مەڵبەندە کوردنشیینەکان پێش دەرکەوتنی ئایینی ئیسلام؛ هەرێمی چیا
#کەیوان ئازاد ئەنوەر#
مەبەست لە (هەرێمی چیا) ئەو ناوچە بەرفراوانە بوو کە کەوتبووە بەری خۆرهەڵاتی هەرێمەکانی (خۆراسان، ئیسفەهان) و باکووری خۆرهەڵاتی هەرێمەکانی (فارس و خوزستان). لە بەری باکووریشەوە ناوچەکانی دەیلەم و دەریاچەی خەزەر بوو. لە باشووریشەوە عێراقی عەرەبی و بەشێکی خوزستان دەوریان دابوو.
لە سەرچاوە عەرەبییەکانیشدا بە (ماە کووفە و ماە بەسرە) تۆمار کراوە، چونکە دوای گەیشتنی عەرەبە موسڵمانەکان بە باشوور و ناوەڕاستی عێراقی ئێستا و دروستکردنی شارەکانی (بەسرە) لە ساڵی (15ک/ 636ز) و (کووفە) لە ساڵی (17ک/ ز638)، سەرجەم داهاتەکانی ئەو هەرێمە بۆ ئەو (دوو) شارە عەرەبییە دەگەڕایەوە و دواتر لەو دوو شارەوە ڕەوانەی پایتەختی دەوڵەتانی خەلافەت دەکرا لە (مەدینە، کووفە، دیمەشق) لە سەردەمی هەردوو دەوڵەتی خەلافەتی (ڕاشیدی و ئومەوی)دا.
لە گرنگترین شار و مەڵبەندە کوردنشینەکانی هەرێمەکەش ئەمانە بوون:
1- هەمەدان: گەورەترین شاری هەرێمەکە بوو، چونکە پایتەختی دەوڵەتی ماد و پایتەختی هاوینەی دەوڵەتانی ئەشکانی و ساسانی بوو. شوورایەکی بەرز و پتەو دەورەی دابوو، کە چوار دەرگای ئاسن شووراکەی بە دەرەوە دەبەستەوە. خاوەنی ڕەز و باخی گەورە و سەرچاوەی ئاوی بەکەڵک و سازگار بوو. هاوینی فێنک و زستانی سارد و وشک بوو.
2- دینەوەر: یەکێک بووە لە شارە گەورە و گرنگەکانی هەرێمەکە و کەوتبووە بەری خۆرئاوای شاری (هەمەدان) و بەری باشووری خۆرهەڵاتی شاری (کەنگاوەر) و بەری باشووری خۆرئاوای شاری (قرەمسین)، واتە (کرماشان). شارەکەش سێ یەکی شاری (هەمەدان) و سەرباری بچووکی، بە شارێکی بەپیت و کشتوکاڵیی دیار ناسرابوو. ناوی (دینەوەر)یش لە (دینەور)ی سریانی وەرگیرابوو، کە یەکێک بووە لە خوداکانی سریانی و لە سەردەمێکی کۆنی مێژوویی کە مێژووەکەی تا ئێستاش دیار نییە، لەو شارەدا دانرابوو.
3- قەرەمسین: مەبەست لە شاری (کرماشانی ئیمڕۆیە) و بە شارێکی ئاوەدان و بایەخدار و گەورە ناسرابوو. بەتایبەت بەهۆی بوونی کێوی بێستوون و تاقی بوستان، کە وەک (دوو) شوێنەواری مێژوویی ناوبانگێکی گەورەیان بە شار و ناوچەکە دابوو. شارێکی جوان و بازرگانیی گرنگ و خاوەنی سەرچاوەی ئاوی سازگار بوو.
4- کنگاوەر: کەوتبووە نێوان (ئەسەد ئاباد و قەرەمسین) و شارێکی کوردنشین و بەپیت و بچووک، بەڵام بەهۆی بوونی ئاتەشکدەی ئاناهیتای زەردەشتی، ناوبانگێکی گەورەی بە شارەکەدا بوو.
5- نەهاوەند: کەوتبووە باشووری هەمەدان و بە شارێکی گەورە و جوان ناسرابوو. خاوەنی ڕووبار و ڕەز و باخی گەورە بوو.
