هەناری بن دەس سێوی سەر لق
#گوڵزار فەرەج#
ناونیشانی کتێبێکی نووسەر برایم محێدین عارفە، ئەو پەیڤانەی کەلە دوو توێی ئەم کتێبەدان زادەی ئەو سروشتە سەختەیە کە لەڕابردوودا ڕەوتی ژیانی سادەی کۆمەڵگای کوردی لەسەر ڕۆیشتوە، لەهەمان کاتیشدا دوای پێزانین و ئاشنابوون بەوشەکان، پێناس و داڕشتن و باسکردنیان زایەڵەی بیرو هزری نووسەرە، بەزمانێکی سادە وشەکانی ڕاڤەکردون تا هەموو تاکێکی خوێنەر بەسانایی لێیان تێبگات، لەخانەی کەلەپوری کوردیدا بپارێزرێن، لاوی سەردەم پێیان ئاشنابێت، ناسینی وشە فۆلکلۆریەکانی ئەم کتێبە لەدووتوێی نامیلکەیەکی سەدو هەشت لاپەڕەیی نەخشیندا چاپکراون، تاوەک ئەرشیفێکی کەلەپوری بمێنێتەوە، بەم ڕێگەیە وشەکانی لەفەوتان پاراستووە، تانەوەکانی داهاتوو سودی لێببینن.
کتێبی هەناری بن دەس سێوی سەر لق
کۆمەڵە بابەتێکی فۆلکلۆری، کەلەپوریە، هەڵبەت نووسەر بەهەمان ڕێچکەی کتێبی یەکەمی ڕۆشتوە، کەبابەتی کەلەپوریەو چاپکراوە لەڕابردودا، کتێبی بابەتی فۆلکلۆری یەکەمی بەناوی (لە پەراوێزی مەرگی شاپەروەردا) چاپکراوە، هەوێنێک بووە بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە بەهۆی تینوێتی خوێنەران بۆ بیستنی وشە فۆلکلۆریەکان و نەمانی کتێبەکە لە کتێبخانەکاندا.
هەناری بن دەس سێوی سەرلق
داڕشتنەکەی بەهەمان ڕێچکەی کتێبەکەی تری نووسەر سادە و ساکارانەیە وەک خۆی ئاماژەی پێداوە، مەبەست لە هەردوو کتێبەکە نەفەوتان و باسکردنی وشە ڕەسەنەکانی کوردییە کەلە پێشتردا خەڵکی لەشێوازی پێداویستیەکی سادەی ژیاندا بەکاریهێناون، یاپێی دواون لە ئاخاوتندا، وشەکانی ناو ئەم کتێبە، وەک بناغەیەکی پتەوی زمانی کوردی ڕەسەن چاوی پێدا دەخشێنرێت، زمانێکی پاراوی کوردیت فێر دەکات، چونکە
پێناسەی چەندین وشەی کەلەپوری کوردییە کە کاری پێکراوە و ئێستا بەکارهێنانیان نەماوە یان کەم بوون و خەریکە بیر دەچنەوە هەندێک لەدیاردەکانیش ئەفسانەی کەلەپوریە وەک خوونەریتێک لەسەری ڕاهاتون و لەپێشودا وەک چارەسەری کێشەیەک یا دەرمانی نەخۆشیەک پیادەکراوەو چاوی لێکراوە لەپراکتیکدا.
ئەفسانەی کەلەپوری لەبواری زانستی و تەندروستیدا هەموو بوارەکانی ژیانی گرتۆتەوە.
چارەسەریشی لەسەرکراوە، لەئەنجامی پڕکردنەوەی کەلێنەکانی پێداویستی ڕۆژانەی مرۆڤ لەهەمو بوارەکانی ژیاندا ئەفسانە هاتۆتە ئاراوە، وشە و پەیڤی ڕەسەنی کوردیش بەهەمان شێوەی ئەفسانە لەبوارەکانی زانستی و کۆمەڵایەتی تەنانەت ئابوری و سیاسیشدا بونی خۆیان نواندوە، دەکرێت ئەم وشە و پەیڤانە لەخانەی مێژووی کەلەپوردا جێگەی خۆی بگرێت، لەهەمان کاتیشدا لەم سەردەمە وەک فراوانی ئاستی زمانی کوردی وشەکان لە داهێناندا بەکار بهێنرێت، ئەم کتێبە مشتێکە لە خەرواڕێکی دەوڵەمەندی وشە و کەلەپوری کوردی بۆ ئەوەی زمان و ڕێزمانی کوردی وەک باڵندەیەکی بێناز نەخوێنێ، بێ سۆزی پێوە دیاربێت.
ئەرکە لەسەر نووسەران بەگشتی زمانی کوردی وەک ئەرشیفێکی دەوڵەمەند بەکار بهێنن و چاو لەزمانە فراوانەکانی جیهان بکەن، تاگەلەکەمان لە ژێر سایەی پاراستنی زماندا بحەوێتەوە و پارێزگاری لەبوونی بکات، بەرگێکی تازەگەری بپۆشێت لە ڕێی پاراستنی زمانەوە.
