ناونیشان: سەرکردایەتی کورد لە نێوان نەوت و خاکدا
ئامادەکردن: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
لەوەتەی کورد لە شۆرش و ململانێدایە لەگەڵ حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقدا هەموو کێشەکەی لە چوارچێوەی خاکە داگیرکراوەکەی قەتیس ببوو بە تایبەت ئه و بەشە خاکەی ئەمرۆ ناونراوە ناوچەی جێناکۆک کە ڕوبارێک خوێنی لە پێناودا ڕژاوه و چاکترین ڕۆڵەی کوردی لە پێناودا بەخت کراوە.
لە دوای پرۆسەی ئازادی و دامەزراندنی حکومەتی نوێی عێراق و داڕشتنی مادەی 140 سەرکردایەتی کورد کەوتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەی مێژووییەوە بەتایبەت دوای ئەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستان دۆزرایەوە. هاتنی ژمارەیەک کۆمپانیای نەوتی بیانی بۆ کوردستان و هەڵڕشتنی پارەی شیرینی گرێبەستە نەوتیەکان و ڕۆژانە ئاودیوکردنی سەدان تانکەری نەوت پارە و پولێکی زۆرو زەوەندی ئاخنیە گیرفانی حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە، هەموو ئەمانە وای لە دەسەڵاتدارانی هەرێم کرد هەموو هەوڵ و کۆششێکیان تەنها بۆ فرۆشتنی نەوت بێت و کەس ئاگای لە #کەرکووک# و مادەی 140 نەمێنێت تەنها لە کاتی تەقینەوەکاندا بیریان دەکەوتەوە. حکومەتی عێراقیش چاویان له و هەموو پێشێلکاریانەی حکومەتی هەرێم پۆشیبوو کە لە بواری نەوتدا ئەنجامی ئەدا ئەویش یان لەبەر لاوازی و بێدەسەڵاتی یان لە بەرامبەر بێدەنگ بوونی حیزبە کوردییەکان لە ئاست ناوچە جێناکۆکەکان. بە کورتی دەتوانین بڵێین ئەوەی سەرکردایەتی کورد لەقۆناغی ڕابردوودا کردوویەتی فرۆشتنی خاک بووە بەرامبەر وەرگرتنی ئیمتیازاتی نەوت. دوای ئەوەی سەرکردایەتی کورد نەیتوانی بستە خاکێکی ئه و ناوچانە بگێرێتەوە واخەریکە حکومەتی بەغدا ناهێڵێت نەوتەکەش بە ئیسراحەت بخوات و گەورەترین کێشەی دارایی بۆ دروست کردووە.
ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 30ی نیسان ئاشکرا کراو لەمەودوا کوتلە سیاسیەکان بە کوردیشەوە سەرگەرمی دامەزراندنی حکومەتی نوێ دەبن، ئایا کورد ئەمجارەش هەروەک جاران مامەڵە دەکات و لە ئاست کەرکووک و مادەی 140 بێخەم دەبێت؟ ئایا بە دوور دەزانرێت بەغدا ئەم قەیرانەی لەگەڵ هەرێم دروستی کردووە بیکاتە کارتی فشار تا سەرکردایەتی کورد بێدەنگ بکات لە ئاست ناوچە جێناکۆکەکان یان ئەوەتا ئەمجارە پێچەوانەی پێشوو سەرکردایەتی کورد پیرۆزی ئەم ناوچانە لەبەرچاو دەگرێت وهەموو نەوتی کوردستان دەکاتە قوربانی ئه و شەهیدانەی کە گیانی خۆیان لە پێناو کەرکووکدا بەخت کرد، هەرچی نەوت هەیە توڕی دەدات و خاکی داگیر کراوی پێوەردەگرێتەوە.
با لەوە زیاتر نەکەوینە پێش ڕوداوەکانەوە و چاوەڕوان بین. [1]