ناو: فەیسەڵ
نازناو: فەیسەڵ مام سمایل
ناوی باوک: ئیسماعیل
نووسینی: وشیار عەلی حسێن
ناوی تەواوی (فەدسەڵ ئیسماعیل ئۆمەر خدر جوامێر خدر عەلی) لە ڕێکەوتی (#01-07-1926# ) لە گوندی (#گردەشینە#)ی نزیک #باشتەپە# کە لە ئێستادا کوێربووەتەوە شوێنەواری نەماوە لە دایکبووە.
خانەدان، بە هەڵوێست، یەکێک لە پیاوە ماقوڵ و کەسایەتییە ناسراوەکانی گوند. دایکی ناوی (مەریەم عەوڵا پیرداود سیان) باشتەپەیی.
مام (فەیسەڵ) تەنیا برایەک لە خۆی گەورەتر بە ناوی (سەعید) ی هەبووە، کە زوو مردوەو کچێکی بە ناوی (زەمۆک = کەتان) لە دوا جێماوە کە دواتر مام فەیسەڵ بۆ خۆی ژن بە ژنی پێکردووە.
مام فەیسەڵ لەگەڵ خانەوادەی مام حاجی ئەحمەد و حاجی عەلی پلکە ئاسکێ ئامۆزایە. لەگەڵ مام حاجی ئەحمەد و حاجی ڕەشید و مام ئەنوەری حسێن سەرگەورە باوک ئامۆزان.
لەلایەن کۆمەڵایەتیدا، دوو جار پڕۆسەی هاوسەرگیری کردووە.
یەکەم هاوسەرگیری لە ساڵی (1944) بووە لەگەڵ خاتوو (کەتان حاجی مام شوان کەلهوڕی) خەڵکی گوندی (#بیرەعارەبان#) ی دەشتی #هەولێر# لەم خێزانەیدا تەنیا دوو کوڕی بووە ئەمانیش بەڕێزان مام (کەریم و قاسم) کە خاتوو (کەتان) لە ڕێکەوتی (03-03-1969 -ڕۆژی دووشەممە کۆچی دوایی کردووە). ئینجا بۆ جاری دووەم هاوسەرگیری لەگەڵ خاتوو (بنەوش ئیسماعیل سلێمان باشتەپەیی) ناسراو بە خاتوو (بنەوش ی پلکە مەیاسێ) دەکات، ئەم هاوسەرگیریەش وەک وتمان ژن بە ژنی بووە لە بەرانبەردا مام (فەیسەڵ) خاتوو (زەمۆک: ناسراو بە کەتان)ی برازای خۆی داوە بە مام (عوسمان پلکە مەیاس). لەم ئافرەتە بەڕێزە کوڕێک بە ناوی (غازی) و چوار کچی هەبووە.
مام (فەیسەڵ) لە گوند بە فەڵاحەتی ژیاوە و جووتە هێستری خۆی هەبووە. لە ساڵی (1957) کە بیری ئاوی ئیرتیوازی بۆ گوند دابینکرا، ئەو کرا بە میراوی بیرەکەو تا لە گوند مابوو هەر خۆی سەروکاری بیرەکەی دەکرد، بێ لەوە، تا لە ژیانی گوندیدا بەردەوامبووە بە نهێنی و بە ئاشکرا بۆ ساڵانێک مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی تفەنگی کردووە.
مام (فەیسەڵ) لە ساڵی (1974) دەستبەرداری ژیانی گوند بووە، هاتۆتە هەولێر گەڕەکی سەیداوە دانیشتووەو لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ژێر زەویدا وەک فەرمانبەر لەسەر پیشەکەی ماوەتەوە. کە گوندی جێهێشت لە پاش خۆیەوە هەم خانووەکەو هەمیش میراوییەکەی داوە بە مام (عومەر حاجی عەوڵڵا).
ماوە بڵێین مام (فەیسەڵ) لە ڕۆژی (شەممە) ڕێکەوتی (15-03-1986) لە تەمەنی (60) ساڵیدا لە گەڕەکی (مەنتکاوە) ی شاری هەولێر بە نەخۆشی دڵ کۆچی دوایی کردووە، و لە گۆڕستانی (گردەشینە) لە گوند بە خاکسپێردراوە.
مام فەیسەڵ کەسێکی دەنگ خۆشبووە، پێویستە ئەوەش بڵێین ئەو؛ بەدەر لە حەیران، بەستە و لاوکیشی وتووە. کاسێتی تایبەتیی خۆی هەیە و لە لای مام کەریمی کوڕی تەقەتکراوە. هەروا خودا لێیخۆشبێت مامۆستا (مەلا عەلی مامۆستا مەلا سەعید) یەکێکی دیکەیە لەوانەی کە کاسێتی دەنگی تۆمارکراوی ئەویان پاراستووە.[1]