جەنابی سەرۆک
#شەماڵ بارەوانی#
جەنابی سەرۆک، لەساڵی 1946هاتووتە نوسین و لەساڵی 1967خەڵاتی نۆبلی ئەدەبی بەدەستهێناوە و بەباشترینی ڕۆمانەکانی میگێل ئەنخل ئاستۆریاس و ئەمریکای لاتین دێتە ژماردن،
ڕۆمانێکی سیاسیە، داستانی ئستبدادیەت و ئیدانەو سەرکۆنەی هەموو سەرکردە و سەرۆکێکی سەرکوتکار و دیکتاتۆر و تۆتالیتارە.
نووسەر لەو شاکارە مەزنەدا، باس لەسیستەمێکی قەمعی و تۆتالیتاردەکات، سیستەمێک کە خشتی حوکمڕانێتی لەسەر ترس و چەوسانەوە و دیکتاتۆریەت ڕۆنرابێت، سیستەمێکی پۆلیسی جەنابی سەرۆک تێیدا هەموو شتێک بێت، هەموو یاساکان سەرۆک دایبڕێژێت و وەک هەویر بیانشێڵێت و چۆنی ویست و چۆنی حەزلێ بوو و چۆنی میزاجکرد، بەکاریان بێنێت، جەنابی سەرۆک سەرچاوەی یاساکانە، سەرچاوەی تەشریعە، جەنابی سەرۆک کارێزمایە، پیرۆزە، لەسەرووی ڕەخنەوەیە.
جەنابی سەرۆک چیگوت، ئەوە بەرژوەندی گشتی و یاسای هەموانە، جەنابی سەرۆک گوتی، گەل گوتی، لەوەها سیستەمێکی شمولیدا هەموو شتێک لەدەست یەک تاقەکەسە، ئەویش جەنابی سەرۆکە، جەنابی سەرۆک یاسادانەرە، سەرۆک ئەرکانە، وەزیری جەنگە، سەرۆکی دادگایه، جەنابی سەرۆک یەکەم شت و کۆتا شت و هەموو شتێکە، لەو سیستەمەی جەنابی سەرۆکدا، جگە لەدەنگی سەرۆک هیچ دەنگێکیتر نابیسترێت، ئیتر جەنابی سەرۆک لەجیاتی هەموان بیردەکاتەوە، بڕیاردەدات، قسەدەکات، دەبینێت، دەبیسێت، جەنابی سەرۆک ئیرادە و ویستی هەموانە.
هەرچی جەنابی سەرۆک پێی باشبوو باشە، هەرچیش گوتی خراپە خراپ، جەنابی سەرۆک بەماست بڵێ ڕەش، ڕەشە و بە ڕەشیش بڵێت سپی سپیە، ئەوە تەواو کۆتا بڕیارو تێکستی پیرۆزە و هەرگیز مشتومڕو قسە هەڵناگرێت، جەنابی سەرۆک مەعسوم و پارێزراوە لەهەڵە، پیرۆزی لەئاسمان و شەرعی لەخواوەندو شەرعیەتی لەزەمینەوە وەرگرتووە، جەنابی سەرۆک لەجیاتی هەموان خەون دەبینێت و پلان دادەڕێژێت، جەنابی سەرۆک واجب الوجودە و پێویستی بە سەلماندن و هەڵسەنگاندن نییە، کاتێک جەنابی سەرۆک بیردەکاتەوە، هەموان بیردەکەنەوە، جەنابی سەرۆک هەیە کەواتە هەموان هەن، جەبابی سەرۆک چی بەحەڵاڵ زانی حەڵاڵە، چیش حەرام حەرامە.
لەچاوی جەنابی سەرۆک گەل، تەنها فاریزەی دوای ژمارە، ئامێری بەکارهێنان، ئامڕازی خزمەتکردنی خواست و حەزەکانی و بوکەڵەی دەستی ئەون، جەنابی سەرۆک ئامانجە، گەیشتووە بە پلەی باڵاو ڕەهایی.
لەکۆماری جەنابی سەرۆکدا، ترس و بێدەنگی دڵەڕاوکێ سیمای ژیانە و لەسایەی ئەو دەوڵەتە دیکتاتۆریەی جەنابی سەرۆکدا، کەس بۆی نییە قسە بکات، تەنها ئەوکاتە نەبێت، کە بەباڵای جەنابی سەرۆک دا هەڵبداو باسی دەستکەوت و کارەپیرۆزەکانی، پاڵەوانێتی و سەرکەوتنەکانی جەنابی سەرۆک بکات.
لەدونیای جەبابی سەرۆکدا. خەڵک هیچ مافێکی نییە، تەنها ئەوە نەبێت، کە شوێنکەوتەیەکی کوێرانەی جەنابی سەرۆک بکات و ئیتاعەو پێگیریەکی تەواو ڕهای بڕیارەکانی جەنابی سەرۆک بێت و ولائو دڵسوزیەکی پڕ یەقین و خاڵی لەگۆمانی بۆ جەنابی سەرۆکی هێژا هەبێت.
