لە قەراخ شەقامەکە ڕاوەستابوو. وەخت بوو کەسیرە بکەوێ. سەرما گڵۆڵەی کردبوو.
بارینی بەفرەکە ئەیدا بە دەموچاویا، یەک لە دوای یەک، ئەتوت دەستێک زۆر قورس داویەتە بەر زلە
-دەستێکی زۆر قورس- چەن ئاشنایە....
- لەژێر دەستەکانی ئاگر دەبێتەوە...
ئەیوت و خەمێکی قووڵ و ئاشنا دەستی نایە بینی. دەستێکی قورس، دەستێک کە ئەیتوانی یاریدەر بێت... پارێزەر بێت... دەستێک هیوا بخولقێنێ، ئاخێکی تاڵ....
تارمایی چەن بیرەوەریی هەستەکانی، هەستە زامدارەکانی هێناوە سۆ.. گریان شکایە نێو دەموچاوی شێویلکەکانی هاتنە ئێش. بەڵام تاقە فرمێسکێکیشی بۆ دانەوەرا.
فرمێسک... خوایە فرمێسک!
دوو چاوی جوان، دوو چاوی ڕەش وەکوو خورما، دوو ترێ ڕەشە، دوو چاوی جوان، بەڵام فرمێسکاوی لێی هاتنە پێشەوە
-دایە.... دایە.
چاوەکان دەستیان لێ ڕوا. پایان دەرکرد.
دوو دەست، دوو نامەی بۆ هێنا، دوو نامەی کورت،
یەکەم نامە:
(دایە مەڕۆ... مەڕۆ... مەڕۆ)
دایە پڕمەی گریان
-ڕۆڵە ئاخر....
دووهەم نامە: (دایە بێرۆ.... دایە بێرۆ)
-ئاخر، ئاخر، باشە ڕۆڵە، باشە ڕۆڵە.
-تکایە ڕاوەستن، تکایە... تکایە.
مینی بووسەکە ڕاوەستا، لێخوڕەکەی وەکوو بۆ دەرزی بگەڕێ، چاوەکانی کز کرد و بۆ مۆتەکەی قەراخ جادەکەی ڕوانی.
- بڕۆ کاکە؛ گورگە، گورگ.
- لە برسانا هاتۆتە سەر ڕێگاکە.
- ئەڵێن ئەم کەلیخانە ساحێبی هەیە....
- کوڕە ئەمانە فیشقیاتە.
- بەخوا زستانێکی تووشە.
- هاح! جا وتت!...
- کوڕە خۆ ئەوە ژنێکە.
- بەم سەرمایە؟!
- هەر باشە گورگ نەیخواردووە.
دەرکەکەیان بۆ کردەوە سوار بوو.
-دادە بۆ کوێ؟
دەمی گۆی نەئەکرد بە ئەستەم وڵامی داوە:
-سەقز باوکم.
-بەم سەرمایە لەم نێو چۆڵ و شەقامەدا چی ئەکەی دادە. هەر باش بووە گورگ هەڵینەدڕیوی.
-ئەمویست بڕۆمەوانێ بۆ بانە. ماڵی باوکم لەوێیە. بەڵام پەشیوان بوومەوە. لە ماشینەکە دابەزیم، پێم وا نەبوو وا درەنگ لە بانەوە ماشین بێتەوانێ.
-پێی وا نەبوو؟... هم!...
-کوڕە ژن دە پەراسوویان کەمە.
-باش بوایەتن یەکیان ئەبوو بە پێغەمەر
-هاهاها... جا وتت.
نوقمی خەیاڵێکی تاڵ، گوێی لە قسەکانیان ڕاگرتبوو هەر قسەیەک کسپەیەکی تر...
-پەراسوومان کەمە؟
ئەو زنجیرە ڕووداوەی ئەم ڕێگایان دابووە بەری وەکوو شانۆیەکی زیندوو هاتەوە یادی.
-نا... نا... نا... نا...
هەموو ژیانی لەگەڵ ئەم وشەدا ڕابواردووە، قەت دەرفەتی دەربڕینی تواناکانی نەبووە. بە بێزارییەوە سەیری کردن. سەریان نەبوو هەموو کەلە سەریان دەمێکی گەورەی داچەقاو بوو. بە یەک دەنگ هاواریان ئەکرد: نا... نا... نا... نا...
بە هەردوو دەست سەری خۆی گرت، بەڵام هەر (نا) لەنێو سەریا پەنگی ئەخواردەوە.