6- بروجرد: کەوتبووە باشووری شاری (نەهاوەند) و بە شارێکی بەپیت و دەوڵەمەند بە جۆراوجۆری میوەی جوان و باش و بەتام ناسرابوو. میوەکانیشی بۆ شاری (کەرەج) بار دەکران و لەوێ دەفرۆشران، شارەکەش لە شێوەدا شارێکی درێژ بوو، نەک بازنەیی و خاوەنی بازاڕی گەورە بوو.
7- حولوان: شارێکی گەورە و ئاوەدان و دەوڵەمەند بووە. ئاووهەوای سازگار و ڕەز و باخی گەورەی هەبووە. سەرەڕای ئەوەی زستانان بەفر شارەکەی دادەپۆشی، بەڵام هەوای وشک نەبوو. ئەمەو گەرچیی شارەکە بە بڕوای هەندێک کەس سەر بە هەرێمی عێراق بووە، بەڵام لە ڕاستیدا سەر بە هەرێمی چیا بووە.
8- خانەقین: شارێکی هەرێمەکە و کەوتبووە خۆرئاوای شاری (قرمسین). لە زاراوەی (خان قین) یان (خان گین) وەرگیرابوو، بە واتای (ماڵی خۆمان). شارێکی ئاوەدان و کوردنشین و دەوڵەمەند بوو. ڕووباری (ئەلوەند)، کە بە ناوەڕاستی شارەکەدا تێپەڕ دەبوو، جوانی و سەرچاوەیەکی گرنگی ئاویی بە شارەکە بەخشیبوو. پردە گەورەکەشی، هەردوو بەری شارەکەی بەیەکەوە بەستبووەوە.
9- لۆڕ: شارێکی بچووک و کوردنشین و کەوتبووە نێوان هەردوو هەرێمی (چیا و خۆزستان). لای هەندێک کەس سەر بە هەرێمی خۆزستان بوو، بەڵام لەسەر لێواری باشووری هەرێمی چیا و بەشێک بووە لێی.
10- مەندەلی: شارێکی باشووری هەرێمەکە بوو. زاراوەکەش لە زاراوەی (وندنیک)، واتە (خاوەن موڵکە باشەکان) وەرگیرابوو. بە شارێکی بەپیتی کشتوکاڵی و کوردنشین ناسرابوو.
11- شارەزوور: شارێکی بچووک و بەناوبانگی هەرێمەکە و بە مەڵبەندی ناوچەیەکی دەوڵەمەندی کشتوکاڵیی بەپیت ناسرابوو.
12- سیروان: شارێکی بچووک و دەوڵەمەند بە خورما و گوێز بەناوبانگ و لە سەرچاوەی ئاویشدا زۆر دەوڵەمەند بوو. هەر ئەوەش بایەخی کشتوکاڵیی ناوچەکەی زیاد کردبوو.
13- جەلەولا: شارێکی ئاوەدانی هەرێمی چیا بوو. یەکەمین وێستگەی کوردنشین بووە، کە ڕووبەڕووی سوپای عەرەبی ئیسلامی بووەوە و (هەشت) ڕۆژ بەرگریی کرد، تا کەوتە دەست سوپای عەرەبی ئیسلامی. شارەکە کەوتبووە باکووری خۆرهەڵاتی شاری (تەیسەفون)ی پایتەختی ئیمپراتۆڕیەتی ساسانی.
ئەم هەرێمە سەرباری فراوانی و دەوڵەمەندیی بە ئاوی سازگار و زەویی بەپیت و کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵ، سەرەڕێگای بازرگانیی ئاوریشم بوو بەرەو عێراقی عەرەبی. زۆرینەی ڕەهای دانیشتوانەکەشی کورد بوون، لەگەڵ چەند پێکهاتەیەک لە ئاسووری و کلدانی. باوەڕی ئایینیی خەڵکەکەش تا گەیشتنی ئایینی ئیسلام بە سنوورەکە زەردەشتی و بەشێک لە پەیڕەوانی جوو و مەسیحی تێدابوون. سیستەمی کۆمەڵایەتیی خەڵکەکە خێڵەکی و هۆزایەتی بوو. بەهۆی ئەوەی کەوتبووە نێوان خاکی ئێران و عێراقی عەرەبی، چاوی زلهێزەکانی مێژووی کەوتبووە سەر، بۆیە خاوەنی زۆرترین شار و ئاوەدانی بوو، سەرباری ئەوەی چەقی ململانێی زلهێزەکانی مێژووش بوو.[1]