مەڵبەندە کوردنشینەکان پێش دەرکەوتنی ئایینی ئیسلام؛ هەرێمی ئاران
#کەیوان ئازاد ئەنوەر#
ئەم هەرێمە کە (ڕان)یشی پێ دەگوترا، بەڵام زیاتر بە (ئاران) ناسرابوو، کەوتبووە باکووری هەرێمی ئازەربایجان و خۆرئاوای هەرێمی ئەرمەنستان و باکووری خۆرهەڵاتی هەرێمی جزیرە. لە سەردەمێکی کۆنیشەوە بە مەڵبەندێکی کوردنشین ناسرابوو. مێژووی نیشتەجێبوونی کوردیش لە ڕێگای چەندین خێڵ و هۆزی کوردەوە، بۆ هەزارەی دووەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە، ئەگەرچی بۆ ئەو سەردەمە (کورد) وەک پێکهاتە و نەتەوەیەک دەرنەکەوتبوو، بەڵکوو وەک چەند خێڵ و هۆزێک دەرکەوتبوون،
بەڵام گومان لەوەدا نییە کە دواتر بە هەموویان و لەگەڵ هاوشێوەکانیان لە ناوچەکانی باشوور و باشووری خۆرئاوای خۆیان، سیمای پێکهاتەی نەتەوەیەکیان دروست کرد، کە لە قۆناغی دواتردا ناوی (کورد)ی لێ نرا. ئەمەو سەرباری هاتنی چەندین خێڵ و هۆزی تری کورد بەهۆی سەرکردایەتیکردنی ئەو خێڵ و هۆزە کوردانەی لە ڕیزی سوپای دەوڵەتانی (ئۆرواتو، ماد، هەخامەنشی، یۆنانی، ئەشکانی، ڕۆم، ساسانی) شەڕیان کردووە و دواتر بەهۆی دەستبەسەراگرتنی ئەو ناوچانە وەک ناوچەی براوەی شەڕ، تێیدا نیشتەجێ بوون و شەڕی مانەوەیان لەسەر کردووە.
هەر بۆیە بە درێژایی هەزارەکانی دووەم و یەکەمی پێش زایین و تا هاتنی سوپای عەرەبی ئیسلامی بۆ ئەو هەرێمە، ئەو خێڵ و هۆزە کوردانە، چەندین شار و قەڵایان دروست کردووە و ئاوەدانییان خستووەتە هەرێمەکەوە. لە دیارترین ئەو مەڵبەند و شارە کوردنشینانەی لەم هەرێمە دەرکەوتن و ناسران، ئەمانە بوون:
1- بەرزعە: کەوتبووە نێوان هەردوو شاری (شەملخە و بابل ئەبواب)، بە شارێکی گەورە و ئاوەدان و بەپیت و کشتوکاڵی و ئاژەڵداری ناسرابوو. وەک تۆمارە مێژووییەکان و گەشتیاران ئاماژەیان پێ داوە، چەندین میوانخانە و گەنجینە و گەرماو لەو شارەدا هەبوو و جێگای سەرنجی ئەو گەشتیارانە بووە، کە ڕوویان لەو شارە کردووە.
2- گەنجە: کەوتبووە نێوان شارەکانی (بەرزعە و شەمکور). بە شارێکی دڵگیر و بەپیت بووە. ئەوەش وای کردووە، خەڵکێکی زۆر ڕووی تێ بکات و تێیدا نیشتەجێ ببێت. بەهۆی ئەوەشەوە ئاوەدانی ڕووی کردووەتە ئەوێ و بایەخ و ناوبانگێکی زیاتری بە شارەکە بەخشیوە.
3- شەماخی: کەوتبووە خۆرهەڵاتی شاری (بەرزعە) و بە شارێکی بازرگانی و ئاوەدانیی هەرێمەکە ناسراو بوو.
4- ئانی: کەوتبووە خۆرئاوای شاری گەنجە و بە شارێکی ئاوەدان و بەپیت و مەڵبەندێکی گەورەی کوردنشینی هەرێمەکە ناسراو بوو.
