نوسینی: #د. مەهدی کاکەیی#
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: جۆ ولیام و د. مەهدی کاکەیی
زۆربەی هەرە زۆری مێژوو نوسانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواش ساسانیەکان بە فارس لە قەڵەم دەدەن، لە کاتێکدا سەرچاوە باوەڕپێکراوە مێژوویەکان بەبێ دوودڵی دەیسەلمێنن کە ساسانیەکان کوردن. دەبێت مێژووی دێرینی گەلی کورد و ڕاستیە مێژوویەکان دەربارەی بە ویژدانەوە و بە بابەتیانە باس بکرێن، بەدور لە ئارەزو خواستی کەسێتی و کێشمەکێشمی ڕەگەستپەرستیانە.
ئەم بەڵگانەی خوارەوە ڕاستی کوردبوونی بنەماڵەی حوکمڕانی ساسانی دەسەلمێنن:
1. نیشتمانی باپیرە گەورەی پادشای ساسانیەکان (ساسان)، کوردستان بووە، کە کۆچی کردووە بۆ ویلایەتی فارس، ئەویش لەدوای هەڵهاتنی لە دەست ئەو پێشبینیەی کەوا یەکێک لە وەچەکانی فەرمانڕەوایی وڵاتی ئاریانا دەکات [1] [2]. بەم جۆرە دەبینین کە (ساسان) کورد بووە و فارس نەبووە و خەڵکی ویلایەتی فارس نەبووە، و گەڕاندنەوەی ڕەچەڵەکی خۆی بۆ (بەهمەنی کوڕی ئەسفەندیاری کوڕی گوشتاسپ) جێی گومانە. (ساسان) حوشترەوان بووە لەلای یەکێک لە ئاغاکان [1]. (دهخدا) دەڵێت (بابەکی کوردی) که شوان بووه، باوکی (ئەردەشێر)ی پادشای ساسانییەکانە [3].
دکتۆر (ڕەشید یاسمی)، که مامۆستایه له زانکۆی تەهران، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە (ساسان)ی باپیرەی پادشای ساسانی (ئەردەشێر)، سەربە هۆزی (شوانکارە)ی کوردییە و دایکی بابەکان کچی یەکێک لە سەرۆک هۆزەکانی (بازرنگي)ه، کە هۆزێکی کوردییە. ناوچەی کوردنشینەکانی هەرێمی فارس، شوێنی نیشتەجێبوونی ئەم هۆزە کوردییە. هەروەها ئەم مامۆستایە درێژە بە وتەکانی دەدات و دەڵێت: دەتوانین بڵێین کە (ئەردەشێر) کوردە [4].
(بابەک)ی کوڕی (ساسان) سەربە یەکێک لە ماڵەکانی ئاگری (ئاناهیتا) بوو. (بابەک) کوڕێکی دەبێت ناوی دەنێت (ئەردەشێر) کە هەستا بە دامەزراندنی دەوڵەتی ساسانی. (ئەردەشێر) لە شاری (پیرسی پۆلیس)ی ولایەتی فارس لەدایک بووە، کە کاتی خۆی باپیرەی (ساسان) بۆ ئەوێ کوچی کرد بوو. (ئەردەشێر) حەزی بە ژیانی سەربازی دەکرد، بۆیە دەبێتە فەرماندەیەکی باڵای سەربازی. براکەی (ئەردەشێر) فەرمانڕەوای ویلایەت دەبێت و ئەردەشێریش لە دژی ڕادەپەڕێت و ناچاری دەکات بە وازهێنان لە فەرمانڕەوایی بۆ (ئەردەشێر). پاشان کە (ئەردەشێر) فەرمانڕەوایی ویلایەتەکەی گرتە دەست، هەستا بەفراوان کردنی شانشینەکەی و هەر یەک لە وڵاتەکانی کاناراو (کەنداوی هورمز) و (ئیلام) و (ئەسفەهان) و (میدیا)ی خستە ژێر ڕکێفی شانشینەکەی.
