#عەلی مەحمود محەمەد#
وەفیق عەجیل حەمود سامەڕائی (1ی 7ی 1947 30ی 8ی 2022) سوپاسالاری خانەنشین و جێگیری بەڕێوەبەری هەواڵگری عێراقی و تۆمەتباری ژمارە یەکی لیستی داواکراوانی #ئەنفال# لەکۆی 423 کەسی داواکراو، ڕۆژی سێشەمە 30ی 8ی 2022 لەلەندەن بەنەخۆشی شێر پەنجە مرد.
جێی خۆیەتی وەفیق سامەڕائیش وەک عزەت دوری، ئەرشەد زێباری، هادی شاوەیس، مەلا عوزێر، لەکوردستان بمرێت یان پرسەی بۆ دابندرێت، یان لەسەر گۆڕەکەی مەزارگەی بۆ بکرێت و ساڵانە یادبکرێتەوە.
کەمن ئەوانەی لەجیهاندا وەک تاوانباری جینۆسایدو تاوانە گەورەکانی تری جەنگ و دژ بەمرۆڤایەتی دەمرن، وەلێ لەعێراق و کوردستان زۆرن، مردن وەک تاوانبار بۆ خۆی سزایەکی ئەبەدییە، هەرچەندە لەژیاندا لەسزا ڕزگاری بوە، بۆتە هۆی ئازارو ناخۆشی بۆ کەسوکاری قوربانی، وەلێ هەر مردنێکی نەنگییە.
وشەیەکی لەسەر چارەنوسی ئەنفالکراوان نەوت
لەیەکەم ڕۆژەکانی هاتنی بۆ کوردستان لەدیسەمبەری 1994، پاشئەوەی پاڵەپەستۆکان لەسەر ڕژێم تونددەکرانەوە، ئومێدێک بەمانی ئه و ڕژێمە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ کەمتر دەبوو، وەفیق سامەڕائی وەک فریادڕەسێک بۆ سەرتاسەری عێراق سەیر دەکرا، هێزە سەربازییەکان لەکوردستان دەخرانە بەردەستی گوایە سەدام دەڕوخێنێت، بەتالیۆن و تیپ و هێزەکانی پێشمەرگە لەخزمەتیدابون، بۆ ئەوەی کودەتای سەربازی لەبەغدا ئەنجامبدات، لایەنە سیاسییەکان دواڕۆژی سیاسی خۆیان لەسەر نەخشەکانی ئه و بنیات دەنا، لەوکاتەدا ئێمە لە ڕێکخراوی ئاواره و ئەنفالەکانی کوردستان کەمپینمان لەدژی ڕێکخست بۆ ئەوەی چارەنوسی ئەنفالکراوەکانمان بۆ ئاشکرابکات، تائەوکات ئه و کەمپینە بەرفراوانترین هەڵمەت بوو دژ بەکەسایەتییەکی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی لەپێناو دیاریکردنی چارەنوسی ئەنفالکراوان و بێسەروشێنکراوان بەڕێوە ببردرێت.
ئەوانەی ماندوبون به و کەمپینەوە سەرباری خۆم (بەدرەدین حەمە ساڵح، مامۆستا فەرهاد خالید، فەلاح حەسەن، سەرهەد تۆفیق، عادل قەشقە، ڕزگار مام بۆرە لەهەڵمەتەکە داوامانکرد، ئەگەر وەفیق سامەڕائی ئەمڕۆ زانیارییەکان لەسەر تاوانی ئەنفال ئاشکرانەکات، سبەی لەبەعس خراپتر بەکورد دەکات، دیارە دەربڕین و ئاشکراکردنی زانیاری لەسەر تاوانی ئەنفال لەلایەن کەسێکەوە بەوتەی تاوانبارانی ئەنفال، یەکێک لەئەندازیارانی سەرەکی و نەخشە داڕێژەری ئۆپەراسیۆنەکە بوبێت ئەستەمە هیچ ئاشکرابکات، هەر واشیکرد.
