ناونیشان: لە جەنگی داڕمانی نرخی نەوتدا کێ براوە بوو کێ دۆڕاو؟
ئامادەکردن: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
بۆ یەکەم جار لە مێژوودا نەوت وەک چەکێکی سیاسی لە جەنگی ئۆکتۆبەری ساڵی 1973 نێوان عەرەب و ئیسرائیل بەکارهات، له و کاتەوە تا ساڵی 2017 هەرچی داڕمانی نرخی نەوت هەبووە هەمووی فاکتەری سیاسی ڕۆڵی باڵای هەبووە و ئەمریکا ویستوویەتی زیانی ئابووری گەورە بە نەیارەکانی وەک ڕوسیا و ئێران بگەیەنێت خۆشی له و لاوە عەمبارە ستراتیجییەکانی لە نەوتی هەرزان پڕ دەکرد چونکە ئەمریکا خاوەن بەرهەمێکی نەوتی کەم بوو لە چاو پێویستییەکانی، زیاتر پەنای بۆ بازاڕی جیهانی دەبرد. بەڵام لە ساڵی 2017 بە دواوە نەوتی بەردین (النفط الصخری - shale oil) هاتۆتە مەیدان و بڕی بەرهەم هاتووی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاد دەکات ئێستا کۆی بەرهەمی نەوتی ئەمریکا دەگاتە 10 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کە ئەمە وایکردووە ئەمریکا لە وڵاتێکی بەکاربەرەوە ببێتە وڵاتێکی بەرهەم هێن.
ئه و ڕق بە ڕقێیەی ئەم دواییەی نێوان ڕوسیا و سعودیە داڕمانێکی مێژوویی نرخی نەوتی لێکەوتەوە بە جۆرێک ئێشەکەی گەیشتە سەر کۆمپانیا ئەمریکییەکان و هەندێکیانی مایە پووچ کرد، هەر بۆیە ئیدارەی ئەمریکا بە گورجی کەوتنە خۆیان بۆ چارەسەری دۆخەکە، پەیوەندی بەردوامیان بە لایەنە پەیوەندی دارەکانەوە کرد تا لە ڕۆژی 10 ی نیساندا هەموو لایەک ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی هەر یەک لە وڵاتانی ئۆپک و ڕوسیا 10 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە کەم بکەنەوە ئەمریکا و چەند وڵاتێکیش 5 ملیۆن بەرمیل.
ئەگەر لە هەریەک لەم سێ دەوڵەتە (ئەمریکا – ڕوسیا – سعودیە) بپرسین کێ براوە بوو کێ دۆڕاو. سعودیە خۆی بە سەرکەوتوو ئەزانێ چونکە بەرهەمی نەوتی بە ڕوسیا داگرت کە پێشتر ئامادە نەبوو ئه و کارە بکات، ڕوسیاش خۆی بە براوە ئەزانێت دەڵێت توانیم بڕی بەرهەمهێنانی کارگە ئەمریکییەکان کەم بکەمەوە، ئەمریکاش خۆی لەوان بە کەمتر نازانێت چونکە بە قەناعەتی خۆی توانی پیشەسازی نەوتی ئەمریکی لە مایەپووچ بوون بپارێزێت. بەڵام لە ڕاستیدا هەر سێ لایەن بە دۆڕاو دەژمێردرێن چونکە زەبرێکی ئابووری گەورەیان بەرکەوت، براوەی مەیدانەکە وڵاتانی بەکاربەری نەوت بوون وەک چین، بە گوێرەی هەواڵەکان لە ماوەی شکانی نرخی نەوتدا هاوردەی چین لە نەوت بە ڕێژەی 4,5% زیادی کردووە.
هەرچەندە لە هیچ قۆناغێکی مێژوویدا ڕێکخراوی ئۆپک به و بڕە نەوتی کەم نەکردۆتەوە بەڵام ئاماژەکان پێمان دەڵێن ئەم هەنگاوەش بۆ ئەمساڵ لە نرخی نەوت ئەوەندە بەرزناکاتەوە چونکە فاکتەرەکانی شکانی بازاڕی نەوت وەک خۆی ماوەتەوە. [1]