دڵ، لەبەر ئیمایی چاوت، مەستی قەڕڕابەی مەیە
هەر نەزەر بۆ من موکەڕڕەر نەشئە ئەندەر نەشئەیە
ئاوی وا دا مەزرەعەی ڕووت، دەستی دیهقانی ئەزەل
جورمی ماهی چارْدە لەو جەبهەدا وەک خۆشەیە
ئەی فیدای موژگانی خوونڕێژت! نەزەر کە سوویی من
زەخمی ناسۆرم بە یادی ئاوی تیرت تیشنەیە
مەشقی ئەبرۆی تۆ دەکا قەددم لە عیشقی قامەتت
ڕەنگی ڕووم بۆ سێوی بەروانە وەکوو ڕەنگی بەیە
ئۆف لە ماری حەلقەیی زوڵفی سیای پڕ سیلسیلەت
دڵ لە نێشا ڕۆژ و شەو حاڵی وەکوو کوشتەی حەیە
گوێی دەگرت، ئەی کاشکی، یەکدەم لە ئاهەنگی دڵم
وا لە فیرقەت بەزمی خاست ناڵەیی زارم نەیە
ڕیشی پەشمی وشکەسۆفی باعیسی قەبزیی دڵە
ڕێی مەدە بۆ مەجلیست ئەو بێ دڵە ئەفسوردەیە
گوێ گرن یاران لە بازار و مەحەللە و چار سوور
داستانی حاڵی (سالم) هەر تەرەف ئەفسانەیە [1]
#دیوانی سالم#
#سالم#