دیارە سەرباری ئەوەی هەرێمەکە بە چەندین مەڵبەندی کوردنشین ناسرابوو، بەڵام پێکهاتە و نەتەوەی تریشی تێدا دەژیان، وەک (ئەرمەنی، ئازەری، ئاسووری، ڕۆمانی، چەرکەسی). خودی هەرێمەکەش بەهۆی پێگە جوگرافییەکەی مەڵبەندی پێکدادانی سەربازی و ململانێی سیاسیی زلهێزەکانی سەردەمەکە بوو.
ئەوەش سەرباری ئەوەی چاوی تەماعی ئەو زلهێزانەی خستبووە سەر و ناوبانگێکی بۆ پەیدا کردبوو، هۆکاری نائارامی و پشێوی و وێرانکاری بوو بۆ ناوچە و شار و گوندەکانی. ئەمە و سەرباری بوونی دەیان ئایین و باوەڕی ئایینیی لەو هەرێمە، هەر لە بتپەرست، تا باوەڕدارانی (ئێزدی، جوو، زەردەشتی، مەسیحی، بیروباوەڕی ناوچەیی).
ئەو جۆراوجۆرییەش لە باوەڕی ئایینی، کە کوردی هەرێمەکەشی گرتبووەوە، سەرباری ئەوەی ئاسانکاریی بۆ هێنانی دەستی داگیرکەران کردبوو، ململانێی ناوخۆیشی توندتر کردبووەوە. بۆ نموونە، تورکە بتپەرستەکان بەهۆی هاوباوەڕیيان لەگەڵ خێڵی بتپەرستەکانی خۆرهەڵات و باکووری هەرێمەکە، تا بە یۆنانییەکان دەگات، هۆکاری ئەوە بوون، بۆ لێدانی لایەنی بەرامبەر لە پەیڕەوانی ئایینەکانی تر، زەمینەسازی بۆ هاتنیان بکەن.
کاتێکیش هەخامەنشی و ئەشکانی و ساسانییەکان یەک لەدوای گەیشتنە دەسەڵات بۆ پشتیوانیی لە پەیڕەوانی زەردەشتیی هەرێمەکە شاڵاوەکانیان لەسەری توند کردەوە. هەر بۆیە لەلایەن کوردە زەردەشتییەکانی هەرێمەکەوە پشتیوانی کران. پەیڕەوانی مەسیحییش لەدوای ساڵی (313ز) بوونە پشتیوانیی ئیمپراتۆڕیی بێزەنتی و هاوکاریی هەر شاڵاو و هێرشێکی ڕۆمە بێزەنتییەکانیان کرد بۆ هەرێمەکە. ئەو دۆخە بەدرێژایی هەزارەی یەکەمی پێش زایین، تا نیوەی یەکەمی زایینی درێژەی هەبوو.
ئەوەی ماوە سەرنجی بخەینە پاڵ ئەوەیە، کە خانووەکانی شار و گوندەکانی ئەم هەرێمە لە گەچ و بەرد دروست کرابوون. گوندەکان بەدەست دەرەبەگ و خاوەن موڵکەکانەوە بوون. شارەکانیش لەلایەن ئەو کەسانە بەڕێوە دەبرا کە کاربەدەستی ئەو دەسەڵاتدارانە بوون، هەرێمەکەیان بەڕێوە دەبرد. ئەوەش دەسەڵاتداری خۆماڵیی هەرێمەکە بووبن، لە هەندێک قۆناغدا، یان والیی یەکێک لە دەوڵەتە سەردەستە و زلهێزەکانی ئەو ماوەیە بووبن. کۆی سیستەمی کۆمەڵایەتیی هەرێمەکەش خێڵەکی و هەر ناوچە و شار و تەنانەت هەندێک لە گوندەکانیش بە دەست تیرەیەک، یان هۆز و خێڵێکەوە بوون.[1]