بەرپرسی ڕێکخراوێکی شوێنەواری سنووری قەزای #پشدر# ڕایگەیاند، ناوچە شوێنەوارییەکانی سنووری قەزای پشدەر مەترسییان لەسەرە و کێلی گۆڕستانێکی شوێنەوارییش هەڵکەندراون.
عەلی قادر، لێپرسراوی ڕێکخراوی دینگە بۆ پاراستنی شوێنەوار بە (باسنیو)ی ڕاگەیاند: بەداخەوە گۆڕەکانی گۆڕستانی کێلەشین لە سنووری قەزای پشدەر کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی #عوسمانییەکان# دەگەڕێتەوە بە مەبەستی دۆزینەوەی پارچە شوێنەوار هەڵدراونەوە و کێلە نەخشدارەکانی دەرهێندراون''.
گوتیشی: شێواندن و لەناوبردنی ئەو کێلانە کارەساتێکی مێژوویی گەورەیە بۆ سەر ناوچەکە ماوەیەکی زۆر پێش ئێستا لایەنی پەیوەندیدارم ئاگادار کردووتەوە، بەڵام بەداخەوە وەک پێویست بەدەم داواکارییەکەم نەهاتوون.
باسی لەوەش کرد: بەدەر لەو گۆڕستانە لە سنووری پشدەر حەوت گۆڕستان هەیە کە ئەو جۆرە کێلە نەشخدارە شوێنەوارییەی هەیە کە بەداخەوە گۆڕەکانی گوندی دەشتێ و و گوندی دێگە نەماون و کێلەکانیان بردراون''.
عەلی قادر ئاشکراشی کرد کە لە سنووری پشدەر زیاتر لە 250 ناوچەی شوێنەواری هەیە لەناو ئەو ناوچە شوێنەوارییانەدا کە 38 قەڵای مێژوویین لەگەڵ 44 ئەشکەوتی مێژوویی، بەڵام بەداخەوە لە کۆی ئەو ناوچە شوێنەوارییانە 90 ناوچەی شوێنەواری لەناو چوون و کرانە پرۆژە و باخ و ڤێلا و ڕێگا، ئەوانەی ماویشن پارێزراو نین و مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]