بەڕێوەبەری کۆمپانیای هەناری سازان بۆ ڕەوانەکردنی هەنار بۆ دەرەوە ئاماژە بەوە دەکات بەرهەمی ئەمساڵی هەنار لە سنوری پارێزگای #هەڵەبجە# زۆر کەمی کردووە، بە جۆرێک ساڵی ڕابردوو لە سنورەکەماندا زیاد لە 35 هەزار تۆن هەنار بەرهەم هاتووە، بەڵام ئەمساڵ ئەو بڕە بۆ نزیکەی 15 تا 20 هەزار تۆن کەمی کردووە، هاوکات ساڵی ڕابردوو بڕی 200 تۆن هەنارمان هەناردەی چوار وڵاتی ئەوروپی کرد، بەڵام ئەمساڵ بڕێکی کەمتر ڕەوانە دەکەین یان هەر ڕوانە ناکرێت.
فەرەیدون نامدار، بەڕێوەبەری کۆمپانیای هەناری سازان بۆ هەناردەکردنی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان بە بواری ڕاگەیاند: ئەمساڵ بەگشتی بەرهەمی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە کەمیکردووە ئەوەش بەهۆی ئەو گۆڕانکارییەی بەسەر کەش و هەوای هەرێمی کوردستان بەتایبەت لەهەردوو وەرزی زستان و بەهار بووە هۆی ئەوەی هەنار گوڵ نەکات و ئەو گوڵەشی هەنارکردبووی لەناو بچێت.
ئاماژەی بەوەشکرد: ساڵی ڕابردوو بڕی 200 تۆن هەناری هەڵەبجەمان ڕەوانەی هەریەکە لە وڵاتانی بەریتانیا، سوید، ئەڵمانیا و فینلەندا کرد و خواستێکی زۆری کوردانی دانیشتووی ئەو وڵاتانەیان لەسەر بوو ئەگەر هەزار تۆنیشمان هەناردە بکردایە هەر ساغ دەبوویەوە، بەڵام جارێ نازانین بۆ ئەمساڵ بڕی چەند و بۆ چ وڵاتێکیشی هەناردە بکەین، چونکە بەرهەمی هەنار ئەمساڵ کەمیکردووە.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای هەناری سازان بۆ هەناردەکردنی بەروبومە کشتوڵییەکان ئەوەشی خستەڕوو،
ساڵی ڕابردوو زیاد لە 35 هەزار تۆن هەنار لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە بەرهەم هاتووە، بەڵام ئەمساڵ بەرهەمی هەنار ناگاتە ئەو ڕێژەیەی ساڵی ڕابردوو لەوانەیە نزیک ببێتەوە لە 15 تا نزیکەی 20 هەزار تۆن، بۆیە ئەمەش وادەکات کە بڕێکی کەمتر هەنار، هەناردەی دەرەوە بکرێت. [1]