ئایا چ جۆرە دەرزیەک باشە بۆ ئەژنۆ بۆ نەمانی ئازارەکەی؟
چۆن بتوانم جۆری ئەو دەرزییە بزانم کە چارەسەرە بۆ ئازاری ئەژنۆ؟
ئامادەکردن: د. #هەڤین کمال شا محەمەد#
دیارە کەیەکێک لەڕێگا چارەکان بۆ نەهێشتنی ئازاری ئەژنۆی داخوراو و هەوکردنی جومگەی ئەژنۆ، لێدانی دەرزی ناو جومگەیە، بەڵام هەڵبژاردنی جۆری دەرزییەکە هەمیشە کاری دکتۆری پسپۆڕە، ئەو دەزانێت چ جۆرێک باشە بۆ چ نەخۆشێک، ئەویش بەپێی ئەشیعە و پشکنینی سەریری دەبێت.
لەم بابەتەدا بەپێی توانا هەوڵ دەدەم بەرچاو ڕوونی بدەم لەسەر ئەم بابەتە، چۆن پزیشکەکەت بڕیار دەدات کە چ دەرزیەکت بۆ بەکار بهێنێت.
$جۆری دەرزییەکان:$
1- دەرزی دژە هەوکردنەکان (ستیرۆیدەکان).
2- دەرزی پلازمای چڕ بە خەپلەکانی خوێن یاخود ناسراو بە PRP..
3- دەرزی لینجی یاخود (viscosuplement).
4- دەرزی پرۆلۆثیراپی لەگەڵ گازی ئۆزۆن.
5- کۆکردنەوەی دوو جۆر دەرزی لەهەندێک جاردا.
6- دەرزی خانەی کۆرپەلەیی (stem cell).
$جۆری دەرزییەکان، باشی و خراپیان:$
$دەرزی دژەهەوکردنە ستیرۆیدیەکان:$
$سوودەکانی:$
پێشی دەگوترێت کۆرتیزۆنەکان، ئازار شکێنە و دژە هەوکەردنیشە، کە هەوکردنی جومگەکان کەم دەکاتەوە و ئازاریش کەمدەکاتەوە.
$کاریگەرە خراپەکانی:&
هەندێک نەخۆش سوود لەم دەرزییە وەرناگرن، لەوانەیە بەس کاتێکی زۆر کورت سوودی لێ ببینن، جگە لەوە تەنیا دەتوانرێت لەساڵێکدا تەنیا چەند جارێک بکرێت، لەبەرئەوەی زیادەڕەوی تیایدا زیانی لاوەکی هەیە بۆ جومگەکان، ئەگەر بەشێوەیەکی زۆر بەکاربێت ئەو کاتە زیانەکانی لە قازانجەکانی زیاترە.
$دەرزی پلازمای چڕ بە خەپلەی خوێن:$
یەکێکە لەو چارەسەرانەی کە بە (regenerativ therapy)ناسراوە و دەرزییەکە لە کۆئەندامی بەرگری نەخۆش دروست دەکرێت و سوود لە خەپلەی خوێنی نەخۆشەکە وەردەگیرێت، بە دوو میکانیزم ئیش دەکات، یەکێکیان بەوەی هەوکردنێکی کەم و تازە بوونەوە لە خانەکانی جومگەکەدا دروستدەکات و یارمەتی دروست بوونەوە و نوێ بوونەوەی خانەی کرکراگەی جومگەکە دەدات لە ڕێگای ئەو ماددەی کۆلاجین و هۆڕمۆنی گەشەیەی تیایدایە، هەروەها گواستنەوەی سیگناڵی ئازار کەم دەکاتەوە لە خاڵی وەرگرتنی ئازار لەناو جومگەکەدا بۆیە کۆنترۆڵی ئازار دەکات.
$سوودەکانی:$
لەبەرئەوەی لەپێکهاتەی لەشی خۆت دروست دەکرێت، بەهیچ جۆرێک زیانی لاوەکی و خراپەی نیە و یەکێکە لە ڕێگا چارە باشەکان ئەگەر گونجاو بێت بۆ نەخۆشەکە.
&کاریگەرییە خراپیەکانی:$
لەبەرئەوەی یەکێکە لە تازەترین ڕێگا چارەکان، چارەسەرێکی گرانە چونکە سێتی تایبەتی تیا بەکاردێت کە نرخی گرانە و جۆری سێتەکە و کاریگەری ئیشکردنی سێتەکە دەورێکی بەرچاوی هەیە لە سەرکەوتنی چارەسەرەکەدا، ڕێنمایی زۆرە ئەبێت بیکەیت، و ە هەروەها ئەگەر بەشێوەیەکی زانستی بکرێت نابێت لە سێ جەلسە کەمتر بێت، هەروەها هەتا ئێستاش لەزۆربەی وڵاتەکان بە پرایڤت دەکرێت و دڵنیایی پزیشکی نایگرێتەوە، زۆر جار ئەگەر نەخۆشەکە لەسەر چارەسەری دژ بەخەپلەکانی خوێن بێت وەکو ئەسپرین و پلاڤێکس...هتد دەبێت بۆ ماوەی هەفتەیەک بوەستێنرێت ئەوجا دەرزییەکە ئەنجامبدرێت، سوود بینین لەم دەرزییە بە پێی نەخۆشەکە دەگۆڕێت.