2. فراوانکردنی شانشینەکەی ئەردەشێر، کۆتا پادشای فارسە ئەشکانیەکان (پادشا ئەردەوانی پێنجەم)ی ترساند، بۆیە هەستا بە ناردنی پەیامێک بۆ (ئەردەشێر) بە نامەبەرێکدا. (پادشا ئەردەوانی پێنجەم) لە نامەکەیدا ڕەچەڵەکی (ئەردەشێر) بە کەم و بێبایەخ باس دەکات. پاشان نامە پڕ سوکایەتی پێکردنەکەی (پادشا ئەردەوانی پێنجەم) لە کۆشکی پاشایەتی و لە بەردەم کاربەدەستانی شانشینی ساسانیدا دەخوێنرێتەوە. لە نامەکەدا ئەمەی خوارەوە نوسرابوو:
(هەی بەچکە کورد تۆ سنوری خۆتت بەزاند و مەرگی خۆتت دیاری کرد، تۆ لە ژێر دەواری کوردیدا پەروەردە بوویت، کێ ڕێی پێداوی بە لەسەرکردنی ئەو تاجە؟).
شایەنی باسە کە هەر یەک لە تەبەری [5] و ئیبن ئەسير [6] ئاماژەیان بەو نامەیە داوە. نامەکەی پادشای فارسە ئەشکانیەکان (ئەردەوانی پێنجەم)، بە ڕوونی دوپاتی ئەو ڕاستیە دەکاتەوە کە بنەماڵەی ساسانیەکان کورد بوون.
کاتێک (بەهرام چۆپین) کە فەرمانڕەوای ئەرمینیا و ئازەربایجان بوو لە زەمانی ساسانییەکان، ویستی دەستەڵاتی پادشا (خەسرەوی دووەم پەروێز) بڕۆخێنێت و خۆی دەستەڵات وەربگرێت، (بەهرام چۆپین) ئەویش تانەی کوردێتی دا لە خەسرەوی دووەم و پێی وت: ئەی کوڕی لەشفرۆش، پەروەردەبووی له ژێری دەواری کوردیدا! [7].
3. (ساسان) سەر بە هۆزی (شوانکارە)ی کورد بووە. ئەم هۆزە خەریکی کشتوکاڵ و مەڕداری بووه. ئەوان لە کۆتایی سەردەمی (بوهەویەکان)دا هەستان بە دامەزراندنی زنجیرە فەرمانڕەواییەک بە ناوی (ئەتابکە، پادشاکانی شوانکارەی کورد لە وڵاتی فارس) [8]. هەروەها ڕۆژهەڵاتناسی نەمساوی (ئێدوارد ڤۆن زامباور) لە کتێبی (معجم الأنساب والأسرات الحاکمة في التاريخ الإسلامي)دا ئاماژە بەوە دەکات کە هۆزی (شوانکارە) دەگەڕێتەوە سەر ڕەچەڵەکی دامەزرێنەری دەوڵەتی ساسانی (ئەردەشێری کوڕی بابەک) [9].
ژنی ساسان کچی یەکێک لە سەرۆک خێڵە کوردەکانە، کە بە خێڵی (بازڕەنگی) ناسراو بوو و لقێک بوو لە هۆزی (شوانکارە). ئەم بنەماڵەیە گەورە بوو لە ئەو ناوچە کورديە، کە دەکەوتە هەرێمی فارس.
4. هەروەک یاقوت ئەلحەمەوی لە کتێبی معجم البلدان کە لەساڵی 1224 تا ساڵی 1228 زاینی [10] خەریکی نوسینەوەی بوو، ئاماژە بەوە دەکات کە زنجیرە پادشاکانی ساسانی کاتێک کە شاری مەدائینیان بونیات نا، لە ناویدا گەڕەکێکیان بە ناوی کوردئاوا، دروستکرد، واتە ئەو گەڕەکەی کە لەلایەن کوردەوە دروستکراوە چونکە خۆیان سەر بە نەتەوەی کورد بوون. نوسەر باسی ناوی هەر شەش گەڕەکەکە دەکات لە ناویشیاندا گەڕەکی کوردئاوا.
جێگای ئاماژە پێکردنە ناوی شاری مەدائین لە مادیانەوە هاتووە، کە ناوێکی کوردیە و لە هەردوو وشەی ماد و پیتەکانی ان پێکدێت. ماد بە واتای میدی دێت، و ان بۆ کۆ لە زمانی کوردیدا بەکاردێت. بەم جۆرە وشەی مادیان دەبێتە مادەکان یاخود میدیاکان، کە ئەوانیش باپیرە گەورەی کوردن. لە لایەن عەرەبەکانەوە ناوی مادیان دەگۆڕێت بۆ مەدائین و فارسەکانیش ناوی تەیسەفۆنی لێ دەنێنن. هەروەها (ئەردەشێر)ی پادشای ساسانی شارێکی تایبەت بە کورد لە نزیک شاری موسڵی ئێستا دروستکرد و ناوی نا بوز ئەردەشێر [11]. دوو پادشای ساسانی، (نۆشێروان) و (قوباد)، زیاتر لە (30) سی شاریان دروستکرد لە ناوچەی (ئەڕان) و ناوی یەکێ لەم شارانەیانە نا (مەلاز کورد) [12] [13]. ناونانی گەڕەکێک لە پایتەختی ساسانیەکان بە ناوی کوردەوە و هەروەها بونیاتنانی دوو شاری تایبەت بە کورد لە نزیک شاری موسڵ و له ناوچەی (ئەڕان)، لە لایەن ساسانیەکانەوە، ئاماژەیەکی دیکەیە بۆ کوردبوونی ساسانیەکان.
