ناونیشانی پەڕتووک: باڵندەکانیش دەنیشنەوە
ناوی نووسەر: #بەیان سەلمان#
شوێنی چاپ: #سلێمانی#
چاپخانە: کارۆ
دەزگای پەخش: ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند
ساڵی چاپ: 2021
ژمارەی چاپ: یەکەم
ڕۆمانەکە چیرۆکی پێنج کوڕی گەنج و دوو ئافرەت دەگێڕێتەوە، کە بە کۆڵەپشتی ئازار و بە باوەشی نهێنییەکانیان و لەدەستدانی هەموو ناسنامەیەک، دنیایەکی تەماوی لە دوای خۆیان بەجێ دەهێڵن، بە ئومێدی دەستپێکردن لە خاڵی سفرەوە، دەیانزانی چی چاوەڕوانییان دەکات؟.
لەم ڕۆمانەدا ئازار هەتا ناو قووڵایی ناخی کەسایەتییەکان شۆڕ دەبێتەوە و لەگەڵیاندا هەنگاو دەنێ، لەناو جیهانێکی گەمارۆدراو بە خەونی گەیشتن بە شوێنێک، پەناهەندە، باڵندەیەکە، ئەگەر بگاتە خاکێکی بێگانە و لێی بنیشێتەوە، دەکرێت لە هەر ساتێکدا بەسەریدا بێت دووبارە بفڕێتەوە بۆ جێیەکی تر. لەو گەڕانەدا بەدوای شوێنێکی ئارامەوەیە.
ئەم ڕۆمانە لە هەناوی واقیعی ئەمڕۆوە هەڵقوڵاوە، خۆیان دەدۆزنەوە؟ یان جۆرێکی تری گەڕان دەست پێ دەکەن؟ واتە ئەم ڕۆمانە زۆر نزیکە لە ڕۆحی ئەو ئازارانەی لە ڕۆحی ئەم سەردەمەدا مرۆڤ پێوەی دەناڵێنێت، ئازارگەلێک کە نە لە شوێنی خوی ئاسوودەیە و نە هیچ جێگەیەکی دیکەش باوەشی بۆ دەکاتەوە.[1]