قەڵاتی #عەوێنە#-قەراتی عەوێنە
گردێکی کۆنە دەکەوێتە نێوان (موسڵ) و (#هەولێر#)، لە نووسینە بزمارییەکان ئاماژەی پێدراوە، مێژووی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی (وەرکا) ی سۆمەری لە هەزارەی دووەمی پێش زایینیش ژیانی تێدا بووە تا سەردەمی عەباسیەکان واتە: سێ هەزار ساڵ ژیان و ئاوەدانی تێدابووە، بە گەورەترین گرد دادەنرێت لە هەولێر دوای قەڵای هەولێر لە26-02-1940 بە شوێنەوار تۆمارکراوە.[1]
لە سەردەمی ئییمپڕاتۆڕیەتی ئاشورییەکانەوە واتە (4000) چوار هەزار ساڵ پێش زایین ئاوەدان بووە !
لە ڕێکەوتی#05-05-2019# لەگەڵ سێ هاوڕێی بەڕێز و خۆشەویست (خورشید خدر، ئەکرەم عەزیز، سەردار عەلی) بە نیازی گەشت و بینینی دیمەنی جوانی سروشت بەرەوە گوندی(عەوێنە)بەڕێکەوتین.
عەوێنە یەکێکە لە گوندە گەورە و مێژووییەکانی دەشتی هەولێر، سەربە شارەدێی(#گوێڕ#)ی قەزای #مەخموور#ە، نزیکەی(30)کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای شاری هەولێرەوە دوورە، چاوساغەکەمان کە کاک (ئەکرەم) عەوێنەیی بوو، بست بە بست و دێ بە دێ و تخوب بە تخوبی گوند و پارچە زەویەکانی نیشانمان دەدا، تا گەیشتینە بەنداوێکی دەستکرد بە ناوی(کۆدەرە) وەک ڕێبەرە عەوێنەییەکەمان باسی دەکرد ئەو شوێنە تەنها ئاوی کانی و بارانی لێکۆدەبۆوە و بە دەیان جار ماسی گەورە گەورەی لێ ڕاو کردووە، بەغهم بەداخەوە دوای ئەوەی دەکرێت بە بەنداو لەگەڵ ئاوی پیس تێکەڵ دەبێت و نەک هەر ماسی تیا ناژی بەڵکو وەک جلشۆرێکی ئۆتۆماتیک تەنها کەف و کۆڵی تاییت و زاهی دەبینیت ! کە گەیشتینە نێو گوندی عەوێنەش بەشی زۆری ئەو پارچە زەویە تەختانەی نیشانمان دەدا، کە شوێنی ماڵی پیاو ماقولانی دێ و مزگەوت و قوتابخانە بووە، بەلام ڕژێمی فاشی بەعس لە ساڵی 1987 تەواوی گوندەکە وەک هەموو گوندەکانی تری ناوچەکەو کوردستان خاپور دەکات، ڕێبەرەکەمان دەی وت ئەو گوندە لە سەرەتای ساڵی چلەکانەوە قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی تیابووەو قوتابیانی بەشی زۆری گوندەکان بۆ تەواوکردنی قۆناغی ناوەندی دەهاتنە ئەو گوندە، پاشان چوینە سەر تەپۆڵکەی زوورگی عەوێنە کە هەمان زنجیرە زوورگی(زوورگە زراوە) لەو بەرزاییەوە زۆر بە جوانی چیا سەربەرزەکەی قەرەچوغ و بەشی زۆری دەشتی کەندێناوەمان وەک ناو لەپی دەستمان لێوە دیار بوو، ئەوەندە دیمەنێکی جوان بوو هەوای دەیان شیعرو پەخشان و بابەت ڕێچکەیان گرتبوو، لەو بەرزاییەوە بە دیار مەشخەڵی ئاگری بیرە نەوتەکانی(خوڕمەڵە) و گوندەکانی تر، تاوێکی باش پشووماندا، لە پانتایی زوورگەکەوە هێدی هێدی بەرەو قەراتی ئەو گوندە بەڕێکەوتین، لە دامێنی پیرە قەرات تابلۆیەکی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەولێر هەڵواسرا بوو، تیایدا نووسرا بوو (مێژووی گردی عەوێنە دەگەڕێتەوە سەردەمەکانی (وەرکا، سۆمەر، ئەکەد، کاشییەکان) واتە لە سەردەمی ئییمپڕاتۆڕیەتی ئاشورییەکان(4000) چوار هەزار ساڵ پێش زایین ئاوەدان بووە، لە 26 - 02 - 1940 وەک شوێنەوار تۆمارکراوە، بە سەدان پارچە(تاسلوقە)و خشت و بەردی شوێنەوار لە دامێن و لێواری کەوتوە ! بێ خاوەنی و نەبوونی پڕۆژەی گەشتیاری ئەم مەڵبەندە مێژووییەی فەرامۆش کردووە، لە دوا شوێنی گەشتەکەشمان بینینی پارچە زەوییە داچێندراوەکەی کاک ئەکرەم بوو بە گەنم و جۆ، لەوێش تاوێکی باش پشوومانداو چایەیێکی بە داریمان لێ نۆشکرد، ماوەتەوە بڵێم ئەم گوندە شوێنی لە دایک بوونی دەیان هونەرمەندو تێکۆشەرو سەرکردەی سیاسی بووە.[2]