دەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی ئايينی زەردەشتی
#کەیوان ئازاد ئەنوەر#
دەرکەوتنی ئایینی زەردەشتی بۆ (زەردەشتی کوڕی پورشاسب) دەگەڕێتەوە، کاتێک لە ساڵی (630پ.ز) و لە سەردەمی دەوڵەتی ماد و لەنێو قەڵەمڕەوییەکدا لە ناوچەی ئازەربایجان بانگەشەی پەیامبەرایەتیی کرد. ئەوەش بەو مانایە بوو کە پەیامبەرەکەی و خودی ئایینەکەش لە ناوچەیەکی کوردنشین و کوردستانیی سەرچاوەی گرت، بەڵام بڵاوبوونەوەی بە کوردستاندا بۆ کۆتاییەکانی تەمەنی دوا کەوت.
هۆیەکەش ئەوە بوو، سەرەتا پەیامەکەی لێ وەرنەگیرا، بۆیە بەناچاری بەرەو ناوچەکانی باشووری خۆرهەڵات ڕۆیشت، تا دواجار لە هەرێمی پارس گیرسایەوە. لەوێش لەلایەن (گوشتاسب کوڕی لەهراسب)ی میری هەرێمەکەوە پێشوازیی لێ کرا و پەیامەکەی قبووڵ کرا و وەک ئایینی فەرمیی میرنشینەکە ناسرا. دوای (چل و حەوت) ساڵی پەیامبەرایەتی و (حەفتا و حەوت) ساڵ تەمەن، دواجار لە ساڵی (583پ.ز)دا کۆچی دوایی کرد. ئەوەش دوای ئەوەی، بۆ پشتیوانی لە بنەماڵەی کیانی دەسەڵاتداری هەرێمی پارس، لە ڕووبەڕووبوونەوەی تورکە بتپەرەستەکانی خۆرهەڵاتدا کوژرا. بەرلەوەی کۆچی دواییش بکات، پەیامەکەی بۆ هەڵگران و هەوادارانی بەجێ هێشت، تا لە بڵاوکردنەوەیدا درێغی نەکەن.
ئەم ئایینە، بە یەکێک لە ئایینە کۆنەکانی کوردستان و ئێران دادەنرێت، کە بە درێژایی ساڵەکانی دوای سەرهەڵدانی، تا دەرکەوتنی ئایینی ئیسلام، بە زۆرینەی خاکی کوردستاندا بڵاو بووەوە و پەيڕەوانی بۆ دروست بوو. هۆکاری یەکەم ئەوە بوو، ئایینەکە لەلایەن دەسەڵاتێکی ناوچەیی ئێرانی قبووڵ کرا و دەرفەتی بڵاوبوونەوەی بۆ ڕەخسا. هۆکاری دووەميش، گەیشتنی ئایینەکە بوو بۆ نێو قەڵەمڕەوی دەوڵەتی ماد، کاتێک لەلایەن (کەی ئەکسار کوڕی فراورتیس) و دواتر (ئەستیاگز کوڕی کەی ئەکسار) قبووڵ کرا. بەو هۆیەشەوە، ئایینەکە بە ناوچەکانی کوردستان و ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ماددا بڵاو بووەوە.
دوای ڕووخاندنی (دەوڵەتی ماد)یش بووە ئایینی فەرمیی ئیمپراتۆڕیی هەخامەنشی، چونکە پێشتر ئایینی فەرمیی بنەماڵەکەیان بوو، هەر لە ڕێگای ئەم بنەماڵەیەشەوە ئایینەکە گەیشتبووە کۆشکی شاهانەی ماد و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی، بۆیە بە گەیشتنی بنەماڵەی هەخامەنشی بۆ دەسەڵات، جارێکی دیکە هێزێکی تریان دایەوە بەر ئایینەکە و بە خاکی کوردستان و ناوچە کوردنشینەکاندا بڵاویان کردەوە.
دوای ڕووخاندنی ئەم دەوڵەتەش لەلایەن یۆنانییەکان، ئایینەکە کەوتە پەراوێزەوە، چونکە باوەڕی سەرەکیی ئەوان بتپەرستی بوو، بەڵام دوای نەمانی دەسەڵاتی یۆنانییەکان لە کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، جارێکی تر لەلایەن ئیمپراتۆڕیی ئەشکانی ئازادیی پێ درا و دەرفەتی بڵاوبوونەوەی بۆ ڕەخسا، تا ئەوەی زۆرینەی پادشاکانی ئەشکانی زەردەشتی بوون.
