مەڵبەندە کوردنشیینەکان پێش دەرکەوتنی ئایینی ئیسلام؛ هەرێمی جزیرە
#کەیوان ئازاد ئەنوەر#
مەبەست لە هەرێمی جزیرە، ئەو ناوچە بەرفراوانە بووە کە کەوتبووە کەنار و نێوانی بەری باکووری هەردوو ڕووباری (دیجلە و فورات) و ناوچەکانی (جزیرە، مووسڵ، ئامەد)ی دەگرتەوە. لە بەری باکووری خۆرهەڵاتی هەرێمەکانی (ئاران و ئەرمەنستان) و لە بەری خۆرهەڵاتی هەرێمەکانی (ئازەربایجان و چیا) بوون. لە بەری باشووریشی هەرێمی چیا و وڵاتی شام و لە بەری باکووریشی ئانادۆڵ بوو.
لە گرنگترین مەڵبەندەکانیشی ئەمانەی خوارەوە بوون:
1- مووسڵ: شارێکی مێژوویی کۆن و کەوتبووە ناوەڕاستی هەرێمەکە و لە بەری خۆرهەڵاتی ڕووباری دیجلە و مەڵبەندی هەرێمەکەش بووە، بە مەڵبەندێکی کوردنشین و زێدی هۆزەکانی (حەمیدی و هەزبانی) ناسراوە. بڕواش وایە ناوەکەی لە بە یەکگەیشتنی هەردوو ڕووباری دیجلە و فوراتەوە هاتبێت، بەڵام لە ڕاستیدا لە پێکەوەبەستی (دوو) ناوچەی شاخاویی خۆرهەڵات و بانی جزیرەوە هاتووە، چونکە هەرگیز ئەو دوو ڕووباڕە لەو شارەدا بە یەک نەگەیشتوون.
2- شنگال: کەوتبووە دامێنی چیای شنگال و خۆرئاوای شاری مووسڵ. شارێکی کوردنشین و دانیشتوانەکەشی بە ئازایەتی و دەستپاکی ناسرابوون. ئەوەی لەم شارەدا دەبینرا ئەوە بوو کە لە هیچ شارێکی هەرێمەکەدا دارخورما نەبوو، بەڵام لەم شارە و دەشتەکەیدا دارخورما هەبوو.
3- داسن: لە شارۆچکەکانی سەر بە مووسڵ بوو، کەوتبووە بەری خۆرهەڵاتی و بە مەڵبەندی (هۆزی داسنی)ی کوردی ناسرابوو.
4- ئامەد: کەوتبووە بەری باکووری خۆرهەڵاتی ڕووباری دیجلە و بە شوورایەکی بەهێز دەورە دراو و خاوەن زەوییەکی بەپیت بووە. لە ڕووی ڕووخساریشەوە لە شاری (ئەنتاکییە) چووە، بەڵام لەو بچووکتر بووە و مەڵبەندێکی هۆزەکانی (حەمیدی و هەزبانی) بوون.
5- میافارقین: شارێکی بەناوبانگی هەرێمەکە بووە. ناوەکەشی لە هەردوو بڕگەی (میا) و (فارقین) وەرگیراوە. گەشتیاری ئیسلامی (یاقووت ئەلحەمەوی)ش وای بۆچووە، کە (میا) ناوی دروستکەری شارەکە و (فارقین) بە مانای (جیاوازی) هاتووە. واتا شارەکە لەوانی تر جیاواز بووە، بەڵام گەشتیاری تورکی (ئەولیا چەلەبی) وای بۆچووە، کە شارەکە ڕووباری (بەتمان سوو)ی کردووەتە (دوو) بەش، بۆیە ناوەکە لە ناوی لەتکەری ڕووبارەکەوە وەرگیراوە.
خۆرهەڵاتناسی بەریتانی (لوسترۆنگ)یش بە ناوێکی ئەرمەنیی زانیوە و وای بۆچووە کە لە زاراوەی (Moyoharkath) وەرگیراوە. وەک باس کراوە (میافارقین) وەکوو شاری (نوسەیبین) خاوەنی سەرچاوەی ئاوی گرنگ و ڕەز و باخ و بێستانی زۆر جوان بووە. پێگەکەشی کەوتووەتە نێوان هەردوو هەرێمی (ئەرمەنستان و جزیرە) و بە شارێکی سەر بە هەرێمی جزیرەش ناسرابوو. دانیشتوانی شارەکەش کوردی ڕەسەنن و لە کوردەکانی وڵاتی شام بوون و خانووەکانیشیان لە قوڕ و بەرد دروست کرابوون.
6- نوسەیبین: شارێکی ئاوەدانی نزیک شاری (شەنگال) و خاوەن سەرچاوەی ئاوی گرنگ و ڕەز و باخی ئاوەدان بووه. لە شاری مووسڵ بچووکتر، بەڵام دڵگیرتر و بە دووپشکی زۆر کوشندەش بەناوبانگ بووە، ئەمەو بە شارێکی دێرینی کورد ناسراوە.
7- ڕوها: یەکێک بووە لە شارە گرنگەکانی هەرێمی جزیرە لەنێوان مووسڵ و شام. بە شارێکی مێژوویی ناسراوە. کەنیسەکەشی یەکێک بوو لە کەنیسە سەرسوڕهێنەرەکانی جیهانی ئەو ڕۆژگارە و شارێکی کوردنشین بووە.
8- خێزان: کەوتبووە نێوان شارەکانی (ئامەد و سوعرەت)، بە شارێکی ئاوەدان و خاوەن بێستان ناسرابوو، بەتایبەت (داربەڕوو و بوندوق). مەڵبەندێکی دێرین و ناسراوی کوردنشینش بوو لەو سەردەمەدا.
