ناو: بورهان
ناوی باوک: عوسمان
نازناو: بورهان پیانۆ
نووسینی: #خالید عومەر عوسمان#
بورهان پیانۆ-مۆسیقا ژەن
ناوی تەواوی (بورهان عوسمان ئیسماعیل حەمەد بایز) ە، ساڵی 1967 لە شاری #هەولێر# گەڕەکی #سێتاقان# لەدایک بووە، ساڵی 1998 هاوسەرگیری کردووە و چوار منداڵی هەیە بەناوەکانی (گۆڤان-محەمەد-لاڤان-لانە)، خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی هەژار تەواوکردووە و تا پۆلی سێی ناوەندی لە قوتابخانەی کۆماری خوێندووە، دواتر خوێندن جێدێڵێت، فەرمانبەرە لە بەڕێوەبەرایەتی کەلەپوور و هونەرە میللییەکان بەشی موزیک، ساڵی 1982 ئارەزوو دەکات فێری مۆسیقا ببێت بەشداری خولێکی مۆسیقا دەکات، سەرەتا دەیەوێت فێری ئامێری کەمان ببێت سەرکەوتوو نەبوو، پاشان ئامێری ساز لەوەش سەرکەوتوو نەبوو، دواتر دەچێتە سەر ئامێری ئۆرگ لەمەیان سەرکەوتوو دەبێت، ساڵی 1983 پەیوەندی بە تیپی مۆسیقای (دەریا) کردووە لە (مەرکەز شەبابی عەنکاوە) لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی مۆسیقا ژەن بەشداری چەندین بۆنە و ئاهەنگی بووک گواستنەوە دەکەن تا ساڵی 1990، ساڵی 1992 لە ستۆدیۆی سازان بۆ چەندین گۆرانیبێژ بە ژەنینی ئۆرگ گۆرانیان تۆمار کردووە لەگەڵ هونەرمەندان (وریا ئەحمەد و جان تۆماس) تا ساڵی 1997، دواتر لەگەڵ زۆربەی هونەرمەندانی شاری هەولێر بەشداری ئاهەنگەکان دەکات، چەندین خولی موزیکی کردووەتەوە و چەندین قوتابی فێری ئامێرەکان کردووە، هەروەها (30) گۆرانی بەدەنگی خۆی تۆمار کردووە بەڵام کلیپ نەکراون هەندێک لەم گۆرانییانە (من دڵی خۆم پێشکەشت کرد-تێکستی خۆی) (ملوانکە-ئاوازی تورکی و تێکستی خاتوو نەمام) (ژیانی من-ئاوازی تورکی و تێکست خۆی) (لەگەڵ تۆدا-تێکستی لیا کۆیی) (مەوال-تێکستی خاتوو ئیقبال) (خاڵۆ ڕێبوار) (نازی کچێک-تێکستی خۆی) (گوڵێک لە ژیان خۆی بەمن ناساند-تێکستی خۆی) (گەر دەزانی چەند عاشقتم-تێکستی لیا کۆیی) (لەگەڵ تۆدا دونیا ئیمنە-تێکستی.لیا کۆیی) (دەمرم دەمرم-تێکستی لیا کۆیی) (کاتێک شنەی با هەڵ دەکا-تێکستی شیلان محەمەد) (ئەی دایکە گیان-تێکستی گەلاوێژعەبدوڵڵا) (بێ تۆ ناژیم) (مەلی مەلی وازت لێدەهێنم-تێکستی خۆی) (وەرە دڵم مەشکێنە-تێکستی خۆی)، شارەزایی هەیە لە ئامێرەکانی (سەنتور-عود-ساز-کەمان-گیتار-ئیقاع).
ئەم ژیاننامەم لەخۆی وەرگرتووە لە 27-07-2021[1]