5. پاشاکانی ساسانی نازناویان خەسرەو بوو، کە ئەم وشەیە پێکهاتووە لە دوو وشەی کوردی خاس کە بە واتای باش دێت لە کوردیدا [14] و وشەی ڕەو کە ئەویش بە واتای (هەڵسوکەوت) دێت. بەم شێوەیە وشەی خەسرەو بەواتای کەسی هەڵسوکەوتی جوان دێت، واتە کەسێکی بەڕێز و خاوەن پێگەیەکی بەرز. فارسەکان لە کوردیان وەرگرتووه بە شێوازی خوسرەو. هیچکام لە وشەکانی خاس و ڕەو لە زمانی فارسیدا بوونیان نییە. عەرەبەکان لای خۆیانەوە هەستان بە عەرەباندنی ئەم وشەیە و کردیان بە کیسرا /کەسرا. بەم شێوەیە نازناوی کوردی پادشا ساسانیەکان بەڵگەیە لەسەر کوردبوونی ساسانیەکان.
شایەنی باسکردنە، زۆرێک لە خەڵکی بە هەڵە پێیان وایە کە ناوی پادشای ساسانیەکان کیسرا بووە، کەوا لە سەردەمی حکومڕانی ئەودا جەنگی قادسیە ڕویداوە، بەڵام نازانرێت کە وشەی کیسرا ناوی هیچ پادشایەکی ساسانی نەبووە، بەڵکو نازناوێک بووە بۆ پادشا ساسانیەکان، کە لە بەرامبەری خاوەن شکۆ/ڕێزدار یاخود لە زمانی عەرەبیدا وشەکانی (جلالة) و (فخامة) و (سمّو) بەکاردێن بۆ ڕێزلێنانی سەرۆک و پادشای وڵاتان. پادشای وڵاتانی دیکە نازناوی تایبەت بە خۆیان هەبووه، بۆ نمونە پادشاکانی ڕۆم نازناوی قەیسەریان هەبوو، و پادشا قوبتیەکانی نازناوی فیرعەونیان هەبووە، و پادشا تورکەکان نازناوی خاقانیان هەبووە، و پادشاکانی یەمەن نازناوی توبەع (بەعەرەبی تُبّع)يان هەبووە و نازناوی پادشاکانی حەبەشە نەجاشی و نازناوی پادشای میسریەکان عەزیز بووە.
6. پادشاکانی ساسانی ناوەکانیان کوردی بووە کە ئاماژە بۆ کوردبوونیان دەکات.
ا. یەزدکورد ناوی سێ پادشای ساسانی بووە. هەروەها بوونی وشەی یەزد لە ناوی ئەو سێ پادشایەدا دەگەڕێتەوە بۆ پێشینەی ئاینی یەزدانیەتی بنەماڵەی فەرمەڕەوای ساسانی.
ب. دووان لە پادشای ساسانیەکان ناويان خەسرەوبووە. هەروەک لەسەرەوە باس کرا، ئەم وشەیە پێکهاتووە لە دوو وشەی کوردی خاس کە بە واتای باش دێت لە کوردیدا و وشەی ڕەو کە ئەویش بە واتای هەڵسوکەوت دێت، بەم شێوەیە وشەی خەسرەو بەواتای کەسی هەڵسوکەوتی جوان دێت واتە کەسێکی بەڕێز و خاوەن پێگەیەکی بەرز.
پ. دووان لە پادشای ساسانیەکان ناويان ئەردەشێر بووە، کە بریتیە لە دوو وشە؛ (ئەردە) وشەيەکی میدیە، بەواتای (باش) دێت وشەی (شێر)، کە هەردووکی پێکەوە دەکاتە (شێرێکی باش) يان (شێرێکی ئازا).
