فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا دەڵێت، #کەمپی هۆل# هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر ناوچەکە و کارەساتێکی مرۆییشی تێدا بەڕێوەدەچێت.
جەوڵ بوچینۆ، بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا لە ڕاگەیێندراوێکدا کە ڕۆژی 9ی ئەم مانگە لە تویتەری فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت، ئەندامانی داعش لەنێو کەمپەکە بە جۆرێکی وەها مامەڵە دەکەن کە ژن و کچانی نێو ئەو کەمپە دەکەنە کۆیلە، نیشتەجێبووانی نێو کەمپەکە ئەشکەنجە دەدەن و ئایدیۆلۆژیا خراپەکەیان بڵاودەکەنەوە.
بوچینۆ ئاماژە بەوە دەکات کە بەشی زۆری نیشتەجێبووانی نێو کەمپەکە دەیانەوێت لەوێ نەمێنن، بەڵام داعش بەو جۆرە سەیری کەمپەکە دەکات کە شوێنێکە بۆ گەیاندن و بڵاوکردنەوەی پەیامەکانی و هەوڵەکانی بۆ پێگەیاندنی ئەندامی نوێ و هەربۆیە پێویستە نیشتەجێبووانی نێو کەمپەکە بگەڕێنینەوە وڵاتی بنچینەیی خۆیان.
بەرپرسەکەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا دەڵێت :لە کارکردن لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی کێشەی ئاسایشی کەمپەکە و دۆخە مرۆییەکەی چارەسەربکەین. کارکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کەمپی هۆل درێژکردنەوەی هەوڵ و هاوئاهەنگییە بەردەوامەکانمانە بۆ دڵنیابوونەوە لە تێکشکاندنی داعش.
کەمپی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستانە و نزیکەی 56 هەزار کەسی تێدا نیشتەجێن. فەرماندەکەی سوپای ئەمریکا باس لەوە دەکات، مانگانە نزیکەی 80 منداڵ لەو کەمپە لەدایک دەبن و هەربۆیەش ئەو کەمپە شوێنێکە بۆ پێگەیاندنی نەوەی نوێی داعش و دەشڵێت: نزیکەی 70٪ی دانیشتووانی کەمپەکە لە خوار تەمەنی 12 ساڵییەوەن. ئەوانیش مەترسیی ئەوەیان لەسەرە پەڕگیربکرێن، ئەوەش بەلەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە سەختەی لە کەمپەکەدا بەسەری دەبەن. [1]