لە سەردەمی #میر محەمەد#، میری #میرنشینی سۆران# کە پایتەختەکەی ڕواندز بووە، لە ساڵی 1813–1837 زایینی بەسەر پەرشتی #وەستا ڕەجەب# زیاتر لە 222 دانە تۆپ دروستکراون، یەکێک لە تۆپەکان لە پارکی باخچە و سەکۆی تۆپی وەستا ڕەجەب، لە شاری ڕواندز دانراوە و تا ئێستا پارێزراوە.
نەجات مەجید، سەرۆکی شارەوانی ڕواندز بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند: لە ساڵی 2006 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکانی هەولێر، سەرۆکایەتی شارەوانی ڕواندز، پڕۆژەی دروستکردنی باخچە و سەکۆی تۆپی وەستا ڕەجەب، لە ڕێگەی بەڵێندەرایەتییەوە جێبەجێ کراوە کە جگە لە دانانی یەکێک لە تۆپەکانی وەستا ڕەجەب، پەیکەری میر محەمەد پاشای گەورەی ڕواندز و چەند پەیکەر و دروشمی دیکە لە باخچەکە دانراون و ڕۆژانە گەشتیاران و هاووڵاتییان سەردانی دەکەن، تۆپەکە لە ئێستادا بایەخێکی گەورەی مێژوویی و گەشتیاریی هەیە، ئەوەی سەردانی ئەو ناوچەیەش بکات، ڕوو لەو پارکە دەکات و وێنەیەک لەگەڵ تۆپەکە دەگرێت وەک یادەوەرییەک.
سەرۆکی شارەوانی ڕواندز ئاشکراشی دەکات: بەمەبەستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و نۆژەنکردنەوەی پارکی باخچە و سەکۆی تۆپی وەستا ڕەجەب، دەرخستەیەکمان بۆی کردووە و بەرزمان کردووەتەوە، چاوەڕوانی تەرخانکردنی گوژمەیەکین بۆ ئەوەی دەست بەکارەکانی بکەین.
بە گوتەی سەرچاوە مێژووییەکان، ئەم تۆپە لەسەردەمی میر محەمەد (میری میرنشینی سۆران کە پایتەختەکەی ڕەواندز بوو) لە ساڵی 1813-1837 زایینی، لەلایەن وەستا ڕەجەب، (یەکەمین وەستای کورد کە لە لایەن میر محەمەدەوە نێردراوە بۆ وڵاتێکی تر بە مەبەستی زیاتر ئاشنا بوونی بە دروستکردنی چەک)، دروستکراوە. وەستا ڕەجەب پاش گەڕانەوەی بۆ ڕواندز چەند دانەیەک تۆپ و چەند جۆرە چەکێک دروست دەکات کە دوای تێپەڕبوونی چەند سەدەیەک بەسەر میرنشینییەکە تا ئێستا نموونەی ئەو تۆپ و چەک تەقەمەنیانەی کارخانەی وەستا ڕەجەب ماوەن.
چەند نموونەیەکی ئەم تۆپەی وەستا ڕەجەب لە مۆزەخانەی بەغدا دانراون کە درێژییان دەگاتە (1.5 م)، هەروەها لە هەندێ شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان نموونەی ئەو تۆپە پارێزراون، بەتایبەتیش لە شاری ڕواندز یەکێک لە تۆپەکان پارێزراوە، لەسەر تۆپەکان نیشانە و مۆری میر محەمەد و وەستا ڕەجەبی لەسەرە، لەسەر لولەی تۆپەکان نووسرا بوو (نصر من اللە وفتح قریب. لصاحیبە امیر منصور محمد بەگ).
وەک باسی لێوەدەکرێت: کاتێک هەواڵی تەواو بوونی تۆپەکان دەگاتە پاشای گەورە، میر دەستبەجێ بڕیار دەدات هەزار ڕیاڵ زێڕ و شالێکی تورمە و ئەسپێکی ڕەسەن بداتە وەستا ڕەجەب، بۆ هەر شاگردێکی تۆپخانەکەش سەد ڕیاڵ زێڕیان پێشکەش دەکات، پێشوازیەکی گەرمیش لە وەستا ڕەجەب دەکات تا بەردەم کۆشکی میرنشینەکە، ئینجا میر هەریەک لەو تۆپانەی ڕەوانەی شوێنێک دەکات بە مەبەستی جەنگ و بەرگری کردن لە میرنشینەکەی.
دوابەدوای ڕوخانی میرنشینی سۆران لەسەر دەستی عوسمانییەکان، تۆپەکانی وەستا ڕەجەب لەناو دەبرێن و فڕێ دەدرێنە ناو ڕووباری #خەرەندی ڕواندز#، مێژووناسان لەم ڕووەوە دەڵێن لەبەرئەوە تۆپەکان فڕێدراونەتە ناو ڕووباری خەرەند بۆ ئەوەی هێزەکانی ڕکابەری عوسمانییەکان سودی لێنەبینن.
هەروەها دوابەدوای هاتنی #سەید تەهای شەمزینی# لەساڵی 1923 وەک یەکەم قایمقامی شارۆچکەی ڕواندز، هەوڵی داوە تۆپەکان بدۆزرێتەوە، بەڵام تەنها دوو دانەیانی بۆ دۆزراوەتەوە، ئێستا یەکێکیان لە ڕواندزە و ئەوی دیکەیان لەبەردەم بینای وەزارەتی بەرگری عێراق لە بەغدا دانراوە.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]