ئەم واژۆیانەی خوارەوە، بەشێکن لە دەقی ئه و هەڵمەتە بۆ فشارخستنەسەر وەفیق سامەڕائی، بۆ ئاشکراکردنی چارەنوسی ئەنفالکراوان ئەنجامماندا کە لەساڵەکانی 1995-1996 لەڕۆژنامەکانی کوردستانی نوێ، ئەمڕۆ، ڕێگای کوردستان عەرەبی بڵاوکراونەتەوە:
ئەم واژۆیانە پارتی عێراقی و کوردستانی، پارتی دەسەڵاتدارو دەرەوەی دەسەڵات، بە کوردی و عەرەبی و زمانەکانی دیکەش بڵاوکرایەوە، ڕجاو تکای دنیامان لەکەسی نزیکیەوە بۆی نارد، تەنها لەسەر چارەنوسی ئه و کەسوکارانەمان لێدوانێک بدات، نهێنیەک ئاشکرابکات و بدرکێنێت، ئەگەر ماون کەسوکاریان دڵنیابکاتەوە، ئەگەر مردون دیسانەوە با ئه و چاوەڕوانییە ئەبەدییە کۆتایی پێبێت، تاکو بەشێک لەکەسوکاریان ژیانێکی سەرلەنوێ دەستپێبکەنەوه و لەچاوەڕوانی ئەبەدیدا نەژێن، وەلێ ئەم تۆمەتبارە تەنها وشەیەکیشی نەدرکاندو ئاوڕێکی لێمان نەدایەوە، خۆی کەڕولاڵ کردو گوێبیستی داواکارییەکان نەبوو، کەچی لەولاوە هەزاران هەزار کوڕو کەسوکاری ئەنفالکراو خرانە خزمەتییەوە بۆ کردە سەربازیەکانی، نە ڕجا دادی هەبوو، نە فیغان و پاڕانەوەی کەسوکاری قوربانیان، لەکەلی شەیتانی بەعسیانە نەهاتە خوارەوە، نهێنی ڕفەقای خۆی نەدرکاندو تاوانەکانی ئاشکرانەکردو باسی یەک گۆڕی بەکۆمەڵیشی نەکردو یەک وشەشی لەسەر ئەنفال نەوتو ئادرەسی یەک گۆڕی نەدرکاند، ئەمە چ دڵڕەقیەکە ئەمە چ بەعسیەتێکە نهێنیەکان تا ناو گۆڕ بپارێزیت، بۆیە هەوڵەکانمان سەرینەگرت.
لەپاڕانەوەوە بۆ شەرمەزارکردن
وەفیق سامەڕائی بەپەیوەستبونی بەڕیزەکانی ئۆپۆزسیۆن پێش ڕوخانی بەعس لەهەموو تاوانەکانی پاکنابێتەوە، ئەگەر لایەنی سیاسی کوردی لەمافی خۆیان بەبەرژەوەندی خۆیان خۆشبن کە بەوەشەوە نەوەستان کرایە ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆک کۆمار، ئەوە دادگاییە دەتوانێت پاکی ئەوو بێبەریبونی لەتاوانەکان یەکلابکاتەوە لەبەرامبەر مافی قوربانیان، لێبوردنی کەسوکاری قوربانیان تەنها لەئەنجامی بڕیاری دادگایەکی سەربەخۆی ئازادەوە دەبێت بەوەی بڕیار لەسەر بێتاوانی گومانلێکراو بدات، یاخود لەپرۆسەی ئاشتەوایی وەک باشوری ئەفریقا، ئەویش دوای داننان بەسەرجەم تاوانەکان و داوای لێبوردنکردن، لەپرۆسەی ئاشتەواییدا هەرکەسە وەک خۆی دەردەکەوێت، تاوانبار وەک تاوانبارو قوربانیش وەک قوربانی، ڕۆڵ گۆڕینەوە بونی نییە، وەک لەئێستای کوردستان بۆتە دیاردە، تاوانبار بەمەراسیم و ئاڵای کوردستانەوە دەنێژرێت.
