نەخشەی میرنشینە کوردییەکانی ئازەربایجان، هەزبان و کوردیان
چۆمان حەمە تەقیەلدین
نەخشەی هەرسێ دەوڵەتی کوردیی دوای ڕووخاندنی ئیمپراتۆریای میدی (ماد) بە دەستی هەخامەنشییە پارسەکان لەسەر خاکی ئێستای کوردستان :
یەکەم/ شانشینی میدیای ئازەربایجان لە باکووری خۆرهەڵاتی کوردستان و ئازەربایجانی ئێران و کۆماری ئازەربایجان و بەشێکی باکووری کوردستان.
دووەم/ شانشینی کوردیان لە بەشێکی باکوور و خۆرئاوای کوردستان، زۆر جار دەکەوتە ژێر دەستی ئیمپراتۆریای ڕۆمەکان، بەڵام زۆربەی بەشێک بووە لە دەوڵەتی هەخامەنشیی و ئیمپراتۆریای مەکدۆنی و دواتر سلوکییەکان و پاشان ئەشکانی (پارتی)یەکان.
سێیەم/ دەوڵەتە بەهێزەکەی کوردستان، دەوڵەتی هەزەبانییەکان کە شاری #هەولێر#، پایتەختی هەرێمی کوردستان، پایتەختیان بووە، سنووری ئەو دەوڵەتە تەواوی باشووری کوردستان و زۆربەی خۆرهەڵاتی کوردستان و بەشێک لە وڵاتی ئێستای عێراق و ئێرانی دەگرتەوە.
مێژووی دامەزراندنی دەوڵەتی هەزەبانییەکان دیار نییە و لە ساڵی (15پ.ز) دووبارە بەهێز بووە و تا ساڵی (116ز) فەرمانڕەواییان کردووە و سەردەمێک شاکانی دەوڵەتی هەزەبانییەکان چونە سەر دینی یەهوودی.
لە پاش نەمانی دەسەڵاتەکەیان
وەکوو هۆز و خانەدان مانەوە و کۆچیان کرد بۆ هەرێمی ئاران لە کۆماری ئازەربایجانی ئێستا و دواتر بە ناوی هۆزی ڕەوادییەکان دەرکەوتنەوە و میرنشینی ڕەوادییەکانیان دامەزراند لە ساڵی (845ز) بە سەرۆکایەتیی میر محەمەد کوڕی حوسێن (ئەبوهیجای ڕەوادی) (845_851ز) و هەروەها خانەوادەی ئەیوبییەکان لە هۆزی ڕەوادیی کوردن.
بەشێک لە ڕەوادییەکان دووبارە ئەگەڕێنەوە بۆ شاری هەولێر و دووبارە میرنشینی هەزەبانییەکان دادەمەزرێنن لە ساڵی (946ز) بە سەرکردایەتیی میر محەمەد، کوڕی بیلال هەزەبانی (946_؟) و تا ساڵی (1140ز) بۆ ماوەی 194 ساڵ نزیکەیی (11) میر لەو میرنشینە کوردییەدا فەرمانڕەواییان کردووە.[1]