$دەرزی لینجی یاخود هایلورۆنیک ئەسید:$
یارمەتی زیادکردنی لینجی و چەورکردنی جومگەکە دەدات، وزبری و بەرکەوتنی ناو جومگەکە کەم دەکاتەوە، ئازارشکێنەو جوڵەی جومگەکە باش دەکات بۆ ماوەیەکی دیاریکراو.
$سوودەکانی:$
هیچ زیانێکی لاوەکی نیە، دەرزیەکی سەلامەتە، دەتوانرێت بۆ ئەوانە بەکاربێت کە دەیانەوێت نەشتەرگەری دواخەن، یاخود سوود لەجۆرەکانی تر وەرناگرن، یاخود لەگەڵ پلازمادا بکرێت بۆ باشترکردنی جووڵە.
$کاریگەرییە خراپەکانی:$
ئەگەر زۆر دووبارە بکرێتەوە ئەنجامدانی ئەم دەرزییە، لەوانەیە کاریگەری نەمێنێت، بەهۆی داخورانی زیاتری جومگەکە. لەبەر ئەوەی چارەسەرێکی گرانە و بۆ زۆربەی جومگەکان بەکار دێت بەڵام بە تایبەت بۆ ئەژنۆ، لەزۆربەی وڵاتەکان دڵنیایی پزیشکی نایگرێتەوە.
$پرۆلۆثیراپی:$
ئەمیش یەکێکە لەتازەترین چارەسەرەکان، کەماددەی دیکسترۆز بەکار دێت بۆ ناو جومگەی ئەژنۆ، کە وەکو مادەیەکی وروژێنەر کاردەکات بۆ ناو جومگەکە، یارمەتی دروست کردنەوەی خانە لە ناوچوەکان دەدات وگەشەیان پێ دەکات و کۆنترۆڵی ئازار دەکات.
$سوودەکانی:$
پرۆلۆتیراپی یەکێکە لە ڕێگا چارە تازەکان، وە کاریگەری لەزۆربەی نەخۆشیەکانی ئەژنۆدا سەلماوە، جگە لە بەکارهێنانەکانی تری، بەتایبەتی لە پێکانی وەرزشی دا(sport injury)، لە چارەسەرکردنی بەستەر و کرکراگەی تەقیوو و هەوکردنی بەستەرەکان.
$کاریگەرییە خراپەکانی:$
لەبەرئەوەی دیکسترۆز ماددەیەکی وروژێنەرە و هەوکردن دروست دەکات، لەوانەیە هەفتەی یەکەم نەخۆش ئازارێکی بێزارکەری بۆ دروست بێت و هەروەها ئاوسان لەگەڵیدا کە دوای هەفتەیەک نامێنێ، وە زیاتر لە یەک جەلسەی دەوێت کەزۆربەی جار سێ جەلسەیە لە ماوەی سێ مانگدا، بەگشتی هەتا ئێستا هیچ زیانێکی لاوەکی نەبینراوە و چارەسەرێکی سەلامەتە.
$بەکارهێنانی دوو دەرزی یان زیاتر:$
هەندێک جار کەبەیەک جۆر دەرزی چارە نەبێت و داخورانێکی زۆر هەبێت پزیشکی پسپۆڕ بڕیاری تێکەڵ کردنی دوو جۆر دەرزی یاخود زیاتر دەدات بۆ جومگەی ئەژنۆ بۆ دەسکەوتنی باشترین ئەنجام.
$سوودەکانی:$
لەبەرئەوەی بەکارهێنانی هەندێک جۆری دەرزی بە تایبەتی ستیرۆیدەکان لەوانەیە ئەو کاریگەرییەی هەبێت کە ئیتر جومگەکە هیچ سوودێک نەبینێت لەو چارەسەرە، بۆیە تێکەڵکردنی دوو جۆر یان زیاتر هەمیشە کاریگەریەکی باشی هەیە ئەویش پزیشکی پسپۆڕ بریاری لەسەر دەدات.
$کاریگەریە خراپەکانی:$
لەبەرئەوەی دووجۆر یان هەندێ جار زیاتر لەو دەرزیانە بەکاردێت، لەڕوویی ئابووریەوە زۆر دەکەوێت بۆ سەر نەخۆش.
$دەرزی دایکە خانە یاخود خانەیی کۆرپەلەیی (stemcell):$
ئەمە هەرە تازەترین ڕێگاکانە، هەتا ئێستا لە بواری لێکۆڵینەوەدایە و تێچوویەکی زۆری پێویستە.
لەگەڵ ئەوەی ئەم دەرزیانە هەموویان باشیان سەلمێنراوە بۆ ئەژنۆکان، بەڵام ئەبێت ئەوە ڕەچاوکەین کە دەبێت دوای هەموو دەرزییەک ڕێنماییە تایبەتەکان بەو دەرزییە بە تەواوەتی ڕەچاوبکرێت، لەگەڵیدا وەرزش و چارەسەری سروشتی و دوورکەوتنەوە لە جووڵەی هەڵە، ئەبێت ئەوەش بزانین لەقۆناغە زۆر پێشکەوتووەکانی داخووران دەرزی ئەژنۆ لەوانەیە بەس سوودێکی کاتی هەبێت و تەنیا چارەسەر گۆڕینی جومگەی ئەژنۆ بێت.[1]