تاپۆی هێمن
لە کتێبی: #گوناه#
بەرهەمی: #عەلی حەسەنیانی#
لەگەڵ سروەی لە دڵ خۆشی بەهاری
کە گوڵ چاوی بە مەندی هەڵدەهێنێ
لە کاتێکا پەپوولەی جوانی نەخشین
بە بێدەنگی گوڵاڵەی کەژ دەدوێنێ
لەگەڵ کازیوە پەیکی ژیانەوەی دڵ
کە گیان دێنێتە بەر دەشت و کەژ و کۆ
لە کاتێکا هومێدی شادی دێنێ
گزینگی خۆر و ڕەنگی شینی ئاسۆ
لەگەڵ قاسپەی کەوی مەستی کوڕادە
لە لای کوێستانی سەربەرزی وڵاتم
لە ناکاو زایەڵەی دەنگێ دەبیسرێ
کە دەمگوت: دێم و دێم... ئەمڕۆ کە هاتم
ئەوە کێیە بە دەنگی دڵ دەلەرزێ؟
ئەوە کێیە کە دەنگی ئاشنایە؟
شەپۆلی دەنگی دەڕوا بۆ هەموو لا
دنەی واتەی وەفایە، مۆسیقایە؟
ئەوە کێیە کە دەنگی دڵنشینی
لە گوێن دەنگی پەریی ئەوسانەکانە؟
لە نێوان بیری ڕابردوو و ئاوات
قسەی، هیوای دڵە، پردی زەمانە؟
لە بستوو گەی کەژی لای ڕۆژهەڵاتان
لەپڕ تاپۆیەکی ئارام و هێدی
بەرەو بژوێن و زەنوێر دێتە خوارێ
بە دینی ئارەزووی دڵ دێنەوە دی
کەما و مەندۆک و بیزا و هەڵز و شللێر
کەنێر و سوێسن و بەند و گیاخاو
بە تێکڕا ڕادەمووسن خاکی بەر پێی
بە ئاونگ ڕادەماڵن تۆزی پێڵاو
لە نواڵەی بەرزەکۆدا تاوێ تاپۆ
وچان دەگرێ و دەکا سەیری وڵاتی
مەلی بیری بەرەو ڕابردوو دەفڕێ
بەرەو چیرۆکی پڕ هات و نەهاتی
لە نێو بێدەنگییا دەنگ هەڵدەهێنێ
(ئەمن ئەی نیشتمان تۆم هەر لە بیرە)
وتەی چەشنی چریکەی ئاسمانی
هیوایە بۆو دڵەی زار و زویرە
بە چاوی پڕ ئەوین و تاسەباری
بە وردبینی، بە ئارامی، بە مەندی
دەنۆڕێتە هەموو لایەک، بزەی دێ
لە ئاکام و دوایی بەرژەوەندی
لە لایەک نەونەمامی باخی ژینی
(گۆڤاری سروە) بۆی هاتۆتە بەرهەم
دەڵێ: خوایە هەزاران جار شوکرت
نەبوومە ڕەنجەڕۆ، نیمە چ بڕ خەم
لە لایەک سەوزەڵانی شێعر و پەخشان
بەرەو بووژانەوە و پێش کەوتە ئەمڕۆ
زەمەندی دڵڕفێنی مێرگی فەرهەنگ
پەناگەی مامزی خۆش ڕەوتە ئەمڕۆ
لە لایەک زێدەکەی زێدە لە جاران
جوانە، خەمڕەوێنە، تیشکی داوێ
لەبەر خۆوە دەڵێ هەر ئاوەدان بێ
هەوێنی شێعرەکانم، شیلاناوێ
لە لایەک ڕووگەی ئاواتی، مەهاباد
شەمی کۆڕی هونەر، هەر دڵستێنە
مەکۆی دڵخۆشی، مەڵبەندی وەفایە
هەتاوی شادیهێنە، شەوڕمێنە
ڕەزامەندە لە گەشتی شاعیری پیر
کە خونچەی ئارەزووی خەمڵیوە ئەمڕۆ
بزەی دێ و چاو لە هەر لایە دەگێڕێ
دەڵێ خوایە شوکور ڕووناکە ئاسۆ
بەڵام داخی گران و سەد مەخابن
تەمەن کورتە گوڵی بژوێنی خۆشی
هەتاوی شادی و ئۆخژنی شاعیر
دەبێ ئاوا لە پشت کێوی پەرۆشی
لەپڕ هەورێکی زەردی ناحەزی تووش
لە دووری کەم کەمە سەر هەڵدەهێنێ
دەڵێی دێوەزمەیەکی گیانستێنە
کە دێ شادی دەبا، ماتەم دەمێنێ
وچان ناگرێ ئیدی چیدیکە تاپۆ
بە خەمباری، بە چاوی پڕ لە ئەسرین
دەڕوا، ئێمە دەمێنین و تەمی زەرد
دەبێ خەم داگرین، ئەسرینێ بسڕین
بەڵێ هێمن کە شینگێڕی شەهیدە
دەچێ تا بۆ هەڵەبجە شین بگێڕێ
دەچێتە شارەزوور تا لالەکانی
بە فرمێسکی دوو چاوی خۆی بدێرێ
[1]