ئايين و باوەڕ لە کوردستان بەر لە دەرکەوتنی ئايينی ئيسلام
#کەیوان ئازاد ئەنوەر#
ئایین بە یەکێک لەو چەمکانە دادەنرێت کە زۆرترین پێناسەی بۆ کراوە. یەکێکیشە لەو چەمکانەی چەندین بۆچوون و لێکدانەوەی جیا جیای لەلایەن ئایینناسان و مێژوونووسان و بیرمەندان و تەنانەت خەڵکانی ئاساییشەوە بۆ کراوە، تا ئەوەی هەر یەکێک لەو زانا و مێژوونووس و پسپۆڕانە، لەژێر کاریگەریی ئایدیایەکی تایبەت، یان قەناعەت و باوەڕی خۆیان، لە چەمک و زاراوەی ئایینیان ڕوانیوە. هەربۆیە تا ئێستاش پێناسەیەکی دياريکراو بۆ ئایین نییە، واتە نە دەکرێت لە پێناسەیەکدا بۆ مانا و مەبەستی ئایین بڕوانین، نە چەمک و واتای ئایینيش لە پێناسە و ديدگايەکەوە دەردەکەوێت. دیارە ئەمە تەنیا بۆ تێڕوانین و تێگەیشتنی ئایینناس و بیرمەندان و مێژوونووسان و خەڵکانی ئاسایی نا، بەڵکوو بۆ دەقە ئایینییە پیرۆزەکانیش هەر وایە.
بۆ دەرخستنی ڕاستیی وتەکانیشمان، چەند نموونەيەک لە دەقە ئايينييەکان دەهێنینەوە. سەرەتا (تەورات)ی کتێبی پیرۆزی ئایینی جوو بە نموونە وەردەگرین. لە دەقێکی ئەو کتێبەدا هاتووە: ’’پەروەردگار فرمانی پێ کردووین پابەندی ئەو ڕێنماییانە بین کە لە کتێبی پیرۆزدا هاتووە‘‘. مەبەستیش لە کتێبی پیرۆز (تەورات)ە. واتە جگە لەو دەقانەی لەو کتێبەدا هاتووە، هیچ پێناسە و مانایەک بۆ ئایین جێگای باوەڕ نییە.
لە (ئاڤێستا)ی کتێبی پیرۆزی ئایینی زەردەشتییشدا هاتووە: ’’باشترین باوەڕداران و شوێنکەوتووانی من ئەوانەن کە پابەندی ئایینەکەن، خراپترینیشییان ئەوانەن کە هەودارانی ئایینەکە نین‘‘. ئەمەش بەو مانایەی، ئەوانەی لەسەر ئەو باوەڕ و ئایینە نین، بێباوەڕ و بێ ئایینن!
لە (ئینجیل)ی کتێبی پیرۆزی ئایینی مەسيحيیشدا هاتووه: ’’ئەوەی پێشوازی لە من دەکات، پێشوازی لە من ناکات، بەڵکوو پێشوازی لەوە دەکات، کە ناردوومی‘‘. ئەوەش بەو مانایەی، ئەوەی باوەڕی بە (عیسای مەسیح/ س.خ) و پەیامەکەی نەبێت، لە ڕیزی باوەڕداران نییه. لە (زەبوور) کتێبی پیرۆزی ئایینی مانییشدا هاتووە: ’’ئایین، ستایشی خودای ڕووناکی و گیانی پیرۆز و مانییە‘‘. لەم ئایینەشدا تاکە ئایینی قبووڵکراو لای خودا پەیامەکەی ''مانی''یە.
کاتێکیش بۆ دەقەکانی ''قورئان'' دەگەڕێینەوە، دەگەینە ئەوەی کە ئايين لە چوارچێوەی پابەندبوون بە ئایینی ئیسلامدا دەسووڕێتەوە. لەم بارەوە، لە سوورەتی (ال عمران) ئایەتی (85)دا هاتووە: ’’ئەوەی جگە لە ئیسلام ئایینێکی دیکە قبووڵ بکات، خودا لێی وەرناگرێت و لە کۆتاییدا لە دۆڕاوەکانە‘‘. مانای ئەم دەقە قورئانييەش ڕوونە.
ئەمە سەبارەت بە دەقە پیرۆزەکان، بەڵام لە تێڕوانینی زانا و بیرمەند و مێژوونووس و توێژەراندا، مانای دیکەیان بەخشیوە. لەم بارەیەوە (ئەلبەغدادی)ش وەک ئاییناسێکی ئیسلامیی سوننە، ئایینی بە پابەندبوون بە ئایینی ئیسلام و لەو ئایینەش بە پابەندبوون بە ئایینزای سوننە زانیوە و لادان لێیشی، بێباوەڕی و لادان بووە لە ئایین.