گومان کردن لە شەهامەت و هەیبەت و دەسەڵات و زەرورەت و هێزو تواناو باڵایی و ڕەهایی و پیرۆزی و بانڕەخنەیی بوونی جەنابی سەرۆک، یەکسانە بە یاخی بوون و ناپاکی و بەندیخانەو مەرگ، بۆچون دەربڕین، ڕەخنەگرتن، جیاوازی ڕا، ئۆپۆزسیۆن بوون، هەموو ئەو شتانە لەسیستەمی جەنابی سەرۆکدا بەیاسا قەدەغەکراون و کەس بۆی نییە توخنیان بکەوێت، ڕەنگە تاقە شوێنێک تاک بتوانێت تێیدا بیرو بۆچوونی خۆی ئازادانە دەرببڕێت و ڕەخنە بگرێت، پشت شیشەکانی بەندیخانە بێت، لەنموونەی ئەو چوار بەندکراوەی لەبەندیخاندا، لەناوکەشێکی لێوان لێو لەترس و قەڵەق و تۆقێنەردا، باس لە خواوەندو بڕواو ئازادی دەکەن و دیالۆگیان لەبارەوە دەکەن.
لەکۆماری جەنابی سەرۆکدا، کەس بۆی نییە، بەبێ ڕوخسەتی جەنابی سەرۆک بیر بکاتەوە، بخوێنێت، ببینێت، ببیستێت، ڕێبکات، دانیشێت، پشووبدات، بخوات و بخواتەوەو بخەوێت.
کەی جەنابی سەرۆک فەرمانی کرد. بگرین، هەموان دەبێت بگریێن، پێبکەن، هەموان دەبێت بدەن لەقاقا، کەی گوتی نان بخۆن، بیخۆن و کەیش گوتی لەپێناو جەنابی سەرۆکدا بەڕۆژوو بن هەموان دەبێت بەڕۆژوو بن.
بەو چەشنە ئیدی جەنابی سەرۆک بەرگی قوداسەت دەپۆشێت و دەبێت بەعەقیدەی فەرمی دەوڵەت و ئایینی پیرۆزی هەموان، دەبێت بە ڕوگەو کابەی پیرۆزو، دەبێت بە بتی باڵای هەموان و دەبێت هەموان پێڕەوی لێبکەن و بەدەوریدا بخوڵێنەوەو بەندایەتی بۆ بکەن و کڕنۆشی پەرستش و زەلیلی بۆ بەرن!
ڕۆمانی(جەنابی سەرۆک) ڕۆمانێکە، باس لەخەیاڵ ناکات، بەڵکوو چیرۆکەکانی هەموویان ڕاستین و هەڵقوڵاوی واقعێکن و، باسکردنەلە ئەزمونی بیست ساڵ حوکمڕانی (مانوێڵ ئەستيرادا کابرێرا)، ، ئەو پیاوەی بیست ساڵ وەک دیکتاتۆرێک لە گواتیمالا حوکمی کردو ڕەنگە هەڵەنەکەین و سەددەرسەد ڕاستبین، کاتێک بڵێین ئەو ڕۆمانە پڕ بەپێست بێت، بۆ دکتاتۆرگەلێکی وەکو جەنابی: ستالین، سەدام، هیتلەر، فرانکۆ، کاسترۆ، کيم جونگ ئۆن، دەوڵەتی خەلافەتی داعش، حوکمی تاڵیبان..تاد.
(جەنابی سەرۆک) لەسایەی سیستەمێکی دیکتاتۆری و سەرۆکێکی دیکتاتۆردا، وڵات چۆن دەبێت بە دۆزەخێکی بێ ئامان و بەندیخانەیەکی مەزن و ژیانی هاووڵاتیان چۆن دەبێت بە یەکپارچە لەنەهامەتی و ئازارو ترس و تراژیدیا، (جەنابی سەرۆک) پێمان دەڵێت لەوەها سیستەمێکی تۆتالیتاریانەی بەعس ئاسا، ستالین ئاساو هیتلەر ئاسادا، چۆن یاساکان گەمەیان پێدەکرێت و مرۆڤەکان بێ ڕێزی و ئازادیەکان سوکایەتی.
(جەنابی سەرۆک) پێمان دەڵێت دیکتاتۆرییەت چ کارەساتێک و چ مەرگەساتێک دەخولقێنێت و چۆن کەرامەت و کەسایەتی و ڕۆحی مرۆڤەکان تێک و پێک دەشکێنێت و ژیان و بوونیان بە بەرداشی دیکتاتوریەت دەهاڕێت چارەنووس و داهاتوویان وێران و وردو خاش دەکات.[1]