#فەلەکناس ئۆجا# کە پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان- #هەدەپە#یە ڕایدەگەیەنێت، #ئەردۆغان# و ئەکەپەو مەهەپە دەیانەوێت نەک تورکیا بەڵکو جیهانێکی بێ کوردیش هەبێت، بەڵام ئەوان ناتوانن بە فشار و دەستگیرکردن و ئەشکەنجە دان کورد بێدەنگ بکەن و کورد بسڕنەوە.
فەلەکناس ئۆجا پەرلەمانتاری هەدەپە لەپەرلەمانی تورکیا لەلێدوانێکی تایبەتدا بەشارپرێسی ڕاگەیاند لە تورکیا دادپەروەری و یاساکان تەنها وشەیەکەو لەسەر پەڕە نوسراوە، یاساکان هەموو بۆ خزمەتی ئەکەپە جێبەجێ دەکرێت، ئەوەی بۆ ئەوان باشە یاساییە و ئەوەی بۆ ئەوان خراپە دژە یاسایە، بۆیە بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە بە هەزاران ئەندام و سەرکردەو پەرلەمانتاری ئێمە زیندانیکراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، هاوسەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانییەکان و فەرمانبەرو کارمەندەکانی کورد لە فەرمانگەکانی دەوڵەت جگە لە لابردن و دوورخستنەوەیان سزای ناڕەوایان بەسەردا سەپێنراوە، هەموو ئەمانەش ئەکەپە بۆ مانەوەی خۆی دەکات کە دەزانێت ئێستا لەبەردەم چارەنوسی لەناوچووندایە.
سەبارەت بە فشارو هێرشەکانی حکومەتی تورکیا بۆ سەر کورد لە تورکیاو بەتایبەت هەدەپە فەلەکناس ئۆجا دەڵێت ئێمە ئەم فشارو هەنگاوانە بەرامبەر بە تەڤگەرەکەمان و گەلی کورد وەک ڕێگریکردن لە هەڵوەشانەوە و لەناوچوونی ئاکەپە دەبینن، بە واتای پەردەپۆشکردنی سەرنەکەوتنی سیاسەتی دەرەوە و هاوسەنگکردنی سیاسەتی ناوخۆیی و هەوڵی بەدەستخستنی دەنگی ڕەگەزپەرەستەکان دێت، ڕۆژ بەرۆژ لایەنگرو جەماوەر لەدەست دەدات، لەم هەڵبژادنەی لەبەر دەممانە ئەمە بەچاوی خۆمان دەبینین، شکستی ئەردۆغان لە بەڕێوەبەردنی دەوڵەت بە واتای لەناوچوونە.
لەبارەی بێدەنگی شەقامی کورد لە باکوری کوردستان ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە ڕەتیدەکاتەوە کە گەلی کورد بێدەنگ بێت و پێیوایە کە ڕۆژانە چالاکی و دەنگ بەرزکردنەوە بەرامبەر دەوڵەت بەردەوامە، بەڵام دەشڵێت ئەمە ناکرێت ناوی بنرێت بێدەنگی، ئەمە بێدەنگ بوون نییە، بەڵکو بە زیندان و ئەشکەنجە گەل بێدەنگ کراوە، ئەوەی هەڵوێستی خۆی دەرببرێت ڕوانەی زیندان دەکرێت و ئیدی نایەتە دەر، لەبەرامبەر دۆخێکی ئاوادا توڕەیی گەل زیاتر دەبێت.
هەروەها پەرلەمانتارەکەی هەدەپە باس لەوە دەکات لەئێستادا کە گەلی کورد لە باکوری کوردستان لەژێر قورسترین فشارو چەوساندنەوەی خۆی دایە، بەڵام دەبێت هەموو کەس ئەوە بزانێت کە دەوڵەتی تورک فشارو ئەشکەنجەیەکی زۆری خستووەتە سەر باکوری کوردستان، ئەمە هەر وا بەردەوام نابێت، گەلی کورد بەهێزەو خاوەن ئیرادەیەکی بەهێزە، ئەوانەی لە دەرەوەن هێزو ئیرادە لەوانەی ناو زیندانەکان وەردەگرن گەل ناڕەزایەتی خۆی لەرێگای جۆراو جۆرەوە دەردەبڕێت مەرج نییە ئەو ڕێگایە تەنیا هاتنە سەر شەقام بێت.
لەبارەی پەرتەوازەیی سەرکردەو لایەنە کوردییەکانی چوار پارچەی کوردستان فەلەکناس ئۆجا ئەوەی خستەڕوو، ئێستا گەلی کورد پێویستی بە یەکێتی نەتەوەیی هەیە چیتر دروستکردنی ئەم یەکێتییە نابێت دوابخرێت، هەمیشە یەکێتی نەتەوەیی لە باکورەوە دروست بووەو ئێستاش دەبێت کار بۆ ئەوە بکرێت، ناکرێت هیچ کەسێک خۆی لە دروستبوونی یەکێتی نەتەوەیی بدزێتەوە، باشترین چارەسەر بۆ گەلی کورد بەستنی کۆنگرەی نەتەوەییە کە نەخشەرێگایەک بۆ پاشەرۆژی خۆی دابنێت.
لەبارەی وتەکانی ئەردۆغانەوە کە ڕایگەیاند بوو ئەوان دژی برا کوردەکان نین، بەڵکو دژی پەکەکەو پەیەدەن فەلەکناس ئۆجا دەڵێت ئەکەپەو ئەردۆغان سیاسەتێکی دژە کورد بەڕێوە دەبەن دەیانەوێت جیهانێکی بێ کورد دروست بکەن تا خۆیان ئازادانە بژین و بەدڵی خۆیان کەسانی تر بکوژن، ئەوان مافی ژیان بە کوردو هیچ پێکهاتیەکی تر ڕەوا نابینن، ئەوان دژی هەموو کوردن، خۆ هەموو کورد پەکەکەو پەیەدە نییە ئەو جوتیارانەی لە گوندەکاندان کاری جوتیاری دەکەن خۆ پەکەکەو پەیەدە نین، ئەردۆغان ناتوانێت سیاسەتی دژە کورد بشارێتەوە.
هەروەها پەرلەمانتارەکەی هەدەپە باش دەزانن کە ناتوانن بە گوشار و دەستگیرکردن و ئەشکەنجە دان کورد بێدەنگ بکەن، خەباتی هەدەپە هیچ کات لەدژی فشارو هێرش و ئەشکەنجەکان بێدەنگ نابن و لە بەرخۆدانی خۆیان بەدرەوام دەبن، هەدەپەییەکان شکستیان بە هەموو پیلانێک هێناوە، ئیدی زیندان و ڕاونان فریای ئاکەپەو ئەردۆغان ناکەوێت.
لەبارەی کۆنگرەی هەدەپەوە و گۆڕانکاری لەو پارتەدا پەرلەمانتارەکەی هەدەپە ڕایگەیاند، ئەم کۆنگرەیە نیشانەی هێزی مانەوەو بڕیاردانی پارتەکەمانە، ئیرادەو هێزی ئێمە دەسەلمێنێت، هیچ هێزێک ناتوانێ ئیرادەمان لاوازیش بکات، لە قورسترین ساتەکاندا پارتەکەمان نوێ دەکەینەوەو بەهێزتری دەکەین، ئەم کۆنگرەیە بۆ بەهێزکردن و بەخشینەوەی هێزی بەرنگاری بوو بەرامبەر دەوڵەت، هەرچیەکیان کرد هەدەپە نەکەوت و ناکەوێت، هەرگیز بێدەنگ نەبووین و بێدەنگیش نابین.[1]