ناونیشان: پرۆسەی پەروەردە و شانۆی مناڵان
نووسەر: #ڕەئوف ئالانی#
لەناو پرۆسەی پەروەردەدا، هەندێ فاکتەر هەن، کاتێ گرنگیان پێدەدرێ، پرۆسەکە باشترو چاکتر ئامانجەکانی دەپێکێ، مەبەست لە پێکانی ئامانج، گەیشتنە به و ویستەی کە پرۆسەی پەرەوردەی لەسەر بونیادنراوە، ئەوانیش(ئاراستە پەروەردەییەکان، فێرکردن، ئاسودەیی دەروون، گەشەپێدانی جەستە....)
یان بەجۆرێکیتر، پرۆسەی پەروەردە، بریتیە لە گەشەپێدانی ئەرکە جەستەیی و دەروونی و ئەخلاقیەکان بەمەبەستی گەیشتن بە ئامانجە تەواوکاریەکان).
زۆریەی شارەزایانی بواری پەروەردە، لەسەر ئەوە کۆک و تەبان، کە چالاکیەکانی دەرەوەی پۆل، هاوسەنگ لەگەڵ وانەکانیتر دەبنە خاڵی دەستپێکی پرۆسەیەکی پەروەردەی سەرکەوتووی هاوچەرخ، مەبەست چالاکی دەرەوەی پۆل، وانەکانی وەرزش و سرودو هونەر(شانۆو موزیک و وێنەکێشان) دەگرێتەوە، چونکە لەڕێگەی ئه و وانانەوە مناڵ دەتوانێ وزە شاراەکانی جەسته و دەروونی گەشە پێبدات و ئه و وانانە دەبنە پاڵپشتێکی بەهێز، تاوانەکانی تری وەک زانستی و وێژەیی و بیرکاری، بەئاسانی وەربگرێت.
باسی ئەمجارەی من شانۆی مناڵە، لەناو خوێندنگه و قوتابخانەکاندا، ئایا تاچەند کاری لەسەرکراوە؟
ساڵانە چەند ڤیستیڤاڵی شانۆی مناڵان سازدەکرێت؟
بۆ ئەم پرسیارانە وەڵامێکی ڕاست و دروست و هیچ ژمارەیەکی تەواومان دەست ناکەوێ، چونکە ئەم چالاکیە بەشێوازی تێکەڵ و دوور لە پلانی وەزارەت و پەرەوردەکان، تەنها لە ناو قوتابخانەکاندا لەکات و بۆنە نیشتمانی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەکان ئەنجامدەدرێن، جگە لەچەند چالاکیەکی ساڵانەی بەڕێوەبەرێتی چالاکی و هونەر، ئەویش لەسەر داوای چەند مامۆستایەکی هونەر لەناو قوتابخانەکاندا، کە ڕێژەی بەشداریکردن، دیاریکراوە، ئەمەش ئاکامێکی بچووکی پەروەردەیی بەدیدێنێت، بە نمایشی چەند ئۆپەرێتێکی مناڵانە، کە ئەویش پێویستە لیژنەیەک هەبێت، بۆ بینین و هەڵسەنگاندن و ڕاییکردنی ئه و کارانە کە نمایش دەکرێن، پێویستە لیژنەی هەڵسەنگاندنی ئه و شانۆو ئۆپەرێتانە، کەسانی شارەزاو خاوەن ئەزموون و قەڵەم بن(نوسەر) نەک وەک لیژنەکانیتر بەپێی هاوڕێیەتی و هەندێ شتیتر کە ناتوانن وەک پێویست به و کارە هەڵبستن، لەجیاتی خزمەت گەیاندن، کارەکە وێرانتر دەکەن، له و کاتەدا ئەنجامنەدانی ئه و کارە هونەریانە باشترە لە ئەنجامدانیان، چونکە هیچ ئامانجێک بەدیناهێنن.
