ناونیشان: بەرگی ڕەقی هەسارەی زەوی
نووسەر: #سەردار عەبدولڕەحمان#
بڵاوکراوە لە: کوردستانی نوێ، ژمارە (8722)، #07-08-2022#
مەبەست لە بەرگی ڕەقی هەسارەی زەوی وشکانی و کیشوەرەکانە، ڕووبەری وشکانی لەسەر زەوی بریتییە لە (149 ملیۆن/کم) واتا بەڕێژەی (29.2%) ئەم بەرگە سەرچاوەی نیشتەجێبوون و پەیداکردنی خۆراک و کانزا و سەرچاوەکانی وزە و دارستانەکان و مرۆڤ و گیاندارانە، ئەستووری ئەم چینە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر جیاوازە، لەسەر وشکانی بەشێوەیەکی گشتیی بە (50 کم) لە قەڵەم دەدرێت و ناوەندی چڕیی توێژاڵی دەرەوەی زەوی (2.8غم/سم3)یە، چڕی بەردەکان لە ژێر کیشوەرەکان پێی دەوترێت (#سیال)، بەڵام ئەستووری ئەم چینە لە بنی زەریا و دەریاکان کەمترە بە (10کم) دەخەمڵێنرێت، ناوەندی چڕی توێژاڵی زەوی دەریایی (3.2غم/سم3)ە، چڕی بەردەکان لە ژێر زەریاکان پێی دەوترێت (#سیما).
بە شێوەیەکی گشتی توێژینەوە زانستییەکان و زانا جیۆلۆجییەکانی جیهان پێکهاتەی چینی زەوییان دابەش کردووە بۆ سێ بەشی سەرەکی، ئەوانیش بریتین لە:-
بەشی یەکەم - توێکڵ (crust):-
ئەو چینە ڕەقەیە کە چینی سەرەوەی زەوی پێکدەهێنێت، توێکڵی زەوی کە چینی دەرەوەی زەوییە بە بەراورد لەگەڵ چینەکانی تردا زۆر تەنکە، ئەستووریی ئەم چینە لە وشکانیدا (30-70 کم) دەبێت، لە زەریاکان و ناوچە گڕکانەکانیش ئەم ئەستوورییە کەم دەبێتەوە بۆ (5-10 کم)، ئەم چینە لە چینەکانی تر ساردتر و ڕەقترە، لەم ڕووەوە ئەرکی توێکڵ دەبینێت بۆ زەوی، ئەم توێکڵە تەنها لە (1%) هەموو قەبارەی زەوی پێکدەهێنێت.
لەڕووی پێکهاتەشەوە ئەم چینە بەردە و هەر سێ جۆری بەردەکانی زەوی تیایدا دەردەکەون کە بریتین لە:-
أ- بەردی ئاگرین(ignans Rx): ئەم جۆرە بەردانە لە ئەنجامی ساردبوونەوەی ئەو مادە تواوە و لاڤانەی ناو ناخی زەوی کە بەهۆی گڕکانەکانەوە دێتە سەرر ڕووی زەوی پەیدا دەبن، بە گشتی ئەم جۆرە بەردانە دەوڵەمەندن بە کانزاو ڕەقن و بەرەنگاری کردارە جۆربەجۆرەکانی ڕاماڵین و داماڵین و گۆڕانی کەشوهەوا دەگرن، لە گرنگترین جۆری بەردەکانی بریتیین لە (بەردی بازلت و بەردی گرانایت).
ب- بەردی گۆڕاو(metamor Rx): ئەم جۆرە بەردانە توشی گەرمییەکی زۆر یان پاڵە پەستۆیەکی زۆر یان تووشی گەرمی و پاڵەپەستۆی زۆر بەیەکەوە هاتوون، لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا و کردارەکانی وەک باو باران و بەفر و بوومەلەرزە بەردەکان گۆڕاون، گرنگترین نموونە بۆ جۆری بەردەکان بریتیین لە(تەلەبەرد (شەست)، مەڕمەڕ، ئردواز، نایس و بەردی کوارتز).