شەقامەکە سپی و درێژ وەکوو مەلافەیەکی سپی... وەکوو ئاواتەکانی زووی. خەونەکانی منداڵی و گەورەکچی، بێگەرد، بێخەوش، تەمومژ باوەشی پیا کردبوو. وەکوو بیرەکانی ئێستای....
هەتا ئەهات تەسک و تەسکتر ئەبووەوە. هەتا ئەبووە خاڵێکی وەکوو داهاتوو....
ناهومێدی ئەمجارەیان بوو بە قەلەڕەشکە و چاوی بیرەوەرییەکانی هەڵئەکۆڵی. هیچی لە یاد نەما ئیتر سەیری کەسی نەکرد.
چاوی نوقاند، ویستی سیمای کوڕە چکۆلەکەی بێنێتەوە بەر چاوی، نەیئەتوانی. جارێ وای لێ ئەهات بەقەد مینی بووسەکە و جاری واشە بەقەد سەرە دەرزییەک....
مەمکەی جویی، ڕەنگە ئارام برسی بێ، دەسێکی خستە بەرۆکی کراسەکەی. شیرێکی گەرم ئاوپڕژێنی سەرسینگی کرد....
لەبەر گاراجەوە لارەلار کەوتە ڕێ. سەرمای زستان، سەرمای زستانێکی سەخڵەتتر لەم زستانە نامۆیی، بێدەسەڵاتی، تینی ڕۆڵەپەرستی، گەڕانەوە بۆ ئەو شوێنەی لێی دەرکراوە، ماچکردنەوەی زنجیرەکانی یەخسیری.
-شوکور ماڵە باوکیشت ڕێگایان نەدای، چی بوو خۆ تۆ ئەڕۆیشتی ئەتوت مافی ئینسانیم ئەوێ. بە کەوچک و چنگاڵ نوتقت ئەکرد؛ چۆن هاتیەوە، خۆ تۆ ئیتر وەڕەز بووبووی حەزت لە شەق و تف نەئەکرد....
-نەئەڕۆیشتم، دەرتکردم. قەد سەگ لەسەر تووتک هەڵناسێ... پشیلە بەچکەی بەجێناهێڵێ... سەگ، پشیلە؟ هاح لەو ئاشنایانە....
پەست بوو. گەیشتەوە بەر ماڵی خۆیان. پاڵی دا بە دەرکەکەوە، بەکوڵ گریا.
-فرمێسک... فرمێسک....
نا ئارام گیان، با هەر گریان بەشی من بێ.
پیاوان ئەگەر هەزار پەراسوویان زیاد بێ یەک شتیان کەمە، هەستی دایکایەتی.
ڕۆڵەپەرەستی... کە لە هەموو شتێک خۆشترە. لە هەموو عەشقێ پیرۆزترە....
توند مەمکەکانی هەڵگڵۆفی.
-بەڵام ڕۆڵە ئەو شیرەمت حەڵاڵ ناکەم. بەم ڕێگا کۆنەدا بڕۆی... ژنەکەت بە هاوڕێ نەزانی. بە عەبدی خۆت، بە کڵفەت... کوڕە سەد خۆزگەم بە کڵفەت...
-ڕۆڵە ئیتر ئەم گۆرانییەت بۆ ناڵێمەوە:
خوا بییا نیازم
حەوت ژنوو بۆ بخوازم
یەکێ بۆ پەڕۆ پینە
یەکێ بۆ بانی سینە
یەکێ دۆختەری پاشا
یەکێ تورکی تەماشا
یەکێ بۆ ناز و نووزی
دوانیش بۆ دوخت و دووزی
ڕاستییەکی تاڵ هەڵبەستەکەی لەبیر بردەوە. پیاوەکانی داهاتوو دەسپەروەردەکانی ئەمڕۆمانن....
بۆخۆمان ئەم بیرەیان تیا پەروەردە ئەکەین:
(ماڵی پڕ بێ، گشتی کوڕ بێ، شواڵی شڕ بێ)...
(ئەتکەم بە کارەکەری کاکەت. خوشکی بێ برا حورمەتی نییە، ماڵی بێ چرا ڕەونەقی نییە.)
-ڕەنگە دایکی حەمەش وای بە خوشکەکانی وتبێ.
دەنگی گریانی ئارام هاتە کۆڵان. بەرۆکی کراسەکەی تەڕ بوو. توند توند لە دەرکەکەی دا.[1]