9- حەسەن کێف: کەوتبووە سەر ڕووباری دیجلە لەنێوان ئامەد و دوورگەی ئیبن عومەر. بە شارێکی کوردنشین و ئاوەدان ناسراوە، پردێکیش لەسەر ڕووبارەکە دروست کرابوو، تا دوو بەری ڕووبارەکە بەیەکەوە ببەستێتەوە. (یاقووت ئەلحەمەوی)ش بە پردێکی زۆر گەورە و بەناوبانگ ناوی بردووە.
10- فاقان: کەوتبووە سەر ڕووباری دیجلە لە باشووری میافارقین. لەو شارەدا هەردوو لقی (رزم و بوهتان سوو) دەڕژانە ڕووباری دیجلەوە. بازاڕی شارەکە داپۆشراو و خانووەکانیان لە قوڕ دروست کرابوون و (چواردە) گوندیش سەر بەم شارە بوون.
11- ماردین: کەوتبووە نزیک شاری نوسەیبین و بە قەڵاکەی بەناوبانگ و چیاکەشی بە لمی شووشە ناوی دەرکردبوو. وەک باس کراوە، شار و قەڵایەکی ئاوەدان و بایەخدار بووە و سەرنجی گەشتیارانەی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە.
12- مەلاتیە: بە شارێکی ئاوەدان و خۆش و خاوەنی ڕەز و باخ و دارستانی جوان ناسراوە. یەکێکیش بووە لە شارەکانی سەر بەم هەرێمە و دانیشتوانەکەشی زۆر لە یەکەوە نزیک بوون.
13- حەڕان: شارێکی گرنگی سابئەی مەندائییەکان بووە و بەشێکی دانیشتوانەکەشی مەسیحی بوون و شارەکەیان بە ڕەز و باخی جوان ڕازاندبووەوە و خاوەنی چەندین کەنیسەی گەورە و جوان و بایەخێکی ستراتیجی و ئایینی و ڕۆشنبیری بووە.
14- زوزان: قەڵایەکی ناسراوی نێوان چیای ئەرمەنستان و ئازەربایجان و جزیرە بوو و بە مەڵبەندی نیشتەجێبوونی هۆزی بوختی کوردی ناسراوە و بایەخێکی مێژوویی گەورەی هەبوو.
15- ئاکرێ: شارێکی سەر بە مووسڵ و بە مەڵبەندی گرنگی هۆزی حەمیدی کوردی و مەڵبەندێکی گرنگ ناسرابوو.
16- ئەربێلا: کەوتبووە نێوان دوو زێ و بە قەڵاکەی بەناوبانگ بووە. دانیشتوانەکەی هەموویان کورد و دوو ڕۆژیش بە پیادە لە شاری مووسڵەوە دوور بووە.
17- حزە: کەوتبووە نێوان شاری (ئەربێلا و زێی گەورە) و بە مەڵبەندێکی کوردنشین ناسرابوو و قەڵاکەشی بایەخی تایبەتی و مێژوویەکی دێرینی هەبووه.
18- باگرمی یان کەرکووک: سەر بە شاری مووسڵ و مەڵبەندێکی کوردنشین بووە. (عوتبەی کوڕی فەرقەد)یش لە ڕێگای ئەو شارۆچکەیەوە گەیشتووەتە شارەزوور و بەشێکی داگیر کردووە. ئەوەش دوای ئەوەی لە قەڵاکەدا، سەربازگەیەکی بۆ سوپاکەی دروست کردووە.
19- شووش: قەڵایەکی ناسراوی سەر بە مووسڵ، لە بەری خۆرهەڵاتی ڕووباری دیجلە و لە گرنگترین قەڵای کوردە حەمیدییەکان بووە و کەوتبووە نزیک (ئاکرێ)، بەڵام بەرزتر و گەورەتر بووە لە شاری ئاکرێ.
20- بینون: لە قەڵاکانی سەر بە مووسڵ و کەوتبووە نزیک هەولێر و قەڵایەکی ئاوەدانە و بازاڕێکی گەورەی تێدا بووە. دانیشتوانەکەشی هەموویان کورد بوون. لە کاتی پرۆسەی بەئیسلامبوونیشیاندا قەڵایەکی دیار و گەورەی کوردەکان بوو.
خودی ئەم هەرێمە سەرباری گەورەی سنوورەکەی و هاوسنووریی لەگەڵ ئیمپراتۆڕەکانی یۆنانی و ڕۆمیی بێزەنتی لە قۆناغی مێژووی کۆندا، بە هەرێمێکی فرەنەتەوە و فرەئایین و فرەکولتوور ناسرابوو. سەرباری کورد، کە زۆرینەی هەرێمەکەی پێکدەهێنا، نەتەوەکانی وەک (ئاسووری، کلدانی، ڕۆمانی، ئەرمەنی)ی تێدا دەژیان.
ئایین و باوەڕی خەڵکەکەش فرەچەشن بوو. هەر لە باوەڕداری ئێزدی و کاکەیی، تا (جوو، زەردەشتی، مەسیحی)، تەنانەت بتپەرستیش بوونی هەبووە. سیستەمی کۆمەڵایەتیی خەڵکەکەش خێڵەکی و هۆزگەرایی بووە. شارەکانی خاوەنی کۆشک و تەلار و گەرماو و پەرستگەی جۆراجۆر و بازاڕی گەورە بوون. بەهۆی تێپەڕبوونی ڕێگای بازرگانیی ئاوریشم بە هەرێمەکەدا، بایەخی بازرگانی و سیاسیی هەرێمەکەی زیاتر کردبوو.[1]