شوێنەواری #زریمۆک#، یەکێکە لە شوێنەوارە گرنگرکانی دەڤەری #بارزان#، سەرەڕای ئەوەی مێژوویەکی کۆنی هەیە، کەچی تا ئێستا کاری هەڵکۆڵین و کنە و پشکنینی شوێنەواریی بۆ نەکراوە.
ئەم شوێنەوارە دەکەوێتە قەراغ #ڕووباری بلێ# لە دەڤەری بارزان، لە سنووری قەزای #مێرگەسۆر#، 120 کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای هەولێر دوورە، مێژووی ئەم شوێنەوارە بۆ چەند هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بۆ زانیاری تەواو لەسەر دیاریکردنی مێژووەکەی پێویستی بە کاری هەڵکۆڵین و کۆکردنەوەی زانیاری هەیە کە لە بەرنامە و پلانی شوێنەوار دایە.
سۆران ئەمیر، بەڕێوەبەری شوێنەواری مێرگەسۆر، لە دیدارێکی (باسکورد) ئاشکرای دەکات، لە سنووری قەزای مێرگەسۆر زیاتر لە 200 شوێنی شوێنەواریی بە فەرمی تۆمارکراون، چەندین شوێنی دیکەش هەن پێویستیان بە ڕووپێوی شوێنەواری هەیە بۆ ئەوەی لە داهاتوو تۆمار بکرێن، یەکێک لەو ناوچە گرنگانەش شوێنەواری (زریمۆک)ە.
بەڕێوەبەری شوێنەواری مێرگەسۆر، لە بارەی گرنگی و پلانەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بۆ ئەم شوێنەوارە، تایبەت بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند : یەکێک لەو شوێنەوارانەی لە سنوورەکەمان بە فەرمی تۆمارکراوە شوێنەواری (زریمۆک)ە، کە دەکەوێتە سەر ڕووباری بلێ لە سنووری ناحیەی بارزانی سەر بە قەزای مێرگەسۆر و لە ڕیزبەندی شوێنەوارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەواری دایە، ئەم شوێنەوارە هەمووی وەک جۆگەلە و ئاوەڕۆیە، لەناو بەردی قەراغ ڕووبارەکە هەڵکەندراوە بۆ دانانی تەرمی مردووان و ڕێڕەوی تایبەتیان هەیە تا ئاویان تێکەڵی یەکتر نەبێت، هەروەها لە ناوەڕاستی ئەم شوێنەوارە شوێنێکی قووڵ هەیە، دوای شۆردنی مردووەکان ئاو لەوێ کۆکراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا شوێنی شووشتنی (پیاوان و ئافرەتان و منداڵان) جیاواز بووە، هەروەها (زریمۆک) جگە لە شوێنی تایبەت بە شووشتنی مردووەکان، پەرستگا و شوێنی ئایینی بووە. ئەم شوێنەوارە تایبەتمەندیی زۆری هەیە و پێویستە گرنگی پێبدرێت، بۆ ئەوەی زیاتر زانیاری لەسەر ئەم شوێنەوارە بخەینەڕوو پێویستیمان بە کاری هەڵکۆڵینی شوێنەواریی هەیە.
دەشڵێت: لەم چەند ساڵەی ڕابوردوودا لەگەڵ تیمێکی شوێنەوارناسانی زانکۆیەکی ئەڵمانی، سەردانی شوێنەواری (زریمۆک)مان کرد، ئەوان سەرسامی خۆیان بەو شوێنەوارە دەربڕی و لەبارەی شوێنەوارەکە بیڕوڕای جیاوازیان هەبوو، پێیان وابوو بۆ دروستکردنی باڵەخانە و پەرستگا و پرس و ماتەمەکان بەکارهاتبێت.
سۆران ئەمیر، بەڕێوەبەری شوێنەواری مێرگەسۆر، ئەوەشی گوت: لە سنووری قەزای مێرگەسۆر تا ئێستا زیاتر لە 200 شوێنی شوێنەواریی تۆمارکراون، بەڵام پێشبینی دەکرێت چەندین شوێنەواری تر لەم سنوورە بوونیان هەبێت، کەچی بەهۆێ ئەنجام نەدانی ڕووپێوی شوێنەواریی تا ئێستا کەمترین شوێنەوار لەم سنوورە تۆمارکراون.
بە گوتەی بەڕێوەبەری شوێنەواری مێرگەسۆر، تا ئێستا لە لایەن شوێنەوارناسە جیهانییەکان و بە هاوکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار، تەنها کاری هەڵکۆڵین بۆ شوێنەوارەکانی (ئەشکەوتی #شانەدەر# و #زەڤیا چەمێ#) کراوە و توانراوە چەند پارچە شوێنەوارێک و ئێسکەپەیکەری مرۆڤ بدۆزرێنەوە، هەروەها لەلایەن تیمی زانکۆی کامبریجی بەریتانی، لە ئەشکەوتی شانەدەر کاری هەڵکۆڵین بەردەوامە، بەڵام لە پلان و بەرنامەماندا هەیە بە هاوکاری تیمە شوێنەوارە بیانییەکان کاری هەڵکۆڵین لە زۆربەی شوێنەوارەکانی سنوورەکەمان ئەنجام بدەین، بەڵام ئەم جۆرە کارانە کەمێک لەسەرخۆ بەڕێوەدەچن و دۆزینەوەی مێژووی شوێنەوارێکی هەزار ساڵە ئەرک و ماندووبوون و خەرجی زۆری پێویستە.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]