$شانۆی مناڵان تایبەتمەندی خۆی هەیە و جیاوازە لە شانۆی گەورەکان، ئەمانەبەشێکن له و تایبەتمەندیانە:$
1- پێویستە ئه و دەقانەی بۆمناڵ دەنوسرێن، دەربڕی تەمەن و ئاستی مناڵ بن.
2- بەزمانێکی سادە و ساکار بنوسرێن.
3- ئامانجی پەروەردەیی تێدا بێت.
4- زیاتر هاندانی مناڵان بێت بۆ خۆشەویستی کەسانیتر و گیانداران و پاراستنی ژینگە.
5- واباشترە دەقی شانۆگەریەکە یان ئۆپەرێتەکە سرود ئامێز بێت.
6- واباشە زۆربەی مناڵان بەشداریان پێبکرێت، یان بکرێنە گروپ و لەناو شانۆگەریەکە یان ئۆپەرێتەکە، یان چەند کارێک بکرێت کە زۆربەیان بەشداربن.
7- لە ساڵێکدا لانیکەم، هەموو قوتابخانەیەک دوو کاری شانۆیی مناڵان ئەنجام بدات.
8- پێویستە هەموو هۆکارو پێداویستیەکان لە بابەتی هۆڵ و کەلوپەل بۆ قوتابخانە و خوێندنگەکان دابین بکرێت، لەگەڵ بودجەیەکی تایبەت به و کارانە.
9- ساڵانە لەسەر ئاستی پەروەردەکان و وەزارەت ڤیستیڤاڵەکان بە بایەخەوە کات و شوێنی ئه و کارە هونەرییانە دیاری بکرێت.
10- پێویستە داوا له و مامۆستایانە بکرێت، کە توانای ئه و کارانەیان هەیە، پێشنیار و سەرنجەکانیان بخەنەڕوو بۆ چۆنێتی سەرخستن و ئەنجامدانی ئه و ڤیستیڤاڵانە.
جگە له و خاڵانەی ئاماژەمان پێداون، کە تایبەتن بە گرنگیدان بەشانۆی مناڵان لەناو پرۆسەی پەروەرده و فێرکردن، لەسەر وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کاربکات بۆ ئەنجامدانی کاری شانۆی مناڵان و یبخاتە پلانی کاری خۆیەوە، یان داوای دەقی شانۆی مناڵان لەنوسەران بکات و چەند دەقێک، کە ئاستیان بەرزو گونجاوە بۆ ئەمدۆخە، نوسەرەکانیان خەڵات بکرێن، یان هەر تیپێکی شانۆیی توانی ساڵانە کارێک یان دوو کاری هونەری شانۆی مناڵان نمایش بکات، وەزارەتی ڕۆشنبیری ئەرکی هۆڵ و بودجەی کاری شانۆگەریەکە تەرخان بکات، لەپێناو ئەوەی زۆرترین کەس و لایەن و تیپ کاری شانۆی مناڵان ئەنجام بدەن، ئەگەر هەماهەنگی لەنێوان هەردوو وەزارتی (پەروەرده و ڕۆشنبیری)دا بکرێت بۆ ئەوەی هونەری شانۆ بەگشتی و شانۆی مناڵان بەتایبەتی بایەخی پێبدرێت، دڵنیام، نەوەکانی ئایندە، خاوەن بیرێکی فراوان و جەستەیەکی بەهێز دەبن و دەیان داهێنەر، لەم کۆمەڵگەیە دروست دەبن، لەبەر ئەوەیە، جۆن دیوی، بایەخی مناڵان لەداهاتوودا بە بەرزی دەنەخشێنێ و ئایندەیان لەسەر بونیات دەنێ، بەهیوام ئەم وتارە دەستپێکێک بێت بۆ ئاوڕدانەوە لەشانۆی مناڵ و ببێتە جێی بایەخی لایەنە پەیوەندیدارەکان، چونکە لەئەمڕۆی دنیای هونەرو بواری پرۆسەی پەروەردەشدا، خەریکە ئەم لایەنە تەواو فەرامۆش دەکرێت و بیرمان دەچێت، کە بابەتێکی گرنگی ژیانی هەموو کۆمەڵگەیەکە. [1]