ناونیشان: ڕێکەوتنە نەوتیەکەی نێوان هەرێم و بەغدا کاتییە یان هەمیشەیی؟
ئامادەکار: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
وەک ئەوەی هەموو لایەک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە بیستمان کە حکومەتی هەرێم و بەغدا لە سەرکێشەی پارەی کۆمپانیاکان ڕێک کەوتوون لە سەر ئەوەی بەغدا پارەی ئه و کۆمپانیایانە خەرج بکات و حکومەتی هەرێمیش ڕۆژانە 140 هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانی خۆیەوە هەناردە بکات لە ساڵی داهاتووشدا ئه و بڕە بگەیەنێتە 200 هەزار بەرمیل. ئەگەر تاوێک لە و ڕێکەوتنە وردبینەوە سەیرمان دێت لەوەی لە گەرمەی کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا لە سەر پێکهێنانی فەرماندەیی دیجلە کە ئەوەندەی نەمابوو دۆخەکە بتەقێتەوە ئه و ڕێکەوتنە لە دایک بوو. ئەم چارەسەرە لەم ئان و ساتەدا لەوە دەچێت دەستی سێهەم هەبێت و فشاری توندی بۆ هەردوو لا هێنابێت، چاودێران له و بروایەدان وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئه و دەستە بێت چونکە هەمووی چەند هەفتەیەکی تر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بە ڕێوە دەچێت و دوور نییە ئه و گرژییە ڕەنگدانەوەی لە سەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکە ببێت. لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە ئایا ئەم ڕێکەوتنە هەمیشەییە یان تەنها دەرزیەکی سڕکەره و بۆ ماوەیەکی کاتی کاریگەری دەبێت؟
ئەگەر تاوێک بگەڕێینە دواوە دەبینین جاری تریش ڕێکەوتن کراوه و شەهرستانی سەردانی هەولێری کردووە پارەی کۆمپانیاکان دراوە بەڵام دواجار دیسانەوە تێک چوونەتەوە. ئەم ڕێکەوتنانەی ئەنجام دەدرێن هەموو کاتین چونکە هیچ یاسایەک نیە لە وڵاتدا پڕۆسەی بەرهەم هێنانی نەوت ڕێکبخات و بەرێوەی ببات، تا ئەوکاتەی یاسای نەوت وغاز دەردەچێت و دەسەڵاتەکانی هەرێمەکان وناوەند دیاری دەکات بارودۆخەکە هەر بەم چەشنە دەمێنێتەوە. ئەگەر چاوێک بەرێکەوتننەکەی ئەم دواییەدا بخشێنین تێبینی دەکەین هیج ئاماژەیەک بۆ گرێبەستەکانی هەرێًم نەکراوە. سەبارەت بەیاسای نەوت و غازیش دوو ڕەشنووس لە بەردەستدایە ڕەشنووسی ساڵی 2007 و 2011 لە یەکەمیان دەسەڵاتی هەرێمەکان زیاتره و لە دووەمیان ئه و دەسەڵاتانە تەسک کراونەتەوە. ئەوسا لەم دوو ڕەشنووسە کامیان قبوڵ دەکرێت، لە ڕەشنووسی یەکەمدا بە گەرانەوە بۆ ماددەی 109 ی دەستوور دەسەڵاتێکی فراوان بە هەرێمەکان دراوە و مافی گرێبەست و بەرهەم هێنانیان هەیەکە ئەمەش لای بەشێک لە کار بەدەستانی ناوەند پاروویەکی قورسە بە ئاسانی قووت نادرێت. لە میانی چەند ساڵی مامەڵەی نێوان هەرێم و بەغدا دەردەکەوێت کە هۆی دەرچوونی یاسای نەوت و غاز زاڵ بوونی گیانی سەنترالیزمە بە سەر گیانی دیموکراتی و فیدڕاڵی و قبوڵِکردنی بەرامبەرو یەکسانی. ئەگەر حکومەتی ناوەند لە ناخەوە بروای بە یەکسانی هەموو شارەکانی عێراق هەبێت جیاوازی لە نێوان بەسرە و سلێمانی و نەجەف و هەولێر و کەرکووک نەکرێت، بروای بەوە هەبێت کە کوردیش مافی ئەوەی هەیە نەوت لە خاکەکەی بەرهەم بهێنێ و لە پیشەسازی نەوتدا پێشکەوتن بە دەست بهێنێ ئه و کاتە دەکرێت نەرمی یەک لە ئاست ماددەی 109 ی دەستوردا بنوێنرێ و بەم چەشنەی لێبێت (لیژنەیەکی پسپۆر لە حکومەتی فیدراڵ کە کوردیش تیایدا ئەندامێکی دەسەڵاتدار بێت هەڵبسن بە دارشتنی سیاسەت و نەخشە کێشانی پیشەسازی یەکانی نەوت و غاز، هەرێم و پارێزگا نەوتییەکانیش جێ بە جێ کەری ئه و سیاسەتە بن و ئیشپێکردنی دامەزراوە نەوتی و غازی یەکان بگرن ئەستۆ کە بەیاسا ڕێکخرابێتن).
تا ئه و ڕۆژەی بروا بە یەکسانی و دیموکراتی لە ئارادا نەبێت تا ئه و کاتەی لە کەمیندا بین بۆ یەکتر ئەم سیناریۆیانە بە یناو بەینێک دووبارە دەبنەوە.
ساڵ: 2012
[1]