کاتێکیش (ئەردەشێری کوڕی بابەک) ئیمپراتۆریی ساسانی لە ساڵی (226ز) دامەزراند، ئایینی زەردەشتی زیندوو کردەوە و کردییە ئایینی فەرمیی دەوڵەتەکەی و بایەخی پێ دا، چونکە خۆی لە بنەماڵەیەکی ئایینی بوو و (ساسان)ی باپیریشی مووغێکی پەرەستگای (ئاناهیتا)ی زەردەشتی و خاوەن پایەیەکی گرنگ و گەورە بوو. هەر بۆیە لە دەسپێکی کارەکانیدا فرمانی کۆکردنەوە و نووسینەوەی دەقەکانی (ئاڤێستا)ی دا.
لەو کارەشیدا پشتی بەو دەقانە بەست، کە لە هەردوو ئاتەشکەدەی (ئاناهیتا و شیز) پارێزرابوون. (ئاتەشکەدەی ئاناهیتا) کەوتبووە نێو شاری (کەنگاوەر)ی سەر بە ناوچەی باختر، واتە (کرماشانی ئێستا). (ئاتشکەدەی شیز)یش کەوتبووە نێو شاری (شیز)ی ئازەربایجان، کە بڕواش وابوو، خودی (زەردەشت) ئەو ئاتەشکەدەی دروست کردبێت. هەردوو شار و ئاتەشکدەکەش کەوتبوونە خاکی کوردستانەوە.
بە کۆکردنەوەی ئەو دەقانەی (ئاڤێستا) و ڕێکخستنەوە و دواتر نووسینەوەیان، بەرهەمێکی لێ پێکهات، کە دواتر ناوی (زەند ئەڤێستا) واتە (ئاڤێستای نوێ) ناسرا. ئەو کتێبەش کرایە سەرچاوەی سەرەکیی ئایینی و یاسایی ئیمپراتۆڕیی ساسانی لە ماوەی دەسەڵاتیدا. واتە تا ئەو کاتەی ئیمپراتۆڕیی ساسانی لە ساڵی (651ز) ڕووخا، (ئایینی زەردەشتی) ئایینی فەرمیی دەوڵەت و کتێبی (زەند ئاڤێستا)ش یاسا و سەرچاوەی دەسەڵات و دەزگا بەڕێوەبەرایەتییەکانی بوو، تەنیا لە (دوو) ماوەدا نەبێت.
ماوەی یەکەم کەوتبووە نێوان ساڵانی (242-252ز)، چونکە (شاپووری یەکەمی ساسانی/242-272ز) بۆ ماوەی (دە) ساڵ باوەڕی بە ئایینی مانی هێنا و و کردییە ئایینی فەرمیی دەوڵەتەکەی. ماوەی دووەمیش کەوتە سەردەمی (قوبادی یەکەمی ساسانی/488-532ز)، چونکە ئەمیش بۆ ماوەی (دە) ساڵ باوەڕی بە ئایینی مەزدەکی هێنا، کە لە (دوو) باسی داهاتوودا تیشکیان دەخەینە سەر.
لێرەشەوە دەگەینە ئەوەی کە ئایینی زەردەشتی، ئایینی بەشێکی تا ڕادە زۆری دانیشتوانی کوردستان بوو لەو سەردەمەدا. هەر بۆیە کاتێک ئایینی ئیسلام لە ناوەڕاستی سەدەی حەوتەمی زایینی گەیشتە کوردستان، پەیڕەوانی زەردەشتی بەشێکی تا ڕادە زۆری پێکهاتەی ئایینەکانی دانیشتوانی کوردستانیان پێکهێنابوو، چونکە (چوار سەدە)ی دەسەڵاتی ساسانییەکان کەم نەبوو، تا ئەم ئایینە بگەیەننە دوورترین ناوچەی کوردستان، بە گوندە دووردەستەکانیشەوە. تەنانەت لە زۆربەی شار و شارۆچەکانی کوردستاندا پەرەستگای زەردەشتی واتە (ئاتەشکەدە) دروست کرابوون و سەدان و بگرە هەزاران مووغی زەردەشتیش کورد و خەڵکی کوردستان بوون.[1]