گوڵی سوور
لە کتێبی: #گوناه#
بەرهەمی: #عەلی حەسەنیانی#
گوڵی سوور و گەش و بۆخۆش و جوانم!
گوڵی سووری وڵاتی کوردەواری!
دەزانی بۆ جوان و دڵنشینی؟
لەنێو مێرگی وڵاتمدا دیاری
وەبیرت نایە زۆر پێش هاتنی تۆ
لە جێی تۆ لاوێکی کوردی شەهید بوو
ئە لەم جێگایە وا هاتوومە دنیا
گوڵێک پێش تۆ خەزانی دی و لە دەس چوو
ئەتۆ جوانە گوڵی سووری وڵاتم!
لە خوێنی پاکی ئەو کوردەی ڕواوی
لەبەر وەی تۆ تەمەن کورتی گوڵی من!
کە بیری خوێنێکی ناهەق ڕژاوی
هەموو ڕۆژێ بە یادی لاوی کوژراو
بە سەرتا ئاسمان ئەسرین دەڕێژێ
دەڵێی دایکێکی زگ سووتاوی دیلە
کە تاقانەی بە دەستی خۆی دەنێژێ
شەماڵیش دێت و وەک ئاواڵێکی باش
بە سەبرا دەستڕێ ئاونگی سەر ڕووت
ئەتۆش کاتێ دەبینی باوەفایان
بزەت دێت و لەگەڵ شادی دەبی جووت
گوڵی سووری وڵاتی کوردەواری
بە ئاواتم کە دایم گەش بمێنی
کە یادی خوێنی کوردێکی بەنرخی
جوانی، خۆشەویستی، ڕەنگی خوێنی
1961 - تاران [1]