(جۆرج فەردریک هیگڵ/ 1770-1831ز)یش وەک بیرمەندێکی ئەڵمانی ئایینی بە پێویستییەکی ئادەمیزاد زانیوە، بێ ئەوەی جۆری ئایینەکە دیاری بکات. ئەو پێی وابووە: ’’مرۆڤ پێویستی بەوە هەیە کە ئایینێکی هەبێت. گیانداریش هێندەی ئەوەی لە ئاییندا هەژارە، بەقەد ئەوەندە لە یاسا و ڕەوشتدا هەژار نييە‘‘.
(ئامیل دورکهایم/ 1858-1917ز)یش وەک بیرمەندێکی فەڕەنسی، ئایینی بە کۆمەڵێک بیروباوەڕی لەگەڵ يەکگرێدراو زانیوە و پێی وابووە، بە هەموویان ئایینێک دروست دەکەن. مرۆڤیشی ئازاد کردووە لەوەی باوەڕ بە کام ئایین دێنێت.
(دیڤد هیوم/ 1711-1776ز)یش وەک بیرمەند و ئایینناسێکی ئینگلیزی، فراوانتر بۆ ئایینی ڕوانیوە و بە پێویستییەکی ژیانی مرۆڤەکانی زانیوە و پێی وا بووە، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا خێڵێک نەبووە ئایینی نەبووبێت، بۆیە مرۆڤایەتی لە سەرانسەری جیهاندا ئایینی بوون و ئایینیین، چونکە ئایین شتێک دەدات بە مرۆڤ کە لە هیچ سەرچاوەیەکدا دەست ناکەوێت. هەروەها یارمەتیدەری مرۆڤیشە لە دنیادا و لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ناخۆشییەکانیدا بە جیهانی دوایی سەبووریی دڵ دەدات و بەهۆیەوە چاوەڕوانی ئەو دنیای دیکە دەکات.
لەم پێودانگەشەوە، باوەڕ و تێگەیشتن و تێڕوانین بۆ ئایین لای هەر زانا و بیرمەند و توێژەرێک لە خودی باوەڕی خۆیەوە سەرچاوەی گرتووە، بۆیە لە مێژوودا پێناسەیەکی بێلایەن و سەربەخۆ بۆ ئایین نابینین. هەر ئەوەشە وای کردووە، کە لای زۆربەی ئەوانەی بڕوایان بە یەک باوەڕ و ئایینی تایبەت بووە، هەموو باوەڕ و ئایینە دژەکانی بەرامبەریان ڕەت کردووەتەوە.
لێرەوە دەگەینە ئەوەی، کە (ئایین) بە گشتی لە (دوو) ڕوانگەوە سەیر کراوە، ئەوانیش:
یەکەم: (ئایینە ئاسمانییەکان)، مەبەست لەو ئایینانەیە، کە بانگەشەکارانیان پەیامەکەیان بۆ خودا گەڕاندووەتەوە و وا بانگەشەیان کردووە، کە پەیامەکانیان لەلايەن خوداوە و لە بەرزاییەکانی ئاسمان و لە ڕێگای فریشتەیەکەوە هاتووەتە سەر زەوی. دەقەکانیشیان بە پەیامی پەروەردگار زانیوە و دەزانن، وەک ئایینەکانی (جوو، مەسیحی، ئیسلام).
دووەم: ئایینە زەمینییەکان، کە مەبەست لەو ئایینانەن، لەلایەن چاکساز و بیرمەند و زاناکانەوە لەسەر زەوی دانراون و خۆیان بە ئاسمانیی نەزانیوە، وەک ئایینەکانی (بووزی، تاوی، هیندۆسی...تاد).
هەر بۆيە (ئایین) بەو پێناسە جیاواز و ئایینە جیاوازانەوە، لە کوردستان و نەتەوەی کورد دوور نەبووە، بەڵکوو چەندین ئایین و باوەڕی ئاسمانی و زەمینی لەسەر ئەو خاکە دەرکەوتوون و بڵاو بوونەتەوە. بۆ تیشک خستنە سەر ئەم لایەنەش، ئاوڕ لە دیارترین ئەو ئایین و باوەڕانە ئەدەینەوە، کە تا دەرکەوتنی ئایینی ئیسلام لە کوردستان دەرکەوتن و بەنێو کۆمەڵگای کوردیدا بڵاو بوونەتەوە.[1]