ناونیشان: بیری ژمارە 164ی کەرکووک گەورەترین بیری نەوتی جیهان
ئامادەکار: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
کاتێک باس لە دەوڵەمەندترین وڵاتی جیهان دەکرێت لەسامانی نەوت دەست بەجێ ناوی شانشینی سعودیە دێتەوە پێشەوە. کە دەروانیتە ئەرشیفی مێژووی نەوتی سعودیە تێبینی دەکەین کە بیری ژمارە (7ی دەمام) خاڵێکی پرشنگداری مێژوویانە و جێگەی شانازییانە، هەر لەبەر ئەوەشە شوێنی ئەو بیرە ڕازێنراوەتەوەو وەک مۆزەخانەیەکی لێهاتووە هەر وەفدێکی وڵاتان سەردانی سعودیە بکات دەیبەن بۆ سەیری ئەو بیرە. بەڵام ئەم بیرە بە بەراورد لەگەڵ بیرە نەوتێکی شاری کەرکووکدا دووچاری شۆک دەبێت.
باکگراوندی بیری ژمارە (7ی دەمام).
تا ساڵی 1933 وڵاتی سعودیە لەبیابانێکی چۆلەوانی بەولاوە هیچی تر نەبوو، داهاتی حەج بەشێکی گەورەی بودجەی وڵاتەکەی پێک هێنا بوو، لەو مێژووە بەدواوە شا عەبدولعەزیز شای سعودیە ڕێکەوتننامەیەکی لەگەڵ کۆمپانیای (سۆکال)ی ئەمەریکیدا ئیمزا کرد بەمەبەستی گەران بەدوای نەوتدا. دوابەدوای ئەو ڕێکەوتنە دەیان جیۆلۆجی و بیرهەڵکەن ڕوویان کردە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە. (دەمام) لەشارۆچکەیەکی بچووک بەولاوە هیچی تر نەبوو بەبیابان و ئاوی کەنداو ئابڵووقە درابوو، دوای 5 ساڵ کارکردنی بەردەوام گەیشتنە ئەو بروایەی کەناوچەکە نەوتێکی زۆری لەژێردایە. لە #03-04-1935# یەکەم بیری تێدا هەڵکەنرا پاشان بیری ژمارە 6، 5، 4، 3، 2ی بەدوا داهات کە هیچ کامیان هیوای بوونی نەوتیان نەدا بەدەستەوە. لەساڵی 1938 بیری ژمارە (7) هەڵکەنرا، هەفتە لەدوای هەفتە زیاتر مژدە بەخش دەبوو تا لە 4ی ئازاری 1938 نەوت فیچقەی کرد، سەرەتا 1585 بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرهەمی بوو دوای تەواو کردنی بیرەکە بەرهەمی گەیشتنە 32 هەزار بەرمیل لەرۆژێکدا. بۆ بەرز و پیرۆز ڕاگرتنی ئەم ڕۆژە نوێیە لە مێژووی سعودیە لەبەهاری ساڵی 1939 شا عەبدولعەزیز بەیادەری وەفدێک گەیشتنە خیوەتەکانی کۆمپانیاکە و لەوێدا ئاهەنگێکی قەشەنگ بەو بۆنە مێژوویی یەوە سازکرا.لەو ڕۆژەوە سعودیە پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێی ئابووری و سیاسی یەوە، بووەتە گەورەترین وڵاتی جیهان لە ڕووی یەدەک و بەرهەم هێنانی نەوتەوە بەجۆرێک ڕۆژانە دەتوانێت بەتەنها 12 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنی. بیری ژمارە (7ی دەمام) لەساڵی 1982 دوای 45 ساڵ کارکردنی بەردەوام لەبەرچەند هۆیەکی هونەری ڕاگیراوە ئێستا شوێنەکەی وەک مۆزەخانەیەکی لێهاتووەو میوانان سەردانی دەکەن.
$بیری ژمارە 164ی کەرکووک$
ئەگەر سعودییەکان شانازی بە بیری ژمارە (7ی دەمام)ەوە دەکەن کەبەرهەمەکەی 32هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا ئەوا لە عێراقدا بەگشتی و خەڵکی کەرکووک بەتایبەتی بۆیان هەیە شانازی بەبیری ژمارە(164 کەرکووک) بکەن کەبەتەنها 105 هەزار بەرمیل نەوت لەرۆژێکدا بەرهەمی بوو، لەجیهاندا هیچ بیرێک نیە شان لەشانی بدات. بیری ژمارە 164ی کەرکووک دەکەوێتە گومەزی بابا(قبە بابا) لە کێڵگەی کەرکووک نزیک گوندی(هەنجیرە)سەر ڕێگای کەرکووک - دوبز ئەم بیرە لەسەردەستی کۆمپانیای نەوتی عێراق ipc لە17ی شوباتی ساڵی 1965 دەست بەهەڵکەنینی ئەو بیرە کرا، لە13ی ئازاری هەمان ساڵ دوای کەمتر لەمانگێک گەیشتنە قوڵی 540م بەرهەمی سەرەتای 43800 هەزار بەرمیل بوو پاشان وردە وردە زیادی کردو لە105 هەزار بەرمیل گیرسایەوە. خەڵکی شاری کەرکووک هەقی خۆیانە شانازی بەم بیرەوە بکەن و کاتێک بیانیەک سەردانی کەرکووک دەکات ببرێت بۆ سەیری ئەو بیرەی لەجیهاندا تاکەو وێنەی نیە، ساڵانێکی زۆریش بەشداری جومگەکانی ئابووری عێراقی کردووە. [1]