ئاشکراکردنی تاوانەکان
لەساڵی 2002وە گەشت و هەڵمەتی ئاشکراکردنی تاوانەکانی وەفیق سامەڕائی لەلایەن کەمپینی هەڵەبجه و ئەنفالەوە دەستیپێکرد کە دواتر ناوەکەی گۆڕا بۆ ناوەندی چاک و دواتر چاودێری کوردۆساید، کە بەندە بەهاوکاری بەڕێز پڕۆفیسۆر ج ق بەڕێوەی دەبرد، هەر لەوکاتەشدا لایەنە شیعەکان بەهۆی پشکداری ناوبراو سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی ساڵی 1991دا، دەستیانکرد بەهەڵمەتی کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر تاوانەکانی ناوبراوو شەرمەزارکردن و بەره و بەدادگاییبردنی، بۆ ئه و مەبەستەش ئه و فایلانەی پەیوەستبون بەتاوانەکانی وەفیق سامەڕائی دران بەکەمپینی #هەڵەبجە# و ئەنفال هاوکات پەیوەندی بەپارێزەرەوە کرا لەلەندەن بۆ تۆمارکردنی سکاڵای فەرمی لەسەری، لەوکاتە هیچ کەسولایەنێک پشتیوانیان له و هەڵمەتە نەکرد بگرە بەهۆی نزیکی ناوبراو لەیەکێتیەوە زۆر تانه و تەشەرو بوختانیش بۆ هەڵمەتەکە هەڵدەبەسترا، جگە لەکاک دکتۆر (ج ق) نەبێت کە هاوکاریەکی زۆری کردین لەوەرگێڕانی بەڵگەنامەکان بۆ زمانی کوردی و نوسینەوەی بەیاننامەکان بەزمانی عەرەبی و بڵاوکردنەوه و داڕشتنەوەیان.
ئاشکراکردنی چەند نمونەیەک لەتاوانەکانی وەفیق سامەڕائی
لەخوارەوە نمونەیەک له و تاوانانەی وەفیق سامەڕائی کە لەکاتی خۆیدا بڵاومانکردەوە دەخەمە بەردەستتان:
بەناوی خوای گەوره و میهرەبانەوە ئیفادە من ڕائیدی پیادە عەبدولستار حوسێن عەبود ئەلحمیرییە کە لەفرقەی (28) دانراوم سەر بەلیوای پیادە (705)ی فەیلەقی یەکەم، بەوپێیەی کە وەکیلی ئامر فەوجی یەکەم و ئەفسەری پەیوەندیی بەکەرتەکانەوە بووم، بەڵێندەدەم لەبەردەم دادگای نێودەوڵەتی بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی جەنگ و قەڵاچۆکردنی ڕەگەزیی مرۆڤ ئامادەبم بۆ ئیفادەدانم، چونکە من شایەتحاڵی پرۆسەکانی لەناوبردن و کوشتن و وێرانکردن بوم لەشاری هەڵەبجه و لەکردەوەکانی ئەنفال و ئامادەشم بۆ زانیاریدان و بەناوەکانەوە لەبارەی ئه و تاوانانەوە.
ئیفادە پلە: ڕائید(پیادە).
ناو: عەبدولستار حوسێن عەبود ئەلحمیری.
پۆست: وەکیلی ئامر فەوجی یەکەمی ئەفسەری پەیوەندیی کەرتەکان.
یەکە: لیوای (707) فرقەی (28) فەیلەقی یەکەم.
دەمانەوێت تەواوی ئه و زانیارییانەی کە تایبەتن بەتاوانەکانی لیوای ڕوکن وەفیق سامەڕاییەوە ڕابگەیەنین:
لەساڵی (1990) وەکو بەرپرسی لیژنه و هۆبەی لێکۆڵینەوەی ورد دامەزراوه و کاتێکیش ڕاپەڕین کراوە، سەدام فەرمانی پێکهێنانی (لیژنەی ئیعدامات)ی لەناوچەکانی باکور بەسەرۆکایەتی لیوای ڕوکن وەفیق سامەڕایی داوە، ئه و لیژنەیە ژمارەیەک ئەفسەری ئیستخباراتی لەخۆگرتبوو لەوانەش عەمید مەروان خزەیر کازم که ناوبراو بەفەرمانی وەفیق سامەڕایی ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیانی کوردی لەئافرەت و منداڵ هێناوە کە ژمارەیان زیاتر لە(450) کەس بوه و لەمەعسکەری خالید ئیعدامکراون و بۆ شاردنەوەی ئه و گۆڕە بەکۆمەڵەش بارەگای قوتابخانەی کۆشتنکاری مەعسکەری خالیدیان لەسەر بونیادناوە.