ج- بەردی نیشتوو(sedimentary Rx): لە بنەڕەتدا لە ژێر ئاوی دەریا و زەریاکان دروست بوون لە ئەنجامی نیشتەنییە جۆراوجۆرەکان کە زۆربەیان لە بنچینەدا ئەندامێتی (رووەک و ئاژەڵان)ن، ئەم جۆرە بەردانەش کەمتر توانای داماڵینیان هەیە و زیاتر تووشی چەمانەوە و پێچاوپێچ دەبن بە کردارەکانی ئاسۆیی و ستوونی جوڵەکانی زەوی، لە گرنگترین نموونە بۆ جۆری بەردەکان بریتییە لە (بەردی کلس(جیڕی)، لە ڕووی ئابووری و جوگرافییەوە بەردی نیشتوو بایەخی زۆری هەیە، چونکە لەناو بەردەکاندا پاشماوەی بە بەردبووی گیانلەبەرەکان هەیە کە بەهۆیانەوە دەتوانرێت مێژووی زەوی و قۆناغەکانی ژیان بزانین و لە لایەکی ترەوە بەردی نیشتوو کۆگایەکی گەورەی کۆبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی لەخۆ دەگرێت.
بەشی دووەم - کەوڵ (mantle):-
ئەم چینە ئەستوورییەکەی بە (2900 کم) دەخەمڵێنرێت، دەکەوێتە نێوان کرۆک و توێکڵی زەوی، پێی دەوترێت (پۆشەر-کەوڵ)، ئەم چینە لە مادە گەرم و نیمچە شلەکان دروستبووە، ئەم چینە خاسیەتێکی شلی وەک مادەی لاستیکی هەیە، بڕێکی زیاتر ئاسن و مەگنسیۆم و کالسیۆمی تێدایە، بە بەراورد لەگەڵ توێکڵی زەوی گەرم و چڕترە، لە چینەکانی زەوییەوە تا بەرەو قوڵایی بڕۆین پلەی گەرمی پەستان و چڕی پێکهێنەرەکانی بەرزتر دەبێتەوە، گەرمی ئەم چینە لە نزیک کڕۆکی زەوییەوە (40000) پلەی سەدیە، لە کاتێکدا پلەی گەرمی بەشی سەرەوەی ئەم چینە لەنێوان (37000 - 87000)پلەی سەدی دایە، ئەم چینە بەهۆی ئەو گەرمییە زۆرەیەوە جووڵەیەکی هەیە، بەڵام زۆر هێواشە، بۆیە زانایان لەو بڕوایەدان کە توێکڵی زەوی بەهۆی ئەو جووڵە هێواشەی چینی کەوڵەوە دەجوڵێتەوە.
بە پشت بەستن بەپێکهاتەی کیمیاویی و بەهۆی جیاوازی خێرایی شەپۆلە بومەلەرزەییەکان دەکرێت بە سێ بەشەوە:-
1-مانتڵی سەرەوە (upper mantle) لە قوڵایی (400 کم) دەردەکەوێت.
2-چینی گۆڕان (transition zone) لە قوڵایی (1000 کم) دەردەکەوێت.
3-مانتڵی خوارەوە (per mantle) لەقوڵایی (2900 کم) دەردەکەوێت.
لەڕووی پێکهاتەی کیمیاوییەوە ئەم چینە بەشێوەیەکی گشتی پێکهاتووە لە (کالسیۆمCa، مەگنسیۆم Mg و ئەلەمنیۆم Al)
بەشی سێیەم - کرۆکی زەوی (core):-
کرۆک چینی ناوەوەی گۆی زەوییە، لە کرۆکی ناوەوە و کرۆکی دەرەوە پێکدێت، ئەستوری کرۆکی دەرەوە نزیکەی (2200 کم) دەبێت و ئەستوری کرۆکی ناوەوەش نزیکەی (1250 کم) دەبێت، قوڵی زەوی لە توێکڵەوە تا ناوک (6370 کم).
کرۆکی دەرەوە لە ئاسن و نیکڵی تواوە پێکهاتووە، پلەی گەرمی ئەم چینە دەگاتە (4500) پلەی سەدی، پلەی گەرمی چینی ناوەوەش دەگاتە (6000) پلەی سەدی، سەرەڕای ئەوەی ماوەی (4.5 ملیار) ساڵە سارد دەبێتەوە هێشتا کرۆکی ناوەوە بەهۆی گەرمییەکەیەوە هۆکارێکە بۆ دروستبوونی بواری موگناتیسی زەوی. [1]