ژیانەوە
لە کتێبی: #گوناه#
بەرهەمی: #عەلی حەسەنیانی#
زرینگەی کۆت و زنجیرێ هەواڵی هاتنی هێنا
لە نێو تاریک و لێڵی سەردی پاییزا،
شەکەت،
بێهێز،
خەواڵوو،
تێکچەماو،
ماندوو،
لە پێچی ڕێوە پەیدا بوو
ڕەهەندی بێ زەمانی دوور و بێ ڕۆچنایی ڕابردوو
بە دەستاڕی سزا،
وەهای هاڕیبوو، وردی کردبوو، دەتگوت:
- کەڕ و کوێرە
نە گوێی دا بەو هەموو:
- شەوباش!
- چۆنی؟
- چت بە سەر هاتووە؟
نە ئاوڕی داوە سەر هیچ کەس
بەڵێ تاوانی ڕابردوو چ سامناکە
یەکێک هاواری کرد:
- باوکە!
کە ویستی باوەشی پێدا بکا دیتی ئەو هەورە،
ڕۆحە،
نامۆیە،
تاپۆیە
بە بێدەنگی، بە ئارامی لە باسکەی کێوی ئاوا بوو
زرینگەی ژەنگنەزنجیر و کۆتێ هەر دەهاتە گوێ
لە نێو تاریک و ڕوونی شەستەبارانا،
لە پێچی ڕێوە پەیدا بوو
گەیشتە ئێمە دوایین ئاڵقە زنجیری ڕزی، داکەوت
شەماڵی بانەمەڕ تۆزی لە سەر لابرد
بزەی هاتێ
لە ئاوی کانیاوی زەمزەمی نۆشی
کتێبێ بوو لە دنیای دی
ڕوانینی، بزەی، ڕەمزی موعەمما بوو
بەڵام نەیگوت...
یەکێک هاواری کرد:
- باوکە!
کەچی نەیزانی هەر هەورە،
ڕۆحە،
تاپۆیە،
نامۆیە...
کە ویستم پرسیاری لێ بکەم:
- چۆنە؟
- چیە؟
ون بوو...
بەڵێ ڕێبواری بێهێزی لە پێ کەوتوو لە ڕابردوو،
ئەوێستێ مەند و سەرکەوتوو،
لە ئاسۆگەی چیای بەرزی تەناسوخ بوو [1]