لەدوای دەرچونی سوپای عێراقی لەکوەیت ئەرکی بەڕێوەبەرایەتی ئیستخباراتی عەسکەری بەلیوای ڕوکن وەفیق سامەڕایی سپێردرا لەجێگەی بەڕێوەبەری پێشوو (تەڵعەت نوری)، یەکەم کردەوەش کە وەفیق سامەڕایی ئەنجامیدا گومانکردن بوو لەسەرکردە عەسکەرییەکان لەوانەش لیوای ڕوکن (عیسمەت سابر) سەرۆکی ئەرکانی کردەوەکانی کەنداوی عەرەبی و بەهۆی ئه و ڕاپۆرتانەش کە سامەڕایی لەسەری نوسیوه و بۆ سەدامی بەرزکردۆتەوە، لیوا ڕوکن عیسمەت سابر ئیعدامکراو کۆمەڵێک ئەفسەری دیکەش دەستگیرکران لەوانەش لیوای ڕوکنی ئەوکات کامل ساجت ئەلجەنابی.
لەبارەی ڕاپەڕینەکەی شارۆچکەی سدەتولهیندییەوە، ئەوا لیوا ڕوکن وەفیق سامەڕایی سرییەی یەکەمی لەسەرکردایەتی هێزەکانی ئەلعابد (حەرەس جمهوری) ئیعدامکرد بەهۆی ئه و گۆمانەی کە لەئامری سرییەکە موقەدەم (عەبدوڵڵا ترکی حتحوت) هەیبوو، بۆیە ئەوو تەواوی سەربازانی سرییەکە ئیعدامکران.
ئیفادەی موستەشارە کوردەکان:
ئیفادەی (م. گ. ش): لەبەراوی (10/6/1988) موختاری گوندی کەندک جەلال لەقەزای #زاخۆ# بەڕائید ئەحمەد حەسەن مستەفا ئەفسەری ئیستخباراتی سەرکردایەتی هێزەکانی عومەر عەبدولعەزیز ڕاگەیاند، (19) هەڵاتوو ئەوانەی کەدەیانەوێت بگەڕێنەوە گۆندەکانیان بەگوێرەی بڕیاری لێبوردنی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشەوە.
ڕائید ئەحمەد حەسەن بەهێزێک کە لەچوار سرییەی مغاویر پێکهاتبوو گەیشتنە گوندەکه و دوای ئەوەی بەفێڵ ئەوانەی لەوە دڵنیاکردەوە کە بڕیاری لێبوردن دەیانگرێتەوە، هەر (19) کەسەکە تەسلیمبون، ڕائید ئەحمەد حەسەن مستەفا ڕێنماییەکانی ئامری مەفرەزی ئیعدام (وەفیق سامەرایی) خوێندەوه و هەر لەوێش ئه و (19) کەسە ئیعدامکران.
ئیفادەی موستەشار (ا.ا. ح. الب): لەسەرەتای قەسابخانەکانی ئەنفالەوە، وەفیق سامەرایی فەرمانیدا بەعەمید محەمەد یاسین ئەلجبوری ئامری هێزی دوەمی لە#تەقتەق# بەوێرانکردنی گوندەکانی سەر بەکۆیه و دەستبەسەرداگرتنی مەڕو ماڵات و کۆکردنەوەی خەڵکانی ئه و گوندانه و گواستنەوەیان بۆ بارەگای سەرکردایەتی فەیلەقی یەکەم، ژمارەی ئه و گوندانەش (20) گوند دەبوون.
ڕائید سلێمان بەڕێوەبەری هۆبەی مەنزومەی باکور لە#هەولێر# (1984-1991) لەنێو ئه و دەستبەسەرانەی ئه و گوندانەوە دەگەڕاو گومانی لەکوێ بکردابوایە دەستگیریدەکردو بەپێی فەرمانەکانی وەفیق سامەراییەوەش یەکسەر حوکمی ئیعدامی بەسەردا جێبەجێدەکرد، بۆیە لەپێش چاوی خەڵکی و بەوجودی منیش، دووکەس ئیعدامکران بەناوی (حاجی جاجی ئاغا، مەعروف ئیسماعیل ڕەزا).