لەبەر ئەوەی زمان وەک دەمار وایە لەلەشی کۆمەڵدا، پاراستنی زمان پاراستنی بوونی گەلە هەموو کات وشەسازی لەپێناو پاراستنی زماندا وەک ئەو جۆگایانە وایه کە دەرژێنە نێو دەریا و ئۆقیانوسەکانەوە، ناهێڵن ئاوەکان کەم بکەن، زمانیش ناهێڵێت بونی میللەتی زیندو ڕوو لەنشێو بکات، هەتا زمان هەبێت میللەت لەناو ناچێت چونکە ناسنامەی بونی گەلە بەگشتی.
لەم کتێبەدا ئایدیا و بینینکاریەکی قوڵکراوە لەلایەن نووسەرەوە بۆ ناسینی وشەکان، لێرەدا چەند نمونەیەک دەخەینە پێشچاو کەجوانی و پڕبرشتی زمانی کوردی دەخاتە ڕوو لە پێشتردا وشەکانی:
(یەکە ناس، ئاژوت، داڵان، بەرداڵان بەردەباز، ئاوێژگە)، لەوشە ئاماژە پێدراوەکانی ناو پەرتوکەکەن، وەک چۆن بوار شوێنی پەڕینەوەی مرۆڤە لەئاوی خوڕی ڕوبار و چەمەکاندا بەردەبازیش شوێنی پەڕینەوەیە، لە ڕووبار و چەمەکان بەڵام بوار جیاوازە لەبەردەباز، لەکاتێکدا هەردووکیان لەپراکتیکدا پەرینەوەیە لەبەرێکی ڕووبارەکەوە بۆ ئەوبەری ڕوبارەکە، جیاوازیەکەش ئەوەیە بەردەباز پێی ڕێبوار تەڕ نابێت ئاوی بەردەباز ئاوێکی خوڕی تیژڕەوی پڕبەردی گەورە و دەنگ و خوڕە خوڕی بەرزە، جار جار ئاوەکە تەنکاوی بۆ پەڕینەوە لەخۆ دەگرێت، بەڵام تیژڕەوە، ئاوی بوار، مەنگ و بێ بەرد و قوڵترە.
ناونیشانی کتێبەکەش، هەناری بن دەس و سێوی سەرلق، مەبەستی خۆی دەدا بەدەستەوە، ئەوانەی هەنار دەڕنن ئەو ڕوونکردنەوە جوان دەبینن هەناری ئاودار کە پێگەشت قورسە و سەری قەدی ڕوەکەکە دەچەمێنێتەوە بۆ خوارەوە، واتە لێی مەترسە و لێی بکەرەوە دڵنیابە پێگەیشتوە و پاراوە، بەپێچەوانەی سێوەوە کە داری سێو قەدو ڕوەکەکەی باڵا دەکات و لقەکانی ڕاستەوخۆ دەچن بە ئاسماندا بۆیە ئەو سێوانەی دەکەونە سەری لقەکانەوە ڕاستەوخۆ لێ دەکرێنەوە دڵنیان پێگەشتون، کێشەیان نیە لەڕووی پێکهاتەی بەرهەمی دارسێوەکەوە، ئەوانەی سێو و هەنار دەڕنن هەمیشە پێوانە بۆ ئەم پەندە کوردیە دەکەن، بەپێی پەندەکەش ڕەفتار دەکەن.
شەنگە بێری، بێران، دوو وشەی جوانیتری ناو پێناسی وشە فۆلکلۆریەکانی کتێبەکەن کاتێک دەڵێن فڵانە کەس لەکوێیە دەڵێ چوەتە بێرانێ کە ئەویش مەڕدۆشینە، لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بەکاردێت، ناوی جیاواز جیاواز لەخۆ دەگرێت، کارەکە لەلایەن ژنانی کوردەوە ئەنجامدەدرێت، کەچێشتەنگاو یان ئێواران ڕان و مێگەلە مەڕ دەگەڕێنەوە ناو گوند لەپەچەکاندا ئاژەڵان پشوو دەدەن لەلایەن کابانی ماڵەکانەوە دەدۆشڕێن بەم دیاردەیە دەوترێ بێری، شەنگە بێری ئافرەتی شۆخ و شەنگ و چوست و چالاکە کە لە ڕاپەڕاندنی کارەکانی ئاژەڵداری و کارەکانی تری ژیانی گوندا سەرکەوتوە و بێباکانە کارەکانی ئەنجام دەدات. ئەمانە و چەندین وشە و پەیڤی جوانی تر لەکتێبە چاپکراوەی برایم محێدین عارف دا بەرچاو دەکەوێت، هەگبەیەکی پڕ برشتە لە سیمای دیاری جوانی فۆلکلۆر و کەلەپوری کوردەواریی.
لە دوتوێی کتێبێکی قەبارە ناوەندا، کە خوێندنەوەی هەراسانت ناکات، هێندە سەرنج ڕاکێشە نەپێناسی وشەکانی خستوەتە ڕوو ئاماژەشی داوە ئەمە کتێبی دووەمەو کار لەسەر چاپکردنی کتێبی سێیەمیش دەکات لەئاییندەدا.[1]