مەڵبەندە کوردنشینەکان پێش دەرکەوتنی ئایینی ئیسلام؛ هەرێمی فارس
#کەیوان ئازاد ئەنوەر#
هەرێمی فارس، سەرباری ئەوەی لە ڕووی جوگرافیاوە کەوتبووە دەرەوەی خاکی کوردستان و ئەوپەڕی باشووری خاکی ئێران، بەڵام چەندین ناوچەی کوردنشینی تێدابوو. لە بەری خۆرهەڵاتی هەرێمەکە هەرێمی کرمان و لە خۆرئاوای هەرێمەکانی خوزستان و ئیسفەهان و لە باکووری هەرێمی خۆراسان و بەشێکی ئیسفەهان و لە باشووریش کەنداوی عەرەبی بوو.
ئەم هەرێمە گەرچی لە دەرەوەی خاکی کوردستان بوو، بەڵام چەندین مەڵبەندی کوردنشینی لەخۆ گرتبوو. مێژووی کۆچکردنی کورد بۆ ئەو هەرێمە دیار نییە، بەڵام ئاسایی و کۆچی تاکەکەسی نەبووە، بەڵکوو بەکۆمەڵ بووە. بەهۆی ئەوەش کە مێژووی ئەو کۆچە بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە، بۆیە ئاساییە کە کۆچی چەندین خێڵ و هۆز و تیرە بووە.
ئەوەش بۆ دۆزینەوەی ژیانێکی باشتر لەسەر زەوییەکی لەبار و بەپیت، یان بەهۆی فشاری سیاسی و ململانێی ناوخۆیی کە هەر یەک لەو هۆکارانە تا ئێستا بۆچوونی جیاجیای لەسەرە. ئەوەندەش زانراوە، لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەشکانییەکاندا هەرێمەکە لەژێر دەستی هۆزێکی گەورەی کورد بووە بە ناوی (بارزنجی) و ئەوان هەرێمەکەیان بەڕێوە بردووە. بەو پێیەش، کە دەسەڵاتی بەڕێوبردنی ئەشکانییەکان (لامەرکەزی) بووە، بۆیە ئەو هۆزە کوردییە هەرێمەکەیان بۆ ئەشکانییەکان بەڕێوە بردووە و باج و سەرانەیان داوە بە دەسەڵاتدارانی ئەشکانی و لە شەڕ و ململانێکاندا هاوکاری و پشتیوانییان کردوون.
واتە هەرێمەکە یەکێک بووە لە ولایەتەکانی دەوڵەتی ئەشکانی. هەر لەو هەرێمەشەوە و بەهۆی ئەو هۆزەشەوە ساسانییەکان دەرکەوتن و کەوتنە نێو ناوان و بوونە شوێنگرەوە و میراتگری ئەشکانییەکان لە نیوەی یەکەمی سەدەی سێیەمی زایینی. بەو هۆیەشەوە هەرێمەکە گەشەی باشی بە خۆیەوە بینی، چونکە زێد و پێگەی یەکەمی بنەماڵەی ساسانی بوو، بۆیە بە درێژایی زیاتر لە چوار سەدەی دەسەڵاتی ساسانییەکان بووە جێگای بایەخی پادشاکانی ساسانی و زۆرینەی ئەو پادشایانەش چەندین شاریان لەو هەرێمە دروست کرد، لەوانە (ئەردەشێری کوڕی بابەک، شاپووری یەکەم، شاپووری دووەم، پیرۆزی یەکەم، قوبادی یەکەم و ئەنوشیروانی ساسانی) لە ماوەی دەسەڵاتی خۆیاندا چەندین شار و قەڵا و ئاتەشکەدە و باڵەخانەیان لەو شارانە دروست کرد و ئاوەدانیان کردووە.
هەربۆیە کاتێک دەسەڵاتی عەرەبە موسڵمانەکان و ئایینی ئیسلام گەیشتە ئەو هەرێمە، بەشێکی ناوچەکانی و شار و گوندەکانی کوردنشین بوون. لە دیارترین شارەکانی ئەم هەرێمەش، ئەمانە بوون:
1- ئەستەخر: گەورەترین مەڵبەندی کوردنشینی هەرێمەکە بوو، کە شارەکانی (یەزد، ڕوزان، ئەبرقو، ئەکلید، سەرمووق، جوبرفان، ئەرخمان، مەرزیگان، بوزنگان) بوون.
2- ئەردەشێر: مەڵبەندێکی تری هەرێمەکە بوو. لە دیارترین شارەکانیشی (جور، سەمیکان، خورستان، فوسجان، سفارە، توج، خەریق، کارزین، ئەبهەر، سەمیران، کوار، ئەوال) بوون.
3- دارابگرد: مەڵبەندێکی گەورەی هەرێمەکە و لە گرنگترین شارە کوردنشینەکانیشی (مەس، فەسا، ئەزبرە، سۆران، سویم، جوهرم، خەیار، ڕۆبنج، ڕم) بوون.
4- سابوور: مەڵبەندێکی تری هەرێمەکە و لەوان بچووکتر بوو. لە شارەکانیشی (سابوور، جەنجان، زانجان، خوبژان) بوون.
ئەو مەڵبەند و شارە کوردنشینانە لە سەرەتای نیوەی یەکەمی حەوتەمی زایینی، تەنیا مەڵبەندی یەک هۆزی وەک (بارزنجی) نەبوو، بەڵکوو تا ئەو سەردەمە ببووە زێدی چەندین هۆز و بنەماڵەی کوردی، کە بەو ناوچە و شارانەدا بڵاو بوونەوە، وەک ئاماژەمان بە هەندێکیان دا.
ژیانی ئەوان لەسەر کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و پیشەی دەستی و بازرگانی بوو. خانووەکانیان یەک بۆ دوو نهۆم و بە (گەچ و بەرد) دروست کرابوون. ڕەز و باخی گەورەیان هەبوو، کە ئەوەش داهاتێکی باشی بە خێزانی ئەو تیرە و هۆزانە بەخشیبوو. لە ڕووی ئایینیشەوە زەردەشتی بوون و لە گوند و شارەکانیان ئاتەشکەدەی زەردەشتی دروست کرابوون و تا هاتنی عەرەبە موسڵمانەکانيش پارێزراو و ئاوەدان بوون.
لە ڕووی ژیانی کۆمەڵایەتییشەوە، سیستەمی خێڵەکی بەسەر کۆی ژیانی خێزانە کوردەکاندا زاڵ بوو. واتە هەر تاک و خێزانێکی کورد لەو هەرێمە، وابەستەی هۆزێکی دیاریکراوی کوردی بوو، کە بڕیار لەسەر ژیان و سیاسەت و بەڕێوەبردنی هۆزەکە لەلایەن سەرۆک هۆزەکەوە دەدرا.
هەموو ئەندامەکانی هۆزکەش گوێڕایەڵی سیاسەتی خێڵ و هۆز و تیرەکەیان و سەرۆک تیرە و دواتر وابەستەی سەرۆک هۆز و خێڵەکە بوون. هەر ئەویش بڕیاری شەڕ و ئاشتیی هۆزەکەی ئەدا، بۆیە گەورەیی و ئاوەدانیی شارەکان لەو هەرێمە وابەستەی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووریی ئەو هۆز و خێڵە بوو، کە ناوچە و شارەکانی بەدەستەوە بوو.[1]