بڵاوکردنەوەی چەندجارەی ئەم ئیفادانە، بەزمانی کوردی و عەرەبی، ویژدانی پارتە کوردیەکانی نەجوڵاند، واداریانی نەکرد بەوەی دەست لەهاوکاریی و پشتیوانی ئه و تۆمەتبارە هەڵبگرن تاکو لەڕێگەی دادگاوە ئەم گومانانە یەکلادەبنەوە.
بۆچی دان بەتاوانەکان نانێن؟
ئەم تاوانانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێیاندا، لەگەڵ ئه و بەتاوانبارکردنەی لەدادگا لەسەر زاری تاوانکارانی ئەنفالەوە ڕاگەیەنران، دەکرێت لەدادگا یەکلابکرێنەوه و خاوەن ئیفادەکان بانگبکرێن بۆ دادگا بۆ ئەوەی شایەدییەکانیان دوبارە پێشکەشبکەنەوە، لەڕاستی و دروستی شایەدییەکانیان بکۆڵرێتەوە، مەرجیش نییە هەموو ئەم ئیفادانە لەدوای لێکۆڵینەوە ڕاست دەرچن، یاخود وەفیق سامەڕائی تاوانباری یەکەم بێت لەئەنجامدانیان و بکەریان بوبێت، وەلێ لەئاکامی لێکۆڵینەوه و دەرکەوتنی ڕاستییەکان کەسانێک دەردەکەون کە لەپشت ئەنجامدانی ئەم تاوانانەوەن، گرنگ ئەوەیە خودی تاوانەکان ئاشکرابکرێن، تاوانبار هەر کێیەکە سزای خۆی وەربگرێت و لەڕێگای دادگاوە تاوانەکان بەدۆکیۆمێنت بکرێن و هیچ کەسیش کێشەی کەسی نە لەگەڵ وەفیق سامەڕائیدا هەیە نە کەسی دی، ئەوەی هەیە تاوانکار نابێت لەسزا ڕزگاری بێت، پێگه و پله و پۆست لەسەردەمی بەعس گوماندەخاتەسەر بەشدارییان لەتاواندا.
ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لەبەرپرسانی سەربازیی و ئەمن و ئیستخبارات و بەعسی، گلاونەتە ئه و تاوانانەی بەرامبەر بەکورد ئەنجامدراون، یەکێک لەوانەی گریمانەی ئەوەی لێدەکرێت ڕۆڵی پێشەنگانەی لەئەنجامدانی ئه و تاوانانەدا هەبوبێت بەحوکمی جێگه و پێگەکەی لەهەرەمی دەسەڵاتداریدا وەفیق سامەڕائییە، بێشک له و پێگە گرنگه و دەسەڵاتیش به و هەموو دڕندەیەوەی هەر گلاوەتە بەشێکیەوە، ئەمە دادگا یەکلای دەکاتەوە، وەلێ تائەوکاتەی بەهەڵاتویی لەبەرامبەر دادگا دەمێنێتەوە ئەوا گومانەکان زۆرن و زیاتر وەک تاوانبار دەرەکەوێت. گەیشتن بەپۆستی باڵای هەستیار بەبێتاوان بەدەست ناهات لەسەردەمی بەعسدا.