ت. ناوی یەکێک لە پادشا ساسانییەکان (فەیروز) یان (پیرۆز) بوو، که ناوێکی کوردییە.
ج. چوار پادشای ساسانییەکان ناویان (هورمز) بوو. ئەم ناوە ناوێکی ئاریانییە و وەرگیراوە لە ناوی خودای سۆمەرییەکان (هورمیس)وه، کە باوباپیرانی کوردن. لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا ئەم ناوە گۆڕاوە بۆ (هورامەزدا) یان (مەزدا) لە ناو گەەلە ئاریانیەکاندا و ناوەکە هەر بە واتای (خودا) ماوەتەوە لایان.
چ. بەهەمان شێوە، چوار پادشای ساسانییەکان ناویان (قوباد) بوو و دووانیانیش ناویان (باهرام یان بارام) بوو، که ناوی کوردین.
7. هەندێ ناوی ساسانی هەن، کە تا ئێستا لە ناو ناوی کوردیدا هەیە، بۆ نمونە، خمانی[14]. ئەم ناوە ساسانییە لە فارسیدا نیە. ئەم ناوە بۆ ناوی کچ و کوڕ بەکاردێت لە کوردستان.
8. (حسن پیر نیا) دەڵێت ساسانییەکان ناوی مادەکانیان نابوو (مای) [15]. سەرەڕای تێپەربوونی زیاتر لە (2500) ساڵ بەسەر نەمانی ئیمپراتۆریای میدیا، تا ئێستا ناوی (مای) ماوە لە ناو ناوی نێریینەی کوردیدا، بۆ نموونە وەک (مایخان). خان بە واتای (مەزن) یان (گەورە) دێت. واتای ناوی (ماد) بە زمانی مادی (مەزن)ە چوونکە مادەکان خانەدان بوون [a].
شایەنی باسکردنە، کاتێک عەرەبەکان داگیری کوردستانیان کرد، بە بیانۆی بڵاوکردنەوەی ئاینی ئیسلامی، ناوی ناوەندی دەستەڵاتی مادەکانیان نا (ماهات) چوونکە (ماه) ناوی مادەکانە [b] و پیتەکانی (ات) نیشانەی کۆیە لە زمانی عەرەبیدا. (البلاذري) دەبێژێت کاتێ کوردستان داگیرکرا لە لایەن عەرەبەوە بە ناوی ئیسلامەوە، چەند ناوچەیەک لە کوردستان کراونە چەند بەشێک و جزیەی هەر ناوچەیەک دەنێررا بۆ موسڵمانەکانی ناوچەیەکی دیاریکراو [16] و بۆیە عەرەبەکان ناوی شاری (دینەوەر)یان نا (ماه الکوفة) چوونکە ئەو (جزیە) کە وەردەگیرا لە دانیشتووانی شاری (دینەوەر)، بەشدەکراوە سەر موسڵمانە نوێکان لە شاری (کووفە). لەبەر هەمان هۆ، شاری (نەهاوەند) ناونرا (ماه البصرة) چوونکە ئەو (جزیە) کە وەردەگیرا لە دانیشتووانی شاری (نەهاوەند)، بەشدەکراوە سەر موسڵمانە نوێکان لە شاری (بەسرە). بەم شێوەیە ناوەندی دەستەڵاتی مادەکان بەشکرا و ناونرا (ماه الکوفة) و (ماه البصرة) لەلایەن داگیرکەرە عەرەبەکانەوە.
9. بنەماڵەی فەزڵەوی کە لە ساڵی (1155 – 1432 ز) ئیمارەتی فەزڵەوی یان الفضلوية یان دامەزراند، سەر بە هۆزی شوانکارەی کوردی بوون و لە زنجیرە پادشاکانی ساسانی بوون [c]. کەسەکانی ئەم بنەماڵەیە کە فەرمانڕەواکانی ئیمارەتەکەیان دەکرد، کورد بوون، بۆیە باوباپیریشیان کە ساسانیەکان بوون، بێگومان هەر کورد بوون. جێی ئاماژە پێکردنە ئەم ئیمارەتە لە باشوری لوڕستان دامەزرا و بۆ ماوەی دووسەد و هەفتا و هەفت ساڵ فەرمانڕەوا بوون. قەڵمڕەویان لە لوڕستانەوە هەتا کەناری شاری ئەسفەهان درێژ دەبوویەوە و لە هەندێک سەردەمیشدا هەرێمی خوزستان و شاری بەسرەشی لە خۆدەگرت.
