مەلەک خاتوون
لە کتێبی: #قەڵای ڕاز#
بەرهەمی: #ژیلا حسێنی# (1964-1996)
بەژنی چەماوەی شادیی تۆ
چەندە بێڕەنگ لە ڕەنگی پرسە ئاڵاوە
دەنگی ناڵەت
لە کوولەکەی بێدەنگییا هەڵهێناوە
دادە مەلەک
لە پەنجەرەی مێشکێکی پڕ لە هیواوە
چاوی ڕەشت بڕیوەتە ئاسۆیەکی دوورەپەرێز
بۆ هاودەنگێ
لانی کەم بۆ تەنیا ساتێ
ئامێز بۆ هاوارەکانت بگرێتەوە
فرمێسکی وشکەوەنەبووی
چاوەکانت بسڕێتەوە
مەلەک خاتوون
هۆ ئەی کیژە ڕەشپۆشەکەی شاری بۆکان
دڵنیا بە سەنفۆنیای ژین
تا هەتایە
ئازارەکەت بە دەم سروودێ تازەوە
پڕ بە دۆڵی کوێستانێکی ڕووبار خنکاو
ئەچڕێتەوە
شاعیرێکی سەوداسەری هاوزبانت
بە سەد زبان
ئاوازی کچە ڕەشپۆشی بێدەسگیران
بۆ خەڵک و خوا ئەڵێتەوە
دڵنیا بە....
#1993-09-06#
[1]