سکاڵا تۆمارکردن لەوەفیق سامەڕائی
دیسەمبەری ساڵی 2006 لەسەردانم لەهۆڵەنداوە بۆ کوردستان کە هێشتا لەماندویەتی ڕێگا دورودرێژە 4000 کیلۆمەتریەکە بەئۆتۆمبێل نەحەسابومەوە، ماندویەتی ئه و ڕێگا دورودرێژە دەرنەچوبوو لەجەستەم، لەئاکامی 4 ڕۆژ گەشتی بەردەوامی شەووڕۆژ ڕێکردنی بێ پشوو بەردەوامی ناو ئۆتۆمبێل، لەناکاو زەنگی تەلەفۆنەکەم لێیدا، وتیان ڕاستە بەڕێزت هاتویتەتەوە بۆ کوردستان بۆ بەدادگاییگەیاندنی وەفیق سامەڕائی؟ وەک لەمانشێتی ڕۆژنامەی کوردستان ڕاپۆرتدا نوسراوە، گوایا وەفیق سامەڕائی لەلایەن ئێوەوە دەدرێتە دادگا، پرسیارێک لەناکاو بوو بۆ من و قەت له و لەحزەیە چاوەڕوانیم نەکرد ئاوا بەخێرایی بەره و ڕوی ببمەوە، خۆشم ئامادەنەکردبوو بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری قورسی له و چەشنە، هەرچەندە پێشتر لەکۆبونەوەی ناوەندی چاک لەپاڵتاک ئه و بڕیارەماندابوو منیش ئه و بەڵێنەمدابوو بگەڕێمەوه و جێبەجێی بکەم، بەڵام به و خێراییە نا، لەوەڵامدا بێ دوو دڵی وتم:بەڵێ ڕاستە، هەرچەندە من ئه و ژمارەیەی کوردستان ڕاپۆرتم بەرچاو نەکەوتبوو کە هەواڵەکەی بڵاوکردبوەوە، ئاگام لەبڵاوکردنەوەی ئه و هەواڵە بەهیچ جۆرێک نەبوو کە کاک قادر نادر پێیانی دابوو، چاوەڕوانیشم نەکرد شتی وا به و زوییە بڵاوبکرێتەوە، ئەگەر پرسیان پێمبکردایە نەمدەهێشت، بەتایبەتیش لەمانشێتی ڕۆژنامەیەکەوە ڕابگەیەنرێت، هەواڵەکە زۆر گرانبوو بۆ من و خستمیە بەردەم هەوڵی جدییەوە بۆ بەپراتیککردنی، بۆ هەنگاوی یەکەم دەبوایە پارێزەر پەیدابکرێت، ئەمەش گرانبوو بتوانرێت پارێزەرێک پەیدابکرێت بۆ بەدادگاییگەیاندنی کەسایەتیەک موستەشاری سەرۆک کۆمار بێت، لەوکاتەدا کە ترس زیاتربوو هێشتا مانگی هەنگوینی جەماوەر لەگەڵ ئه و پۆستە لەپۆپەدا بوو، کەس لەپارێزەران ئامادەنەبوون شانبدەنە شانی ئه و کەیسە گەورەیە، بەڕێزێک کە زۆر قسەی گەورە لەبارەی ئەنفالەوە دەکات، پێموت:خەریکی کارێکی وام، وتی:تەداخولی کاری واناکەم و ناوێرم، ئەوکات هێشتا سامی دەسەڵات نەشکابوو، تەنها چەند کەسێکی یاخیبون خۆمان لەقەرەی ئه و شێوە کارانە دەدا، بەپەلە گەڕامەوە هەولێر بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکە.
کاک قادر نادر کە سەرچاوەی مانشێتەکەی ڕۆژنامەی کوردستان ڕاپۆرت و هاندەرو پاڵنەری سەرەکیم بۆ ئەوکارە، وێڕای چالاکوانان وستافی ناوەندی چاک لەدەرەوە کە هەموو بەسەرو ماڵ لەگەڵ ئەوکارانەدابوون زۆریان وتی، کاک گۆڤەند بابان ئامادەیە پارێزەریمان بۆ بکات بەخۆڕایی، بەمشێوەیە توانی پارێزەریش دابین بکات، منیش لەدوای گەڕانەوەم بۆ هەولێر، یەکسەر چوم بۆ لای کاک گۆڤەند کە زۆر ئازایانە هاتە پێشەوه و وەکالەتێکم بۆکردەوە.
نابێت بۆ مێژوو ئەوەشم لەیادبچێت، هاوڕێی خۆشەویستم ڕزگار مام بۆرە لەوکارە وەک هەمیشە تا سەر هاوڕێم بوو، یەک لەحزەش لێم دانەبڕا، تاکو تەواوی کارەکانم ئەنجامدا، ڕزگار نوسین و شتی وای لەبواری جینۆساید نییە، بەڵکە غیرەتی لەبوارەکە هەیە، واتا لەدەرەوە جگە لەتەواوی ڕێکخراوەکەمان چاودێری کوردۆساید بەتایبەتیش قادر نادر لەناوەوەش ڕزگار مام بۆره و کاکە گۆڤەند بابان تاکە پشتیوانم بوون، کەسی دی شانی نەدایەبەر، له و ڕۆژگارە کارەکە مەترسیدارو قورس بوو، هەرچەندە ئێستاش قسە زۆرە، بەڵام پشتدانەبەر کاری وا بەتایبەت دادگایی تاوانباران هەر نییە یان زۆرکەمە.
