ناونیشان: هەناردەکردنی نەوتی #کەرکووک# بۆ ئوردن
ئامادەکردن: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
ئوردن دراوسێی بەشی ڕۆژئاوای عیراقە و لە سەردەمی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقدا مامەڵەی جیاجیای کراوە. لە سەردەمی حکومەتی بەعسدا بە تایبەت لە دوای دەسپێکردنی شەری عێراق ئێراندا ئوردن چووە بەرەی دژ بە ئێرانەوە و بەچەک و سوپا شان بەشانی عێراق وەستا. لە کاتی شەری دەرکردنی عێراق لە کوێتیشدا دژ بە عێراق نەوەستا و هاوسۆزی حکومەتی بەعس بوو. لە بەرامبەر ئەمانە دا حکومەتی پێشووی عێراق هەردەم ئه و نەوتەی بە ئوردنی دەفرۆشت نرخی لە وڵاتانی تر کەمتربوو. هەرچەندە هیچ لولەیەکی گواستنەوەی نەوت لە نێوان عێراق و ئوردن دا نەبوو بۆیە لە ڕێگەی تانکەرەوە ئەم کارە ئەنجام دەدرا بە تایبەت لە ماوەی ئابڵوقەی نێو دەوڵەتی سەر عێراق دا لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی بیستەم.
لەسەردەمی حکومەتی نوێشدا دیسانەوە بەرژەوەندی ئوردن خراوەتە بەر چاو، لەدوای پرۆسەی ئازادیەوە لە نیسانی 2003 تا ساڵی 2006 لەبەر نا ئارامی ناوچەی خۆرئاوای عێراق لە توانادا نەبوو نەوت هەناردەی ئوردن بکرێت بەڵام له و ساڵەدا (2006) ڕێکەوتنێک لە نێوان عێراق و ئوردن بۆ ماوەی 2 ساڵ ئیمزا کرا کە به و پێیە ڕۆژانە 10 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی ئوردن بکرێت، ئەم جارەش بە هۆی خراپی باری ئەمنیەوە نەتوانرا ڕێکەوتن نامەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت. بە گوێرەی ئه و ڕێکەوتن نامەیە دەبوایە سەرەتا هەناردە کردن بە 10هەزار بەرمیل دەستی پێبکردایە هەنگاو بە هەنگاو زیادیش بکرێت تا دەگەیشتە 100هەزار بەرمیل لە ڕۆژیکدا، لە هەر بەرمیلێکدا 18 دۆلار دا دەشکێنرێ و لە خوار نرخی بازارەوە دەبێت. لە مانگی ئابی ساڵی 2008 جارێکی تر ئەم مەسەلەیە وروژێنرا ئەوە بوو ڕێکەوتن نامەیەکیان بۆ ماوەی 3 ساڵ واژۆ کرد کە لە ئابی 2011 کۆتای پێ دێت. پەپێی ڕێکەوتننامە نوێیەکە ڕۆژی 10 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی تانکەرەوە ڕەوانەی ئوردن دەکرێت بە داشکاندنی 22 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. بەڵام ئەم جارەیان تانکەرە نەوت هەڵگرەکان ئه و نەوتە لە پارێزگای بێجیەوە بار دەکەن لە جیاتی کەرکووک، دوای 800 کیلومەتر ڕۆیشتن دەیگەیەننە سنوری ئوردن و لەوێ بەتاڵی دەکەن پاشان تانکەرە ئوردنییەکان بۆ پاڵاوگەی (زەرقا) دەیبەن، ژمارەی ئه و تانکەرانەش کە ڕۆژانە له و ڕێیە کار دەکەن 400 تانکەرن. ئەم تانکەرانەش هەندێک جار دوجاری ڕووداوی دڵتەزێن دێن وەک ئەوەی لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی 2010 ڕوویدا کە 18 تانکەر گریان تێبەربوو و سوتان لە ئەنجامدا دوو شۆفێر گیانیان لە دەستداو 12ی تریش بریندار بوون.
ساڵی (2011) دوای تەواوبوونی گرێبەستی نێوان عێراق و ئوردن لە لایەن حکومەتی ئوردنیەوە داوا لەحکومەتی عێراقی کرا لەجیاتی هەناردە کردنی نەوت بە تەنکەر لوولەیەک لە نێوان ئەم دوو وڵاتە ڕابکێشرێ ، ئەوەبوو لە 10ی مانگی حوزەیرانی هەمان ساڵدا یاداشتێکی لێک گەیشتن لە نێوانیاندا ئیمزا کرا کە زۆربەی بەندەکانی پەیوەندی بە کەرتی وزەوە هەبوو بەستنەوەی هەردوو وڵاتیش بە لوولەیەکی نەوتی بەندێکی ئه و یاداشتەبوو.
بە گوێرەی قسەی وتەبێژی حکومەتی عێراق ئەم یاداشتی لێک گەیشتنە لە ڕۆژی ئیمزا کردنیەوە کاری پێدەکرێ و ماوەکەشی 5 ساڵە، هەروەها بە پێی ڕێکەوتنەکە لوولە نەوتیەکە لە شارۆچکەی حەدیسەی ڕۆژئاوای عێراقەوە دەردەچێت و تا بەندەری عەقەبە درێژ دەبێتەوە لەوێش لقێکی لێدەبێتەوە ڕووه و پاڵاوگەی زەرقای ئوردونی دەچێت. بەڵام ڕووداوەکانی ساڵانی دواتر بەتایبەت سەرهەڵدانی داعش ئەم پڕۆژەیەی لە ڕەگەوە هەڵکێشا.
هەرچەندە ئوردن ڕۆژانە ئەم برە نەوتە لە عێراقەوە وەر دەگرێت بەڵام پێویستی ناو خۆی پر ناکاتەوە و ڕۆژانە پێویستی بە 100 هەزار بەرمیل نەوتە.
ئەوەندە ماوە بیڵێین کە ئەم پرۆژەیەی حکومەتی عێراق بە نیازبوو جێبەجێی بکات لە سەردەمی حکومەتی پێشوو (حکومەتی بەعس) بیری لێکراوەتەوە و لە ساڵی 1979 لە بەرنامەیاندا بوو لوولەیەک لە نێوان هەردوو وڵاتدا ڕابکێشن کە ڕۆژانە 1 ملیۆن بەرمیل نەوت لێوەی هەناردەی سەر دەریای سوور بکرێت کە ئوردون زۆر سوودمەند دەبوو بەڵام بە هۆی هەڵگیرسانی شەری عێراق ئێرانەوە پرۆژەکە پەکیکەوت.
ئەوا ئەمساڵیش ساڵی 2019 جارێکی تر لە سەر دەستی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرلەنوێ نەوتی کەرکووک بە تانکەر ڕەوانەی ئوردن دەکرێتەوە بە هەمان بڕەکەی پێشوو کە 10 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا بە نرخێکی کەمتر لە نرخی بازار. [1]