مەلی تەمەن
لە کتێبی: #گوناه#
بەرهەمی: #عەلی حەسەنیانی#
دڵم ئەسیری خەمە، ساقیا دەسا تێکە!
ئەگەر بە وردی بنۆڕی زەمانە ساتێکە!
لە چەشنی هەوری بەهاری، تەمەن بە لەز دەڕوا،
وچانی بۆ نیە، بڕوانە مانی کاتێکە
نەمامی ژینی بەتاسەم چەما و بڕکەی مرد،
لە وشکەساڵی هومێدا چ شۆرەکاتێکە
سەڵا لە من کە بە شوێن ڕۆچنایییا وێڵم،
ژیانی چەرمەسەریم تاریکەسەلاتێکە
مەلی تەمەن فڕی و پێم گەیشتە لێوی گۆڕ،
کەچی دڵی بەکوڵم چاوەڕوانی هاتێکە
چما چ ما لە چەما هێندە خوێن دەبارێنێ؟
نەماوە سوێی و ئەوێستێ پرووشەماتێکە
کڵۆڵ و دیل و کزە کۆتری نەسرەوی گیانم
کەسێ لە حاڵی دەزانێ کە دووروڵاتێکە
گەیشتە خاڵی دوایی ژیانی من هاوار
خەیاڵی خاوە ئەگەر چاوەڕێی نەجاتێکە
1991
[1]