کەس هەقی خۆی نەسەند
لەگەڵ ڕزگار مام بۆرەدا لەبازاڕەوە چوین بۆسەر ڕێی کۆیە بۆ فەرمانگەی دادنوسی دوەمی هەولێر، شۆفێری تاکسیەکە کرێی ڕێگاکەی لێمان نەسەند، وتی دەتناسم و دەستخۆش بۆ قسەکانت هەموجارێک لەتەلەفزیۆنەوە دەیانکەیت، چوینە لای عەریزەنوس هەقی دەستیان نەسەند وتی:سەربەرزم بەنوسینی ئەم عەریزەیە، خاوەن فۆتۆکۆپی بەهەمانشێوە وتی:لەئاست ئەمکارە گەورەیە چۆن پارە وەردەگرم، ڕێمان دەکەوتە لای هەرکێیەک بۆ تەواوکردنی کارەکە، هەمووی دەرگای دڵیان بۆمان دەخستەسەر گازی پشت و کارەکەیان بێبەرامبەر بەخۆڕایی ئەنجامدەدا، هەموو لەئێمە گەرمتر بوون بۆ دۆزەکه و بەپەرۆشتربون بۆ ئەنجامدانی کارەکە، هەڵوێستەکانیان هێز بەخشین بوو بۆمان.
ڕۆژی 6-12-2006 کاتژمێر 10,37 خولەک لەدادگای هەولێرو کابینەی عەریزەنوسی و فۆتۆکۆپیەکانەوە سکاڵامان نووسی، بەهەمانشێوەی ئەوانی پێشووتر تایپێست و خاوەن کۆپیەکە بێبەرامبەر ئەنجامیاندا.
عەریزەیەکی سادە.. بەڵام کاریگەر
هیچکات دەستکەوتەکانی بواری جیۆساید بەپارە بەدەستنەهاتون، بوێریی و دڵسۆزیی کاری خۆیانکردوە، وەک لەخوارەوە دەیبینن عەریزەیەکی تاکو بڵێی سادە، وەلێ کاریگەر، عەریزەیەک لەدەرگایەکی بەرینەوە چوە مێژوی دادگایی تاوانبارانەوە، بۆ هەتاهەتایە سکاڵا لێکراوی خستە ڕیزی تاوانبارانەوە، دوای مردنی چوە ڕیزی ئەوانەی بەتاوانی جینۆساید تۆمەتبارن، بەپێی وتەی حوسێن تکریتی، وەفیق سامەڕائی خاوەن بیرۆکەی ئۆپەراسیۆنی ئەنفال کە کەمال ساجت دواجار ناوی ئەنفالی بەدناوی لێنا، دیارە ناوبراو لەکوشتنی تاوانبار کەمال ساجتیش گومان لەسەری هەیە:
چون بۆ دادگا
چەند خولەکێک لەکاتژمێر 12ی نیوەڕۆ لایداوە، لەترسی تەواوبونی دەوام لەگەڵ ڕزگار مام بۆرە بەپەلە تاکسیەکمان گرت و سکاڵاکەمان برد بۆ نوسینگەی هەولێری دادگای باڵای تاوانەکان، لەوێندەرێ سکاڵانامەکەیان زۆر بەساردو سڕی و سادەیی لێمان وەرگرت، لەکارەکە کەوتمە گومانەوە، لەدڵی خۆمدا وتم: ئایا بەم سادەییە سکاڵا لەسەر کەسایەتیەکی وا کاریگەرو گەورە دەکرێت؟، به و بەڕێزەی سکاڵاکەی لێم وەرگرت وتم: پارچە کاغەزێکم بدەنێ لەبەرامبەر ئەم سکاڵایەی تۆمارمکردوە، بۆ ئەوەی بینێرمەوە بۆ هاوڕێکانم لەڕێکخراوەکەمان، چونکە من نوێنەری ئەوانم، ئه و بەڕێزەی سکاڵانامەکەی لێموەرگرت وتی: بەسەرچاو، خەمت نەبێت دەیگەیەنینە جێگەی خۆی، ئەم پارچە کاغەزۆکە بچوکەی خوارەوەشی پێدام کە بینیم یەکجاری متمانەم نەما:
لێ ئێستا 6-12-2006 کاتژمێر 12,43 خولەکه و بەفەرمی سکاڵا لەئەندازیاری ئەنفال وەفیق سامەڕائی تۆمارکراوە، دادگا ڕەوتی ئاسایی خۆی وەرگرتووە.
