گردی شوێنەواری تابان، دەکەوێتە بەشی چەپی ڕووباری خابوور، بەدووریی 37 کیلۆمەتر لە باشووری شاری #حەسەکە#، لە ناوەندی حەوزی خابوور و لەنێوان گردەکانی ڕۆژهەڵاتی چیای عەبدولعەزیز. ئەم گردە نزیکەی 25 مەتر لە ئاستی زەویی دەوروبەری بەرزترە و 350 مەتر پانە.
هەڵکەوتەی جوگرافیی ئەم گردە دەکەوێتە شوێنێکی ئێگجار ستراتیجی، چونکە لە بەشی ڕۆژئاواکەی نزیکە لە چیای #شنگال# و لەبەر هەبوونی ئاوێکی زۆر و ژینگەیەکی دەوڵەمەندی سروشتی (ئاژەڵی و گیایی)، بۆ هەزاران ساڵ شوێنی ژیان و شارستانییەت بووە.
لە پاشماوە شوێنەوارییەکان دەردەکەوێت، کە لەم ناوچەیەدا چەندین شارستانیەتی گرنگ و دیار وەک ئوور، بابلی کۆن، ئاشووریی ناوەڕاست، ئاشووریی نوێ، هلینێستی، ئیسلامی و مێژووی هاوچەرخ ژیاون و شوێنەواری زۆر گرنگیان لەپاش خۆیان بەجێهێشتووە، بەڵام لوتکەی گەشانەوە و شارستانییەت تایبەتە بە سەردەمی ئاشوورییەکان. کنە و پشکنینی شوێنەواری بۆ ئەم ناوچەیە لە ساڵی 1997 لە لایەن تیمێکی پسپۆری بواری شوێنەوارناسیی یابانی دەستی پێ کردووە و لەئەنجامدا چەندین باڵەخانە و پارچەی شوێنەواری و پەیکەری تایبەتیان دۆزیوەتەوە، کە گرنگترینیان بریتین لە: گۆزەیەکی گەورەی سەرداخراوی سوورکراوە لەناو کوورە، کە چەندین پارچە پەیکەری بچووک، کە بە خەتی مێخی لەسەریان نووسراوە و یەکێکیان مۆری پاشایەتی لێ دراوە، پارێزراوە.
لەم گردە شوێنەوارییە شوێنێک دۆزراوەتەوە، کە وەک کوورە بووە بۆ سوورکردنەوەی ئەو پارچانەی بە خشت و خۆڵ دروست دەکران. لە باڵەخانە دۆزراوەکانی ناو ئەم ناوچە شوێنەوارییە ژوورێکە، کە بە خشتی سووروکراو دروست کراوە و دیوارەکانی بە ڕەنگی سوور ڕەنگ کراوە و بە خشتی تایبەت ڕازێنراوەتەوە. بە گوتەی سەرچاوەکان، پێدەچێ ئەم ژوورە شوێنێک بێت، کە وەک ناوەندێکی ئیداری ئەو سەردەمە بەکار هاتبێت. نزیکەی 500 پەیکەری ڕازێنراو بە خەتی مێخی لەم گردە دۆزراونەتەوە، کە زۆربەیان بە شێوازێکی تایبەت پێچراون و نەکراونەتەوە.
بێجگە لەمانە، لەم گردە شوێنەوارییە، کۆمەڵێ گۆڕ دۆزراونەتەوە، کە جوانترینیان گۆڕێکە، کە دیوی ژوورەوەی چەند دێڕێک بە خەتی مێخی نووسراوە و ژمارەیەکی تایبەتی تێدایە، کە بەپێی خوێندنەوەی مێژووناس و شوێنەوارناسان، پێدەچی ئەمە گۆڕی کەسایەتیێکی پلە بەرزی وەک کوڕی پاشا بێت، کە ناوی (ئەنلیل عاد)ە. ئەم باڵەخانەیە لە خشتی سووروکراو دروست کراوە و بەشی چوونەژوورەوەی زۆر بە جوانی نەخش کراوە، لەپێش دەرگای گۆڕەکە، لەناو خشتێک، پەیکەری برۆنزیی پیاوێک دانراوە، کە شمشێری بەدەستەوەیە و پێدەچی سیمبولێک بێت بۆ دوورخستنەوەی ڕۆحی ناپاک لە گۆڕەکە. لەناو باڵەخانەکانی ئەم گردەدا سیستەمی ئاوەڕۆ دەبینرێت، کە نیشانەی پێشکەوتوویی و ڕێکوپێکی سیستەمی بیناسازیی ئەو سەردەمەیە. هێشتا کاری کنە و پشکنین لەم ناوچە مێژووییە گرنگە تەواو نەبووە، بەڵام بەدڵنیایی، لەگەڵ بەردەوامبوونی کاری زانستیی هەڵکۆڵین بۆ ئەم گردە، بەشێکی شاراوەی مێژووی ئەم دەڤەرە (کوردستانی گەورە و بەتایبەت کوردستانی ڕۆژئاوا) دەدۆزرێتەوە.
ئامادەکردنی: سارا سەردار
[1]