10. لە کۆتایی سەردەمی بوهەویەکاندا، هۆزی شوانکارە هەستان بە دامەزراندنی ئیمارەتێک بە ناوی (ئەتابەکەی پاشاکانی شوانکارەی کورد لە وڵاتی فارس) [8]. هۆزی (شوانکارە) دەگەڕێتەوە سەر ڕەچەڵەکی (ئەردەشێری کوڕی بابەک)ی دامەزرێنەری دەوڵەتی ساسانی [9]. دامەزراندنی ئیمارەتێکی کوردی لەلایەن هۆزێکی ساسانییەوە، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ کوردبوونی ساسانیەکان.
سەرچاوەکان
1. ئەبو قاسم ی فیردەوسي، لە کتێبی شانامە. شاهنامه ملحمة الفرس الکبری. ترجمة سمير المالطي، لاپەڕەکانی 133، 134.
2. ابن البلخي. فارسنامه، فصل احوال شبانکاره و کُرد و فارس. چاپی ئەوروپا، ل 146.
3. دهخدا، علی اکبر. لغتنامه. جلد سوم، چاب دانشگاه تهران، سال 1345 ه ق، صفحه 3843.
4. غلامرضا ڕشيد ياسمي. کُرد و پیوستگی نژادی وتاريخی. سال 1369 ه ق، صفحه
171.
5. أبو جعفر محمد بن جرير الطبري. تاريخ الطبري. المجلد الثاني، المطبعة الحسينية، مصر، 1336 ه، صفحة 57. بەرگی دووەم، چاپخانەی حوسەینیە، میسر، 1336 ک، ل 57.
6. إبن الأثير. الکامل في التاريخ، المجلد الأول، صفحة 133. (بەرگی یەکەم، ل 133).
7. أبو جعفر محمد بن جرير الطبري. تاريخ الطبري. المجلد الثاني، المطبعة الحسينية، مصر، 1336 ه، صفحة 57. بەرگی دووەم، چاپخانەی حوسەینیە، میسر، 1336 ک، ل 138.
8. ابن البلخي. فارسنامه، فصل احوال شبانکاره و کُرد و فارس. چاپی ئەوروپا، ل 150 – 153.
9. زامباور. معجم الأنساب والأسرات الحاکمة في التاريخ الإسلامي. إخراج: الدکتور زکي محمد حسن بک و حسن أحمد محمود. ترجمة قسم من فصول الکتاب: الدکتورة سيدة إسماعيل کاشف و حافظ أحمد حمدي و أحمد محمود حمدي، دار الرائد العربي، بيروت، 1980 م، ل 351 – 352.
10. ياقوت الحموي. معجم البلدان. المجلد السابع، صفحة 413. (بەندی حەوتەم، ل 413).
11. ليسترنج، ک. بلدان الخلافة الشرقية. ترجمة بشير فرنسيس وکورکيس عواد، مطبوعات المجمع العلمي العراقي، مطبعة الرابطة، بغداد، 1954. (چاپخانەی ئەلڕابتە، بەغداد، 1954).
12. الشيخ شمس الدين أبي عبدالله محمّد أبي طالب الأنصاري الصوفي الدمشقي. نخبة الدهر في عجائب البر والبحر. طبع مدينة بطربورغ، سنة 1865، صفحة 190.
13. دهخدا، علی اکبر. لغتنامه. جلد دوم، چاپ دانشگاه تهران، سال 1345 ه ق، صفحه 1631.
14. دهخدا، علی اکبر. لغتنامه. جلد هفتم، چاب دانشگاه تهران، سال 1345 ه ق، صفحه 9953.
15. حسن پیرنیا. تاریخ ایران باستان یا تاریخ مفصل ایران قدیم. جلد اول، با مقدمه و شرح: محمدابراهیم باستانی پاریزی، تهران، دنیای کتاب، 1362 ه ق، صفحه 48.
16. البلاذري (2010). فتوح البلدان، صفحة 375.
a. Tavernier, Jan. Iranica in the Achaimenid period (ca. 550 – 330 B.C.): Lexicon of Old Iranian. Peeters Publishers, Louvian, Belgium, 2007, p. 558.
b. Browne, Edward G. (1919). A literary history of Persia: A literary history of Persia from the earliest times until Firdawsi. T. Fisher Unwin Ltd, London, page 19.
c. http://neyrizema.ir/texts.php?portal=tarikh&id=2978.[1]