشنا بووبێت لەسەر خاکەکەی کوردستان، ئەو کۆمارە بوو کە جەنەراڵ ئیحسان نووری پاشا سەرکردەی (شۆڕشی ئاگری داغ) لە باکوری کوردستان لە (پایزی 1927) لە گوندی (کۆرداڤا)ی دامێنی چیای ئارارات ڕای گەیاند. ئەوەش دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر شکستی شۆڕشەکەی شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی (1925)دا. ڕاگەیاندنی ئەو کۆمارەش دوای (کۆنگرەی بوحەمدون) هات لە شاری بەیرووت کە لە مانگی تەمووزی ساڵی (1927)دا لەلایەن کۆمەڵێک ئەفسەری کوردی پایەبڵندی پێشووی دەوڵەتی عوسمانی و پۆلێک کەسایەتی و خوێنەواری کوردی باکوور و خۆرئاوای کوردستان بەسترا. لەو کۆنگرەیەشدا چوار دەستە و ڕێکخراوی کوردی بڕیاری یەکگرتنیان دا لە کۆمەڵەیەکی کوردی سەربەخۆی بەناوی (کۆمەڵەی خۆییبوون)دا. ئەو دەستە و ڕێکخراوانەش (کۆمەڵەی خۆییبوون)یان لە شاری بەیرووت ڕاگەیاند، هەریەک لە (تاقمی کوردستان، کوردستان تەشکیلات، کورد و میللییەت، کۆمیتەی ئیستقلال) بوون. بەو ڕووداوەش کۆمەڵەکە بووە ڕێبەر و زمانحاڵی دووەمین شۆڕشی باکووری کوردستان لە دوای ساڵانی جەنگی جیهانیی یەکەم بەناوی (شۆڕشی ئاگری داغ).
لەگەڵ هەڵایسانی ئەو شۆڕشەش لە گوندی (کۆرداڤا)ی دامێنی چیای ئارارات بە ڕێبەرایەتیی جەنەڕاڵی ناوبراو لە هاوینی ساڵی (1927)دا، کار بۆ ڕاگەیاندنی کۆمارەکە کرا لە پاییزی هەمان ساڵ. ئەوەش دوای ئەوەی جەنڕاڵ ئیحسان نووری پاشا وەک سەرکۆمار (حسکی تیلۆ)ی بۆ پێکهێنانی کابینەی حکوومەت ڕاسپارد. دواتر ئاڵای کوردستان لەسەر داودەزگاکانی دەسەڵاتەکە بەرز کرانەوە کە ئاڵای کۆمەڵەکە بوو. ئەمە و دەست کرا بە ڕێکخستن و پێکهاتەکانی حکوومەت و پێکهاتەی سەربازی تا بتوانێت بەرگری لە کۆمارەکە و دەستکەوتەکانی بکات. مانگێگی نەخایاند، هێزی سەربازی کۆمار توانییان لە چەند کردەیەکی سەربازی و ڕزگارکردنی چەند گوند و شارۆچکەیەکی ناوچەکە ڕزگار بکەن و دەست بگرن بەسەر شارەکانی (بەدلیس و وان)دا. ئەمە و توانیشیان دەست بگرن بەسەر 1700 سەربازی تورک و 600 تفەنگ و 24 تۆپدا. هەروەها 12 فڕۆکەی جەنگی سوپای تورکیاش بخەنە خوارەوە. ئەو ڕووداوانە لەکاتێکدا بوون کە ئیسماعیل خانی سمکۆی شکاک لە خۆرهەڵاتی کوردستان ڕابەڕایەتیی شۆڕشێکی لە دژی ڕژێمی پادشایەتیی (ڕەزا شای پەهلەوی) دەکرد. بۆیە هەردوو دەوڵەتی تورکیا و ئێران کەوتبوونە دۆخێکی سیاسی و سەربازی و ئابووریی خراپ کە دەبوو لەپاڵ دروستکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەیان، بەرەنگاری ئەو شۆڕشە ئازادیخوازانەیەش بکەن.
ڕاگەیاندنی کۆمار و بەردەوامی بەو شۆڕشە، لەکاتێکدا بوو کە هیچ دەوڵەت و هێزێکی ناوچەیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی، ئامادە نەبوو دان بەو دەسەڵات و کۆماردا بنێت جگە لە خودی کورد. کوردیش بەگشتی و کوردی ئەو بەشەی کوردستانیش بەتایبەتی، ناچار بوو پەنا بۆ وەها ڕێگایەک ببات، لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:
1. بەردەوامبوونی سیاسەتی تۆقاندن لەلایەن دەوڵەتی تورکیای کەمالی. بە تایبەت دوای ئەوەی لەنێوان ساڵانی (1925−1927) و شکست پێهێنانی شۆرٍِشەکەی شێخ سەعیدی پیران کەوتە ڕاگواستنی کوردەکان لە ناوچەکانی خۆیان بۆ ناوچە تورکنشینەکان. ئەو ڕووداوەش سەرباری ئەوەی هەزاران خێزانی کوردی لە ناوچەکانی خۆیان دابڕی و خێزانی تورکیان لە شوێن نیشتەجێ کران، سەدان منداڵ و مێرمنداڵ و خێزانی کورد لە ڕێگاکانی گواستنەوەیان لە برسان و سەرما و نەخۆشیدا مردن. ئەوەش کاریگەریی توندی لەسەر کەسایەتییە دیار و خوێنەوارە شۆڕشگێڕ و بەهەڵوێستەکانی کورد دروست کرد.
