ناونیشان: نەوت شەرێکی بێدەنگ
ئامادەکار: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
هەموو لایەک شارەزای گرنگی نەوت هەین کە چەندین شارستانیەتی پێوە بەندە و شادەماری پێشکەوتنی زۆربەی وڵاتانە کە لە نەبونیدا ژیان و جووڵە تیایاندا دەوەستێت.
سەردەمی نەوت هەرزانی بەسەرچوو سەردەمی هەڵکشانی نرخە هەرچەندە جارجارە بەهۆی کەم خواستی و قەیرانی ئابورییەوە داکشانێک بەخۆیەوە دەبینێت.
$هەر وڵاته و بۆ خۆی هەوڵ دەدات$
هەموو وڵاتان هەوڵ دەدەن ئەم کانزایە بە ئاراستەی سودەکانی خۆیان پەلکێش بکەن و زۆرترین بەرژەوەندییان بێنێتەدی , بەم چەشنە وڵاتانی خاوەن نەوت و بەکاربەر ژێر بەژێر لە جەنگێکی بەردەوام و بێدەنگدان.
تورکیا هەوڵ دەدات ببێتە سەنتەرێکی جیهانی بۆ دابەشکردنی نەوت و گاز، دەیەوێت قەرەبووی ڕەتکردنەوەی بە ئەندام بوونی لە یەکێتی ئەوروپا بکاتەوە ,کۆمەڵە ستراتیجێکی سیاسی و ئابووری وەها وێنە دەکێشێت کە دەرئەنجام خۆی لە ناو دڵی یەکێتی ئەوروپا ببینێتەوە سەرۆکەکانی ئەوروپا ڕازی بن یان نا , وەک ئه و کەسە مامەڵە دەکات کە لە دەرگاوە دەرکرابێت لە پەنجەرەوە بێتە ژوورەوە.
وڵاتانی ئەوروپاش دەیانەوێت بە یارمەتی ئەمەریکا چیتر متمانە نەکەنە سەر غازو نەوتی ڕوسیا، ئەمەریکاش گەمەکەی پێخۆشە حەز دەکات ڕوسیا دوژمنی دوێنێ و دۆستی ئەمرۆی لاواز بکات , پاشان کلیلی لوولە نەوتی و غازییەکان لە ژێر کۆنترۆڵیدا دەربکات و خۆیان پرۆسەی گەڕان و دۆزینەوه و پاڵاوتن و گواستنەوەی نەوت ئەنجام بدەن. ڕوسیاش لای خۆیەوە کۆشش دەکات پەیوەندی سیاسی و بازرگانی توندوتۆڵ لەگەڵ ئه و وڵاتانە بەهێز بکات کە کلیلی لوولە نەوتی و غازییەکانیان دەکەوێتە لا وەک تورکیاو ئیتاڵیا و ئۆکرانیا و ئازربایجان وتورکمانستان.
لە لایەکی تریشەوە چەند وڵاتێکی ئەوروپی و ئەمەریکا بەهاوکاری وڵاتانی ئازربایجان و تورکمانستان و عێراق سەرگەرمی دامەزراندنی هێڵی غازی(نابۆکۆ)ن تا ببێتە ئەلتەرناتیڤێک بۆ هێڵی ڕوسی ئۆکرانی، بریارە لە ساڵی 2015 کۆتایی پێبێت , پرۆژەکە 11 ملیار دۆلاری تێدەچێت بە درێژی 3300 کم لوولە لە دەریای قەزوینەوە ڕادەکێشرێت ڕووه و وڵاتانی بەڵقان کە بە تورکیاو نەمسادا تێدەپەرێ بێئەوەی خاکی ڕوسیا ببرێت.
هەر بۆ گوشار خستنە سەر ڕوسیا وڵاتانی ئەوروپا بە نیازن لولەیەکی 4000 کیلۆمەتری بۆ گواستنەوەی غازی نێجیریا بۆ ئەوروپا ڕابکێشن، پرۆژەکە 13 ملیار دۆلاری تێدەچێت.
$ووزەی خۆریش چوەتە ناو ململانێکەوە$
لە کۆتایی ساڵی 2011شدا 12 کۆمپانیای ئەوروپی گرێبەستێکیان بە بڕی 560 ملیار دۆلار ئیمزا کرد بۆ بنیاتنانی پرۆژەیەکی زەبەلاح بۆ بەرهەم هێنانی کارەبا لە وزەی خۆر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست. بە گوێرەی پرۆژەکە ژمارەیەک جەنەرەیتەری وزەی خۆر لە وڵاتی سعودیه و مەغریب بنیات دەنرێت و لە ڕێگای کێبڵەوە کە بە ژیّر دەریای ناوەراستدا تێپەڕ دەکرێت دەگوێزرێتەوە بۆ ئەوروپا. بریاریشە ئەم پرۆژەیە لە ساڵی 2050 کۆتایی پێبێت و 15% وزەی کارەبا بۆ ئەوروپا دابین بکات، ئامانج لەم پرۆژەیە کەمکردنەوەی متمانە کردنە سەر نەوتی ڕوسیایە.
باراک ئۆباما هەر لە یەکەم ڕۆژی دەسەڵات گرتنە دەستەوە پێشنیاری پەرەپێدانی وزەی خۆرو هەوای کردووە , چەندین بریاریشی لەم بارەیەوە دەرکردووە.
وڵاتی ئوردنیش لەم بوارەدا دەستی کردووە بە متمانە کردنە سەر وزەی ناوکی و وزەی خۆر تا کەمتر نەوت هاوردە بکات کە بوەتە هۆی قوتدانی بەشێکی گەورە لە بودجەکەی، بەڵام هێشتا هەنگاوەکان بە ساردی دەچێت بەرێوە.
ساڵ: 2012
[1]