سەد ئەندامی پەرلەمانی کوردستان (هەرێمی کوردستان)، یاداشتێکیان واژۆکرد، تاوەکو بە زوترین کات، هەنگاوەکانی زەمینەسازیی بۆ دەوڵەتی کوردستان بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانی کوردستان.
یاداشتەکە لە 29ی حوزەیرانی 2015 واژۆکرا، پاشان دوو ساڵ دواتر گشتپرسی ئەنجامدرا، تەنانەت ئەندامێکی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان تێبینی لە تەنیشیت واژۆکەی نوسیوە، ڕازییە بە دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان بەڵام بەمەرجی پێشێلنەکردنی مافی پێکهاتەکان، هەر لەو بارەیەوە، سەرۆکی بەرەی تورکمانی (ئەرشەد ساڵحی) لەچاوپێکەوتنێکم لەگەڵی (2017) هەمان تێگەشتنی هەبوو، هەرکەس مافی تورکمان بدات لەگەڵ ئەو لایەنەدەبن.
رۆژی 27ی ئەیلولی 2017 کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و گشتپرسی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند؛ 92 پۆینت 73 لەسەدی خەڵکی باشوری کوردستان لە گشتپرسی دەنگیان بەڵێ بوو، ئەوە ڕێژەیەکی گرنگبوو، بەتایبەت کە سێ ملیۆن و 305 هەزار و 925 کەس دەنگیاندا.
ئەنجامەکە و بە دەنگەوە چونەکەی خەڵک، شۆکی گەورەی دروستکرد بۆ وڵاتان و حکومەتی عیراق، هەموان بەیەکجار هاتنە دەنگ و بەشی زۆریان گشتپرسی و سەربەخۆیی باشوری کوردستانیان ڕەتکردەوە، بەتایبەت عێراق، بە سەرۆکایەتی #حەیدەر عەبادی# سەرۆک وەزیرانی ئەوکات، کۆمەڵیک بڕیاری دەرکرد، هەروەها پەرلەمانی عێراق 13 بڕیاری پەسەند کرد لە دژی خەڵکی باشوری کوردستان.
لە نیوەی سەدەی ڕابردوو بە دواوە، کورد لە باشوری کوردستان بە چوار قۆناغی سەرەکی تێپەڕیوە، قۆناغی حوکمی زاتی، قۆناغی ڕاپەڕین، قۆناغی فیدراڵی و قۆناغی گشتپرسی، ئەگەر تاماشا بکەیت، لە هەموو قۆناغەکانی ئەو کاتەی کورد لە نێوخۆ لێک نزیکبوون دەستکەوت بەدیهاتوون، بەڵام یەکبوونی کورد لەهەر قۆناغێک بێ ماندوبوون و بێ ئازار و بێ سازش بۆیەکدی نەبووە.
رەنگە لە ڕابردوو، بەهۆی لێکترازان، یان نەبوونی زەمینەی پێکەوە کارکردن، نەتوانرابێت بۆ قۆناغی داهاتوو ئامادەسازیی درێژخایەن بکرێت، بەڵام ئێستا ئەو پاساوە لاوازە.
یاداشتی پەرلەمانتارەکان (2015) گونجاوە بۆئەوەی بیرۆکەبدات بۆ دروستکردنی؛ دامەزراوەی ئامادەسازیی دەوڵەتی کوردستان (دامەزراوەی دەوڵەتسازیی)، لەو دامەزراوە نەتەوەییە، کەسانی شارەزا لە پلاندانان، دروستکردنی لۆبی و کۆکردنەوەی دۆستانی کورد کاربکەن.
ئەگەر بەخێرایی کاردانەوەکانی پاش گشتپرسی تەماشابکەین، کاتی زۆر و توانای باشی دەوێت بۆ دۆزینەوەی دۆست و ڕازیکردنی وڵاتان بۆ سەربەخۆیی کوردستان.
سەربەخۆیی بۆ نەتەوەی کورد، ئامانجە، ئەگەر لە مێژوویەکی دیاریکراو بێدەنگی لێ بکرێت مانای ئەوە نییە لەبیر بکرێت، وەکو چۆن هەر نەتەوەیەک ئەو مافەی هەیە، ئێستا کە باشووری کوردستان دامەزراوەی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری هەیە (پایەکانی دەوڵەتن)، هەلی دروستکردنی دامەزراوەی دەوڵەتسازیی لەبەردەستە. [1]
#هیوا جەمال#
#29-06-2015#