پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی سۆڤێت و تورکیا 1930-1920 و کاریگەری لەسەر پرسی کورد.
ئارام عەلی مستەفا
کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان، زانکۆی سلێمانی.
گۆڤاری زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی.
مێژووی پەیوەندییەکانی ڕووسیا و دەوڵەتی عوسمانی بۆ پتر لە 5 سەدە دەگەڕێتەوە، کە هەندێک جار شەڕ و ململانی سەخت و هەندێک جاری تریش، بە شێوەیەکی ئاشتی و دۆستانە بووە.
لەو کاتەوە دەوڵەتی عوسمانی لە سەرەتای سەدەی 18وە چووە قۆناغی لاوازبوون و هەڵوەشاندنەوە.
ڕووسیا ڕۆڵێکی گرنگی لە داپچڕانی ناوچەکانی لە قەفقاز و ئاسیای ناوەڕاست بینی.
ئەگەر سیستەمی (پارسەنگی هێزەکان) یش لە نێوان وڵاتە گەورەکانی ئەوروپا لە سەدەی 19 نەبوایە، ئەوا ڕووسیا بە تەواوی دەوڵەتی عوسمانی لەناو دەبرد.
بەڵام لە کۆتاییەکانی جەنگی یەکەمی جیهانی و دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی 1917 لە ڕووسیا و دوای کشانەوەی ڕووسیای سۆڤێتی لە جەنگەکە و ئاشکراکردنی پەیمانی سایکس پیکۆ و ڕێکەوتن لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانیی چوار قۆڵیی، بە تایبەتی ئەڵمانیا و دەوڵەتی عوسمانی، پەیوەندییەکان بەرەو ڕێککەوتن ڕۆیشتن، ئەوە بوو پەیمانی برێست 1918 لە لیتوانیا بەسترا.
دەوڵەتی عوسمانی هەروەک ئەڵمانیای هاوپەیمانی، بە کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە بەرەکانی جەنگ بوژایەوە و لەگەڵ ئەوەشدا، کە ڕێکەوتن لە نێویاندا هەبوو، بەڵام پەلاماری ناوچەکانی قەفقازیای ژێردەستی ڕووسیایان دا، بەڵام دوای دەرکەوتنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی تورک و پەیمانی سیڤەر، ئاڵوگۆڕێک لە بەرەکانی جەنگدا ڕووی دا، کە لەو کاتەدا ببوو بە ڕوسیای سۆڤێتی و حکومەتی ئەنقەرە، کە سوودی زۆریان لەم هاوپەیمانییە وەرگرت. بەڵام لەم کاتەدا دەرفەتێک بۆ کورد درووست بوو بە تایبەتی لە کوردستانی عوسمانیدا، تا بە ئامانجەکانی بگات و هەر هیچ نەبێت لە چوارچێوەی پەیمانی سیڤەردا هەندێک دەستکەوتی ناوچەیی بە دەست بهێنێت.. [1]