2. شکستی شۆڕشەکەی شێخ سەعیدی پیران و لەسێدارەدانی خۆی و 52 هاوڕێی و سەرکردەی شۆڕشەکە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، شوێنەواری خراپی لەسەر زۆرینەی تاک و خێزان و کۆمەڵگای کوردی بەگشتی و کوردی باکووری کوردستان بەتایبەت دروست کرد. بەتایبەت دوای ئەوەی شێخ سەعیدی پیران، زانا و مامۆستا و ڕێبەرێکی گەورەی ڕێبازی نەقشبەندی بوو. واتە کەسایەتییەکی ئایینی و نەتەوەیی و نیشتمانیی گەورە بوو.
3. سیاسەتی حکوومەتی پادشایەتیی ئێران و خودی ڕەزا شا لەو قۆناغەدا بۆ بەگژاچوونەوەی کوردەکانی باکووری کوردستان، بە دژی سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا، تا ئەو دەوڵەتە لەسەر پێی خۆی نەوەستێ و نەبێتە کێشە بۆ دەسەڵات و دەوڵەتەکەی. ئەوەش وەک پەرچەکردارێکی حکوومەتی پادشایەتیی ئێران بوو بۆ دەوڵەتی تورکیا کە هۆکاری پشتیوانی و یارمەتیدەری شۆڕشەکەی ئیسماعیل خانی سمکۆی شکاک بوون لەنێوان ساڵانی (1925−1930)دا.
لێرەوە شۆڕشەکە و ئەو کۆمارە کوردییە بۆ ماوەی پێنج ساڵ، واتە لەنێوان ساڵانی (1927−1923)دا درێژەی کێشا. لەو ماوەیەشدا سەرباری هاوکاری و پشتیوانیی کوردەکانی باکوور، بارزانییەکان بە ڕێبەرایەتیی شێخ ئەحمەدی بارزان لە باشووری کوردستان و کوردەکانی خۆرئاوای کوردستان، پشتیوانێکی بەهێزی شۆڕشەکە و ئەو دەسەڵاتە بوون لە باکوور. لەم بوارەدا بارزانییەکان سەرباری گەیاندنی ئازووقە و پشتیوانی لە گواستنەوەی چەک بۆیان، بە هێزی چەکدارییش هاوکاریی شۆڕش و دەسەڵاتەکەیان کرد. هەروەها نزیکەی 500 ئەسپیان گەیاندە شۆڕشەکە کە بۆ ئەو قۆناغەی شۆڕش و کۆمارەکە بایەخی خۆی هەبوو. کوردەکانی خۆرئاوای کوردستانیش لە سووریا لە بەری باشوور پشتیوانییان لە شۆڕشەکە کرد.
کۆتایی ئەم شۆڕش و دەسەڵاتەش وەک هەر شۆڕش و دەسەڵاتێکی تر، دوای ئەوە هات کە لەلایەک دەوڵەتی تورکیا بە گەیاندنی نزیکەی 60 هەزار سەرباز کەوتە بەرەنگاربوونەوەی و سنووردارکردنی شۆڕشەکە. دواتر دەستی هاوکاریی داگیرکارە فەڕەنسییەکانی لە خاکی سووریا گەیشتێ، کاتێک بواریان بە دەوڵەتی تورکیا دا بە ڕێگای شەمەندەفەر لە بەری باشوورەوە هێزێکی سەربازی بگەیەننە بەری باشووری شۆڕشەکە. هەروەها لەو ڕێگایەشەوە ئازووقە و چەک و تەقەمەنی بگەیەنێتە سوپای تورکیا تا ئاستی گەمارۆکان لەسەر دەسەڵاتەکەی ئارارات توند بکاتەوە. بەدوایدا لەگەڵ دەوڵەتی پادشایەتیی ئێران کەوتە دانوستان کە دواجار ڕێککەوتنی ساڵی (1932)ی لێ کەوتەوە. بەپێی ئەو ڕێککەوتنەش دەوڵەتی تورکیا بەڵێنی دا دەستبەرداری پشتیوانیی شۆڕشەکەی ئیسماعیل خانی سمکۆی شکاک بێت لە بەرامبەر دەستبەداربوونی دەوڵەتی پادشایەتی ئێران لە پشتیوانیی شۆڕشەکەش ئاگری داغ. بەو ڕووداوەش سنوورەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان لەسەر شۆڕشەکە داخرا و بواری گەیاندنی کۆمەک و هاوکاری کەمی کرد. لە بەرامبەردا دەوڵەتی تورکیا گەمارۆکانی سەر شۆڕشەکەی توند کردەوە کە دواجار لە پایزی ساڵی (1932)دا کۆتایی بە دەسەڵات و شۆڕشەکە هێنا.[1]
$سەرچاوەکان$
کریس کۆچێرا: کورد لە سەدەی نۆزدە و بیست.
د. کەیوان ئازاد ئەنوەر: چەردەیەک لە مێژووی کورد.