ناونیشان: بایەخی هێڵەکانی درێژی و پانی گۆی زەوی
نووسەر: #سەردار عەبدولڕەحمان#
بۆ دیاریکردنی شوێنەکان لەسەر ڕووی زەوی، گۆی زەوی دابەشکراوە بۆ تۆڕێک لە هێڵی خەیاڵی، کە لە سەردەمە کۆنەکانەوە تائێستا گۆڕانکاری زۆری بە سەردا هاتووە و گەیشتۆتە ئەو شێوەیەی ئەمڕۆ هەیە و بە (هێڵەکانی درێژیی و بازنەکانی پانی) ناودەبرێت هەریەک لەم هێڵ و بازنانەش پلە (ژمارە)ی تایبەت بەخۆی هەیە، هەر پلەیەک یەکسانە بە (60 خولەک) و یەک خولەکیش یەکسانە بە (60 چرکە).
هێڵەکانی درێژیی(Longitudes)
هێڵەکانی درێژیی نیو بازنەیین (بازنە داخراوە، بەڵام ئەم هێڵانە داخراو نین) لە نێوان هەردوو جەمسەری باکوور و باشووردا درێژ دەبنەوە، ئاڕاستەی باکوور و باشوور بەڕاست دیاری دەکەن، هێڵەکانی درێژیی یەکسان نین، بەو پێیەی ماوەی نێوان هەموو دوو هێڵێکی یەک لە دوای یەک لە بازنەی یەکسانیدا نزیکەی (111 کم)، بەڵام بە نزیکبوونەوە لە جەمسەرەکان ئەم ماوەیە کەم دەکات لە هێڵی درێژیی (30) پلە ماوەی نێوانیان (95 کم) و لە هێڵی درێژیی (60) پلە ماوەی نێوانیان (56 کم)، بەڵام لە جەمسەرەکاندا ماوەی نێوانیان سفرە، چونکە جەمسەرەکان شوێنی بە یەکگەیشتن و کۆبوونەوەی هێڵەکانی درێژین و بەکاردێن بۆ دیاریکردنی فەلەکی شوێنەکان لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای گرینج.
هێڵەکانی درێژیی، بۆ (360) هێڵ (رۆژهەڵات 180) و (180 ڕۆژئاوا) دابەشکراوە، یەکەم هێڵی درێژیی پێی دەوترێت (هێڵی گرینج) بەو هێڵانەی دەکەونە ڕۆژهەڵاتی گرینج دەوترێت هێڵەکانی درێژیی ڕۆژهەڵات، هەرچی ئەوانەی ڕۆژئاوایە پێیان دەوترێت هێڵەکانی درێژیی ڕۆژئاوا، دووریی نێوان هێڵەکانی درێژیی تەنها لە ناوچەی هێڵی کەمەرەیی زەوی (111 کم) دەبێت، بەهۆی شێوەی زەوییەوە تا بەرەو جەمسەرەکان بڕۆین کەم دەبێتەوە، لە نێوان هەردوو هێڵێکی درێژیدا (4) کاتژمێر جیاوازی هەیە.
بازنەکانی پانی (Latitudes)
بازنەکانی پانی بەشێوەی بازنەی داخراو دەوری گۆی زەوییان داوە کە لە هەردوو بەشی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادایە و ئاڕاستەی درێژبوونەوەیان بەرەو (رۆژهەڵات و ڕۆژئاوا)یە، لەبەر ئەوەی زەوی شێوەی گۆییە، بازنەیەکی گەورە دابەشی دەکات بۆ دووبەشی (دوو نیوەی) یەکسان، ئەوانیش نیوە گۆی باکوور و نیوە گۆی باشوورن، ئەم بازنانەش بە بازنەکانی یەکسانی ناو دەبرێن و (ژمارە) سفری وەرگرتووە، بازنەکانی پانی بە دوورکەوتنەوە لە بازنەکانی یەکسانی بچووک دەبنەوە، واتا بە ئاڕاستەی جەمسەرەکان.
بەو بازنانەی بەشێوەی تەریب و بەگۆشەی (1 پلە) بە ناوچەی کەمەرەییدا دەکێشرێن دەوترێت بازنەکانی پانی، بە کۆی گشتی (180) بازنەن کە (90) بازنەیان دەکەوێتە نیوەگۆی باکوور و (90) دانەکەی دیکە دەکەوێتە نیوەگۆی باشوور، بازنەکانی پانی دەکەونە نێوان (سفر) و هەردوو جەمسەری باکوور(90 پلە) باکوور و باشوور (90)پلە باشوور، گرنگترین بازنەکانی پانی لە باکوور بریتییە لە (خولگەی قڕژاڵ 23.5 پلە) لە باکوور و (خولگەی کارژۆڵە 23.5 پلە) لە باشوور، بازنەی جەمسەری (66.5) پلە باکوور و بازنەی جەمسەری باشوور (66.5) پلە باشوور، بازنەکانی پانی تایبەتمەندییان ئەوەیە کە یەکسانن، واتا ماوەی نێوان هەموو هێڵە یەک لە دوای یەکەکان یەکسانە، ڕۆڵی دیاریان هەیە لە دیاریکردنی شوێنەکاندا لە باکوور و باشووری هێڵی یەکسانی زەوی.
