ناونیشان: نەوتی ئاسایی و نەوتی نائاسایی
ئامادەکردن: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
کاتێک باس لە یەدەکی نەوت دەکرێت دوو زاراوە لە بارەی سەرچاوەکانی نەوتەوە دێتە پێش کە بریتین لە نەوتی ئاسایی و نەوتی نائاسایی (conventional oil and unconventional oil).
نەوتی ئاسایی ئەوەیە کە ڕۆژانە پیادە دەکرێت لە هەڵکەندنی بیرو دەرهێنانی نەوتەکە کە دواتر بە کۆمەڵێک پرۆسەی تایبەتدا تێپەر دەبێت تا بەروبومەکانی لێدەردەهێنرێت و بۆ بەکارهێنان دەشێت.
نەوتی عێراق و ئێران و سعودیە لەم چەشنەن. بەڵام نەوتی نائاسایی به و نەوتە دەوترێت کە لە ڕوبەرێکی فراوانی سەر زەویدا بڵاو بوەتەوە و تێکەڵ بە لم و قوڕ بوونه و پێیان دەڵێن sand oil or shale oil. ئەم جۆرە نەوتە ملیۆنان ساڵ لەمەوبەر لە ژێر زەویەوە سەرکەوتوەتە سەر زەوی پاشان بەناو چینە لم و قوڕەکاندا بڵاوبوەتەوه و ڕوبەرێکی بەرفراوانی داگیر کردوە. بۆ سوود وەرگرتن لەم جۆرە نەوتە ناکرێت بە ڕێگە پیادەکراوەکانی دەرهێنانی نەوتی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵدا بکەین بەڵکو شێوازی تایبەت هەیە پێویستە ڕەچاوی بکەین. عێراق و وڵاتانی دەوروبەر لەم چەشنە نەوتەیان تێدا نیە.
بەمەبەستی چنگ کەوتنی نەوت لەم سەرچاوەیەوە پێویستە پرۆسەیەکی ئاڵۆزی گرانبەها ئەنجام بدرێت لەوانە بە کارهێنانی هەڵم و توێنەرەوەکان پاشان لە ڕێگەی چەند پرۆسەیەکی تایبەتەوە نەوت لە لمەکە جیا دەکرێتەوه و بە کەڵکی بەکارهێنان دێت.
سەبارەت بە یەدەکی نەوت بەچاو پێداخشانەوەیەکی خێرادا دەبینین ڕێژەی سەرچاوە نائاساییەکان لە جیهاندا زیاترە لە ڕێژەی سەرچاوە ئاساییەکان بەڵام بە هۆی بەرزی تێچوونی بەرهەمهێنانەوە فەرامۆش کراوە تەنانەت هەندێ دامەزراوەی تایبەت بە ژماردنی یەدەکی نەوت نایخاتە چوارچێوەی ژمارەکانیەوە , لە هەمان کاتدا چەندین پسپۆرو شارەزا بە لقێکی گرنگی یەدەکی نەوتی دەزانن.
هەریەک لە وڵاتانی ئەمریکاو کەنەداو فەنزەویلا بە گەورەترین وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوتی نائاسایی دەژمێردرێن. بەحوکمی ئەوەی ڕۆژێک دادێت نەوتی ئاسایی کەم دەکات یان وشک دەکات ئەوسا نەوتی نائاسایی دەبێتە جێگرەوە و نەوتی دواڕۆژ، زانایان و پسپۆران بەردەوام لە کۆششدان بۆ کەم کردنەوەی بڕی تێچون لە بەرهەمهێنانی نەوتی نائاسایی. پێشبینی لە ساڵی 2015 دا بەرهەمی کەنەدا لە جۆرە نەوتە بگاتە 3 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا. ئابووریناسانی نەوت لە وەزارەتی وزەی ئەمەریکیدا جەختیان کردوەتەوە کە یەدەکی نەوتی لم لە کەنەدا 200 ملیار بەرمیلی تێپەراندووە ئەمەش بە دووەم گەنجینەی نەوت لە جیهان دەژمێردرێت لە دوای شانشینی سعودی.
باشترین هەڵسەنگاندن بۆ ئاماری یەدەکی نەوت جیهان لە ڕاپۆرتی ساڵی 2010ی (بوز) دا هاتووە کە تیایدا عێراق پلەی سێیەمی بەردەکەوێت لە یەدەکی نەوتی جیهاندا ئەگەر تەنها نەوتی ئاسایی هەژمار بکرێت بەڵام لە حاڵتی بەهەند وەرگرتنی نەوتی نائاسایی پلەی پێنجەم وەردەگرێت وەک لەم خشتەیەدا هاتووە:-
وڵات - یەدەک لە نەوتی ئاسایی - یەدەک لە نەوتی نائاسایی - سەرجەم
$سعودیە$ - 264 ملیار بەرمیل - 264 ملیار بەرمیل
$کەنەدا$ - 63 ملیار بەرمیل - 144 ملیار بەرمیل - 177ملیار بەرمیل
$فەنزەویلا$ - 76 ملیار بەرمیل - 96 ملیار بەرمیل - 172 ملیار بەرمیل
$ئێران$ - 150 ملیار بەرمیل-......... - 150 ملیار بەرمیل
$عێراق$ - 143 ملیار بەرمیل -......... - 143 ملیار بەرمیل
[1]