دەرکردنی بەیاننامە
لەدوای گەڕانەوەم لەکوردستانەوە بۆ هۆڵەندا، ناوەندی چاک بەیاننامەیەکی لەسەر ئەم سکاڵایە بەهەردوو زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردەوە کە کاک هیشام ئاکرەیی بەلێزانی خۆی نوسی، خۆشبەختانە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی لەندەنی و الیومی سعودی، ڕۆژی دواتر بەیاننامە عەرەبیەکەیان بڵاوکردەوە، هاوکات منیش چەندینجار پەیوەندیمکرد بەدادگای باڵای تاوانەکانەوە ڕایانگەیاند سکاڵاکەمان گەیشتووەتە شوێنی مەبەست.
تۆمەتباری ژمارە 1
حوسێن ڕەشید کە جێگیری سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراقی بوو بایی ئەوەندە زانیاریی هەیە کە کێ خاوەن بیرۆکەی تاوانە گەورەکەیە کە دواتر ناوی لێنرا ئەنفال، وەلێ بەهۆی نزیکی لەدەزگا سیخوڕییەکانەوە پاکیانکردەوە لەتۆمەت، بەوتەی حوسێن تکریتی وەفیق سامەڕائی ڕۆڵی هاینیش هیملەری گێڕا لەپلانی دوا چارەسەری هۆلۆکۆست بۆ ئەنفال، کەچی دواتر هەر بەدەنگی ئەنفالکراوان گەیشتە بەرزترین پۆست، بردیانە کۆشکی سەلام، کۆشکی سەلام دەبێت چەند جەلادی دیکەی تێدا بوبێت؟؟؟.
کاتێک دادگای باڵای تاوانەکان بڕیاری دادگای لەسەر تاوانباران خوێندەوە، لیستی بانگکراوان بەوەفیق سامەڕائی دەستیپێکرد، ئەمەش دەربڕی ئەوەبوو، سکاڵای هەموو هاوڵاتیەک لەبەرامبەر هەر دەسەڵاتدارێک چەندە بەرزبێت شوێن خۆی دەگرێت، ئەگەر دادگاکە کەمێک جدی بێت.
لەدوای ئەوەی وەفیق سامەڕائی ناوی لەڕیزی لیستی تاوانکاران وەک تۆمەتباری ڕیزبەندی 1 هاتەوە، لەترسان لەعێراق هەڵات و پۆستە باڵاکەی بەجێهێشت، لەسەرەتادا لەهەموو بۆنه و دانیشتن و چاوپێکەوتنەکان بزربوو، لەژیانی سیاسی ئەم وڵاتە فڕێدرایە دەرەوە، شوێنی ژیانی خۆی گۆڕی، بەڵام دوایی کە بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکان کاری پێنەکرا، ئەویش وردە وردە هاتەوەسەرخەت و لەڕاگەیاندنەکان دەرکەوتەوە، دواتر لەدادگاییەکی ڕوکەش و لەپێشدا بەڵێن پێدراودا لەڕێکەوتی #06-03-2008# بێتاوانیان کرد لەتاوانەکانی، لێ تازە بۆ هەتا هەتایە تارمایی ئەنفالکراوان بەسەر سەرییەوە دەبن وەک تاوانباری جینۆساید چوە مێژوەوە.
لەکۆتاییدا ماوەتەوە بڵێم هەموو ئەوکارانەی کردمان وەک ئەندامی ڕێکخراوێک پێی هەڵساین، هەموو ئەندامانی ئەوکات خاوەن دۆسیەکەن.[1]