$گرنگی هێڵەکانی درێژیی و بازنەکانی پانی$
1- دیاریکردنی کات لەجیهاندا بەپێی هێڵەکانی درێژیی.
2- زانینی (تێگەیشتن) لە ئاو و هەوای هەرێمەکان بەپێی شوێنەکانیان لەسەر بازنەکانی پانی، ناوچەی یەکسانی و خولگەییەکان (بازنەکانی خواروو) گەرمن، ناوچە جەمسەریەکان (بازنەکانی ژورو) ساردن، بەشێوەیەکی گشتی بە زیادبوونی ژمارەی بازنەکان یان بەرەو ئاڕاستەی جەمسەریەکان پلەی گەرمی نزم دەبێتەوە (کەم دەکات).
3- هێڵەکانی درێژیی و بازنەکانی پانی بە بنچینە دادەندرێن بۆ دروستکردنی نەخشە، کە ئامانج لێیان (بازنەکانی پانی – هێڵەکانی درێژیی) گۆڕینی ڕووی زەوییە لەشێوەی خڕییەوە (گۆیی) بۆ ڕویەکی تەخت لەم ڕووەوە پێشکەوتنەکان لە زانستی بواری نەخشەکێشاندا بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەیان کردووە.
ناوچەکانی کاتی جیهانی (بەرواری نێودەوڵەتی)
بە مەبەستی زانینی کات و جیاوازی نێوان ناوچەکانی ڕووی زەوی لە ساڵی (1884 ز)، کۆ دەنگییەک هەبوو لەسەر جێبەجێکردنی سیستمێکی جیهانی بۆ دەستنیشانکردنی کات و جیاوازی لە نێوان ناوچەکان، بەم پێیە جیهان دابەشکرا بۆ (24) ناوچەی کاتژمێری، بە مەرجێک هەر ناوچەیەک لە (15هێڵ)ی درێژی پێکبێت و جیاوازی نێوان هەر هێڵێکی درێژیی و هێڵێکی تر (4 خولەک) بێت، بەم شێوەیە هەر ناوچەیەک دەکاتە (60 خولەک) واتا یەک کاتژمێر، بەم جۆرە ناوچەکان لە ڕووی کاتەوە دەستنیشان کران، لەگەڵ ئەوەشدا ناوچەکان نەکەونە سەر یەک هێڵی درێژی سەرەڕای دەستنیشانکردنی جیاوازی کات لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر.
هێڵەکانی درێژیی گۆی زەوی دابەش دەکات بۆ (24 هەرێم)، لەسەر بنەمای جیاوازی کات، هەر هەرێمێک لە (15 پلە) پێکدێت کە دەگاتە (60 خولەک)، جیاوازی کات لە هەموو هەرێمەکان لەسەر جیاوازی نێوان هێڵەکان(بە جیاوازی هێڵەکان لە ڕۆژهەڵات بۆ ڕۆژئاوا کاتەکانیش جیاواز دەبن) هەر هێڵێک یەکسانە بە (4 خولەک) و بۆ دیاریکردنی کاتیش لە سەرجەم هەرێمەکان دەبێت بگەڕێینەوە و پشت بە کاتی گرینج ببەستین.
هەر (15 هێڵ) بەرەو ڕۆژهەڵات کاتژمێرێک زیاد دەکات، بەڵام هەر (15 هێڵ) بەرەو ڕۆژئاوا ئەوا کاتژمێرێک کەم دەکات، بۆ نموونە ئەگەر لە (لەندەن) کاتژمێر (12)ی نیوەڕۆ بێت ئەوا لە هێڵی درێژیی (30) ڕۆژهەڵاتدا کاتژمێر (2)ی پاش نیوەڕۆیە و لەسەر هێڵی درێژیی (30 ڕۆژئاوا) کاتژمێر (10) ی بەیانییە، بەپێی هێڵی بەرواری نێودەوڵەتی کاتەکان بەشێوەیەکی نزیک لە یەکن، بۆ نموونە: ئەگەر لە ڕۆژهەڵات ڕۆژی یەک شەممە بێت و کاتژمێر(6)ی بەیانی بێت، ئەوا لە ڕۆژئاوا ڕۆژی دوو شەممەیە و کاتژمێر(6) ی بەیانییە، بۆیە ئەگەر بێت و لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو ڕۆژئاوا لە ڕێگەی هێڵی بەرواری نێودەوڵەتییەوە بڕۆین ئەوا ڕۆژێک لە ناودەچێت (ون دەبێت)، بەڵام ئەگەر بە ئاڕاستەی ڕۆژهەڵات بڕۆین ڕۆژێکمان بۆ دەگەڕێتەوە، هێڵی بەرواری نێودەوڵەتی بە زەریای هێمندا تێدەپەڕێت و دوورە لەو دوورگانەی بەناو زەریاکاندا بڵاوبوونەتەوە. [1]