ناونیشان: هەڵکەندنی بیری نەوت لە ژێر دەریا و مەترسییەکانی
ئامادەکردن: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
کێڵگە نەوتیەکانی سەر ڕووی زەمین دابەش بونەتە سەر وشکانی و دەریا، هەڵکەندنی بیری نەوت لە وشکانیدا زۆر ئاسانتر و بێ کێشە ترە. تەقینەوەی بیر لە کاتی هەڵکەندنیدا ڕوداوێکی ئاساییە و لە ئەنجامی هەندێ هەڵەی تەکنیکیدا ڕوودەدات، بەڵام ئاکامەکانی لە دەریادا زۆر مەترسیدار ترو بە زیانترە چونکە بە تەقینەوەی بیرێک لە دەریادا هەزاران بەرمیل نەوت دەرژێتە دەریاوە ژینگەی دەریاکە پیس دەکات کە ویرای ئەو زیانە زۆرەی بەر سامانی گیانەوەرانی ئاوی دەکەوێت پێویستە ملیۆنان دۆلار سەرف بکرێت بۆ پاککردنەوەی دەریاکە.
گەران بەدوای نەوتدا بەتایبەت لەدەریا دا لەوکارانەیە لە جیهاندا کە زۆر مەترسیدارە و ناتوانرێ لەرووداوو کارەسات خۆیان بەدوور بگرن کە زۆر جار دەگاتە ڕادەی مردن. مێژووی هەڵکەنین و بەرهەم هێنانی نەوت لەژیر دەریادا دەگەرێتەوە بۆ بیستەکانی سەدەی ڕابردوو، یەکەم بیری ژێر ئاو لەدەریاچەی(ماراکایبو) لە فەنزەویلا لە ساڵی 1924 هەڵکەنرا، تا ساڵی 1939 نزیکەی (2) هەزار بیریان لەو دەریاچەیە هەڵکەند و تێکرای بەرهەم هینان تیایدا گەیشتە 33 هەزارتەن نەوت لەرۆژێکدا. بەڵام گەران و بەرهەمهێنان و هەڵکەندن لەدەریا کراوە و گەورەکاندا لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە دەستی پێکرد بە تایبەت لەساڵی 1960 لەکەنداوی مەکسیک. ئەو تەکنەلۆجیایەی لە هەڵکەندنی بیری نەوت لە ژیر دەریا دا بەکاردەهێنرێ زۆر جیاوازە لە وەی لە سەر زەویدا ئەنجام دەدەرێ، لەدەریادا ئامێرە بەکار هێنراوەکان سەرئاو دەکەون یان نیوە نقوم دەکرێن.تێچوون لە پرۆسەی هەڵکەندن لەژیر دەریادا زۆر بەرزە لە چاو وشکانیدا.
رووداوەکەی ساڵی 2010ی کەنداوی مەکسیک کەبووە هۆی مردنی 11 کەس و ڕۆچوونی نەوتێکی زۆر بۆ سەر ئاو نە یەکەم ڕووداوە و نە دواهەمین ڕووداو بەڵکو ئەگەر چاوێکی خێرا بە مێژووی هەڵکەندنی بیری نەوت لەژێر ئاودا بخشێنین زۆر لەم ڕووداوانەمان بەر چاو دەکەوێت.
لە 30ی ئەیلولی ساڵی 2002 بیرهەلکەنێکی سەر بە کۆمپانیای (شلەمبێرگەر) لەوکاتەی لە یەکێک لە ئاوەکانی سعودیە سەرقاڵی هەڵکەندنی بیرێکی نەوت بوو بە هۆی هەڵەیەکی تەکنیکییەوە تەقیەوە و سەرنجام 3 کەس مردن و چەندینی تریش بریندار بوون. لەشەشی تەمموزی سالی1988 بیرهەڵکەنێک لە دەریای باکوور دەیوویست بیرێکی غازی هەڵبکەنێت پاشان بە بۆری غازەکە بگوێزرێتەوە بۆ وێستگەیەکی کۆکردنەوەی غاز بەڵام بەهۆی کەمتەرخەمیەوە لەماوی چەند دەقیقەیەکدا تەواوی ئامێرەکان تەقینەوە و 167کەس لەو تاقمە مردن و 62 کەسیان ڕزگاریان بوو ئەویش بە خۆهەڵدان لەبەرزییەوە بۆ ناو ئاوەکە. لە 15ی نیسانی سالی2000یش لە یەکێک لە کێڵگە نەوتییەکانی ئیمارات کارەساتی تەقینەوەی تاوەرێکی هەڵکەندن ڕوویدا و سەرنجام 4 لە کارمەندەکانی بورجەکە کە هیندی و پاکستانی بوون مردن و 8ی تریشیان بریندار بوون. ئەمانە و چەندین ڕووداوی تر کە میژوو لە تۆمارەکانیدا تۆماری کردوون. [1]