گوڵی هیوا
لە کتێبی: #گوناه#
بەرهەمی: #عەلی حەسەنیانی#
خەیاڵەکەم،
ئەسیرێکی تەلیسمییە،
لە گۆمی چاوەکانتا...
خەیاڵەکەم،
پەپوولەیە،
دەڕوا، دەفڕێ بەرەو بەیان،
خەیاڵەکەم،
ئاسکۆڵەیە
لە زەنوێری کوێستانی دڵ،
لە بۆنی گوڵ - گوڵی هیوا -
وا مەست ئەبێ،
کە من لە خەم ڕزگار ئەکا...
خەیاڵی من،
گشتی ئەتۆی!
ئەتۆ کچی خودای جوانی!
ئەتۆ کیژی موکریانی!
بەڵام ئەتۆ!
بیر و بڕوا و خەیاڵی تۆ،
دیلی داوی خۆپەرەستین،
هەرگیز لە فیکری مندا نین
بەڵام هاوڕێی خەیاڵەکەم - گوڵی هیوا -
ماڵی ئاوا
لەگەڵ منە تاکوو دەمرم
تاکوو لە ئامێزت دەگرم
1979 - #مەهاباد# [1]