تەشی لە فەرهەنگی کوردەواریدا
نوسینی: ڕووناک ساڵح
تەشی ئامێرێکی کۆنی کوردوارییە، لە کۆندا ئافرەتان بەکاریان هێناوە بۆ ڕستنی خوری و دروستکردنی (دەزو)، (بەن)، (داو).
جاران زۆربەی پۆشاکی کوردەواری و پاپۆش و کەرەستەی سواری لە بەن و دەزوو دروست دەکرا، بۆیە ئافرەتانی کورد لە لادێکاندا دوای تەواو کردنی کارو باری ناوماڵ خۆیان بەبەکارهێنانی تەشییەوە سەرقاڵ ئەکرد بۆ ڕستنی خوری و دروستکردنی دزوو یان بەن.
تەشی ئامێریکی سادەیە لەدار دروستکراوە سەرێکی خڕی هەیە لە شێوەی لنگە دەستاڕ کە قولاپێکی پێوەیەو بەشی خوارەوەی کلکێکی باریکە و کۆتایەکەی نوکێکی تیژە.
چۆنیەتی بەکارهێنانی تەشی: سەرەتا خوریەکە شی ئەکرێتەوە پاشان لول ئەکرێت لەشێوەی گوریسێکی نەڕێسراودا، دواتر خوریەکی لە قولاپەکە دەئاڵێنرێت و هێواش هێواش بەهۆی خولانەوەی تەشیەکەوە خوریەکە گرژ ئەبێت و لە ناو قەدی تەشیەکە ئەئاڵێنرێت.
ئەگەر تەشی ڕێس بیەوێت خوری بۆ پۆشاک(ڕانک و چۆغە) بڕێسێت، ئەوا هەم خوریەکەو هەم تەشیەکە ئەبێ تایبەت بێت، بەخوری ڕێسراوی باریک کە بۆ ڕانک و چۆغە باکاردێت ئەوترێت دەزوو، بەهەمان شێوە بۆ دروستکردنی فەرش و مافوریش وردەکاری بەکار ئەهێنرێت، بەڵام بەشێوەی دەزووی ڕانک و چۆغە نا، ئەگەر بیانەوێت خوری یان مووی بزن بۆ دروستکردنی گوریس و ڕاخەر(بەڕ) بڕێسن ئەوە کارەکە ئاسانترە و بە ڕێسراوەکە ئەوترێت (بەن)، هەڵبەتە ئەوەی کە ڕێسراوەو بەکلکی تەشیەکەوە ئاڵێنراوە پێی ئەوترێت گڵۆڵە بەن یان گڵۆڵە دەزوو.
شێوازی ڕستنەکەیش ئەوەیە کە ئافرەت پەنجەی گەورو شایەتمانی بە زمانی تەڕئەکات خوریەکەی پێ شی ئەکاتەوەو ئەی دا بەدەم تەشیەکەوە جا یان بەو دوو پەنجەیە تەشیەکە هەڵ ئەخولێنێت یان بەلەپەدەستی کلکی تەشیەکە لەسەر ڕانی دائەنێت و ئەیخولێنێتەوە.
هەروەک لە گۆرانی و ئەدەبیاتی کوردیشدا بەکار هاتووە، گۆرانی شیرین تەشی ئەڕێسێ ی مامۆستا #مەزهەری خالقی# بەناو بانگە.[1]