گولەی پیاوان
گولە: گیانەوەرێکی زۆر بچوکە، بۆ زمانەوانیش بە کەسێکی: پووت و پیس و پەرۆس و تۆزاوی و کورتیلەی ناشیرین دەوترێت، جگە لەمە گژوگیایەکی کوردەواریش هەیە پێی دەوترێت: گولە، سەوزە شێوەی قوڕادەیە، بەڵام پەڵک و لاسکی گەورە و پانترە، هەندێ گوندی هەولێر، زەوی و ئاقاریان هەیە بەناوی ئه و گیایەوە ناو دەبرێن بە گولەدار، ئینجا لە کوردەواریدا بەتایبەت لە هۆنراوەی فۆلکڵۆردا زۆر بەکارهێنراوە وەک کە #حەسەن زیرەک# دەڵێت:
هاتووم لەلای بۆکانێ، کورتێ خاڵ دانەدانێ
تۆ پێت لەسەرچاوم دانێ، بۆچ گولە قەدرت نازانێ
هەروەها وتراویشە: لەمن و لە گولەکەی مێردت، کاممانت خۆشتر دەوێت
وەکو ئیدیۆمیش بۆ پیاوێکی کورتیلەی ناشیرین بەکاردەهێنرێت کە هیچی تیابەستە نەبێت و هاوسەرێکی باڵابەرز و خوێن شیرین و جوانی هەبێت، بە تەوسەوە به و مێردە دەوترێت: گولەی پیاوان.[1]